کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پشتگیریی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
19-11-2019
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پشتگیریی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات!
لە دوای ئەوەی لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو (ڕێکەوتی ١٥ی نۆڤامبری ٢٠١٩)، نرخی بەنزین لە ئێراندا بۆ سێ هێندەی پێشوو واتە لە هەزار تمەنەوە بۆ سێ هەزار تمەن بەرز بۆوە، ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی جەماوەریی لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران بە گشتیی لە دژی ئەو بڕیارەی ڕێژیم بەڕێوە چوو.
دوابەدوای ئەوەش ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیی هێزە بەکرێگیراوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خستنە گەڕ و لە ڕێی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی و زەبروزەنگەوە دەستی کرد بە کوشتن و گرتنی خەڵکی ناڕازی کە بە گوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تا ئێستا زیاتر لە سەد کەس گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی نادیارییش لە خەڵک بریندار کراون. هاوکات ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانیش دەسبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای داوای یەکگرتنی هەموو هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەریینی سیاسیی و جەماوەریی بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆماری ئیسلامییدا، پشتگیریی لە خەڵکی ڕاپەڕیو و وەزاڵەهاتوو لە ڕێژیمی گەندەڵ و جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی، بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتیی دەکات. هاوکات داوا لە هەموو وڵاتانی دێموکرات و لە سەرجەم ئازادییخوازنی جیهان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە هەر شێوەیەک کە لە دەستیان دێت، پشتگیریی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن بۆ کۆتاییهینان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕەخساندنی بارودۆخێک کە تێیدا گەلی کورد و هەموو گەلانی نیشتەجێی ئێران بڕیار لەسەر چارەنووس و سیستەمی بەرێوەبەریی خۆیان بدەن.
سەرکەوێت ڕاپەڕیینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٨/١١/٢٠١٩