ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی غرووری کۆماری ئیسلامی شکاند!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
7-1-2020

ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی غرووری کۆماری ئیسلامی شکاند!
ماوەیەکی زۆر بوو قاسم سولەیمانی وەک کارەکتەرێکی دیار سەرکردایەتی سەرکوتکردن و شەڕکردنی لە گەڵ نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانی گرتبۆ ئەستۆ. ئەو کە فەرماندەی سووپای قودس بوو، وای لێهاتبوو کە کۆنترۆڵ کردنی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئاسان نەبوو، بەردەوام لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە وڵاتیکەوە بۆ وڵاتێک یتر دەچوو و پشتیوانیی ماددی و مەعنەویی دەگەیاندە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی و هاوکات بە ڕقەوە پیلانی بۆ لەباربردنی بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان دا دەڕشت.
کۆماری ئیسلامی لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی لە هەموو لایەکەوە ئاسانکاری بۆ قاسم سولەیمانی دەکرد و ناوبراو بۆ هەر کارێک زۆر دەست کراوە بوو. هەر بە فەرمانی ئەو لانیکەم سەدان کەس کوژران و زۆر کەسایەتی سیاسیش تیرۆر کران.
کۆماری ئیسلامی بە هۆی پەروەردە کردنی چەندین کەسی وەک قاسم سولەیمانی لە ناوخۆی ئێران و وڵاتانی دەوروبەر لە خۆڕازییانە هەڕشەی لە جودابیران و وڵاتانی دژبەری خۆی دەکرد. ڕەوتی رووداوەکان وا نیشان دەدەن لە سەرتای ساڵی ٢٠٢٠دا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی خەریکی داڕشتنی پیلانیک ببن بە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. بەڵام لە پر گۆڵێکی بە هێزیان لێ کرا و ریسەکەیان لێ
بۆوە بە خوریی کاتێک بەرەبەیانی ٣/١/٢٠٢٠ لە هێرشێکی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی ئەمریکادا بۆ سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی حەشدی شەعبی عێراق لە نزیک فرۆکەخانەی بەغدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبوو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی عێراق و چەند ئەفسەری پلە بەرزی سوپای قودس و حەشدی شەعبی کوژران. ئەو ڕووداوە دەسڵاتدارانی ئێرانی تووشی شۆک کرد کاتێک دیتیان کارەکتەرێکی دیاری پارێزەری کۆمارێ ئیسلامیی و چەندیین هاوکاری نزییکی ئەویان لە دەست دا.
بێگومان ئەو رووداوە سەرتا و دەسپێکی وەرزێکی نوێ دەبێت لە ناوچەکە لە کاتێکدا کە لایەنە دژ بە یەکەکان هەڕەشەی تۆڵە ساندنەوە لە یەکتر دەکەن. هەموو هێزە پاوانخوازەکانیش دەیانەوێت شەڕ لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دوور بخەنەوە و شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ نەیارەکانیان لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکانیان لە سەرحیسابی خەڵکی تر یەکلایی بکەنەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی ماڵوێرانی بۆ خەڵکی هەژاری ئەو ناوچانەی دەبنە مەیدانی شەڕ. هاوکات کاریگەریی ڕاستەوخۆش لە سەر ژیانی خەڵکی کوردستان دا دەنێت. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کاربەدەستانی ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بە هوشیارییەوە هەڵسوکەوت لە گەل رووداوەکان بکەن و لە سەر هەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان هاوهەڵوێست و دووربین و وردبین بن و بە بێ وەرگرتنی گەرەنتی درێژماوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، نەچنە ناو هیچ هاوپەیمانییەتیێکەوە.
سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٤/١/٢٠٢٠