کۆچی دوایی ئەستێرەیەکی گەش و بلیمەتێکی رێبازی پیرۆزی سەربەخۆیی کوردستان

سیروان کاوسی
16-1-2020

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هاوبیری زاناو دڵسۆزی گەورەی بری ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان، مامۆستا جەلال (رامان) حاجیزادە رۆژی دووشەمە 13/1/2020 لە شاری سەردەشت کۆچیدوایی کرد. پرسەوسەرەخۆشیم ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی و هاوبیر سیروان رێناس و هەموو هاوبیرانی بیری پیرۆزی سەربەخۆیی کوردستان دەکەم لەم دۆخە هەستیارەی ئیمڕۆکەی کوردستان بەگشتی و رۆژهەلاتی کوردستان بەتایبەتیی، لەدەسدانی مامۆستا جەلال کارەساتێکی گەورەیە و نەتەوەی کورد زانا و نیشتمانپەروەرێکی گەورەی لەدەسچوو.

ناسینی من لەگەڵ مامۆستا جەلال دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006ی زاینیی، کە لە شاری سەردەشتەوە پێوەندیی گرت و لایەنگیریی خۆی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی و بوو بە ئەندامی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان. دوای چەن رۆژێکیش فۆرمی ئەندامەتی خۆی نارد بۆم. ئەوەی کە کاک جەلالی بە لای منەوە زۆر جیاواز کردبوو و پێی سەرسام بووم, بوێری و ئازایەتییەکەی بوو. لەکاتێکدا کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی داگیرکەری ئێراندا بوو تا ئەو ڕۆژەی کۆچیدوایی کرد، بە نووسین و بە دیالۆگ، بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازیی بڵاوکردەوە

کاک جەلال لەو سالانەی کە خوێندکاری ماستەری زانستە سیاسییەکان بوو لە زانستگەی ئەسفەهان. لە بەڕێوەبردنی کۆبووونەوە فیکری و سیاسییەکان، بۆنە نەتەوەییەکان، سەمیناری زانستی و بابەتییانە لەسەر پرسە نەتەوەیییەکان، هەر لە هەڵەبجە و ئەنفال و نەورۆزەوە بگرە هەتا سەمیناری تایبەت لەسەر پرسەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە زانستگە و لە دەرەوەی زانستگە بە هاوکاری ئەنجومەنە مەدەنییەکان، دەوری سەرەکیی هەبوو. چەن جارێک بە هاوکاریی لەگەڵ نیشتمانپەروەری ناسراو، مامۆستا حەسەن سەلاح سۆران، کە مامۆستای زانستگە بوو لە تاران، لەگەڵ چەند خوێندکارێک و مامۆستای دیکەی نیشتمانپەروەر بە دانانی سەمینار و کۆڕوکۆبوونەوە، کاریگەرییەکی زۆریان بوو لەسەر بڵاوکردنەوەی بیروهۆشیاریی نەتەوەیی.

 لە ماوەی چەن ساڵێکدا کاک جەلال جگە لەوەی خوێندنی زانستگەی سەرکەوتوووانە تەواو کرد و، دوکتۆرای لە بەشی زانستە سیاسییەکان وەرگرت.هەروەها چەندین ساڵ بە لێکۆڵینەوەی وردو فەلسەفی و بابەتانەی پرسی کورد و مێژووی و هۆکارەکانی مانەوەی کورد لە بندەستیی ماندوو بوو. لەبواری هزری نەتەوەیی دا بوو بە پسپۆڕ و شارەزا و زانستکارانە لەڕێگەی سەمینار و وتارەکانییەوە بیر و رامانی خۆی پێشکێشی گوێگران و خوێنەران دەکرد. گەلێ وتاری بەزمانی کوردی و فارسی لە سەر هێڵی ئەینتەرنێت، لە ناو گۆڤارە کوردییەکان و گۆڤارە زانستییەکانی ئێرانذا بڵاو کردەوە.

 ئەگەرچی کۆنگرەی نیشتمانیی کوردستان دوای چەن ساڵێک و لەساڵی 2012، هەرەسیپێهێنرا و بە دوورودرێژیی لە پەرتۆکی (زەلکاو) دواوم لەسەری. بەڵام پێوەندیم لەگەڵ زۆرینەی هاوبیرانی نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵات وەک خۆی ماوو کز نەبوو، هۆی ئەمەش بە باوەڕی من، بیروباوەڕی پیرۆزی رزگاریی کوردستان، جیا نییە لە رێز و خۆشەویستیی بۆ هاوبیر و هاوڕێبازەکانت کە خۆبەخشانە و خۆنەویستانە بە کردەوە و بە نووسینی راستبێژانە و دڵسۆزانەیان، بوونە بە چرا و رۆناکیی بۆ گەلەکەیان.

هەزاران سلاو و چەپکەگوڵ پێشکێشی مەزاری بێت.

 سیروان کاوسی

15/1/2020