کۆماری کوردستان، ئیلهامی تێکۆشان و چرای ڕێگەی ئەوڕۆ و داهاتوومانە!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
25-11-2022

 

کۆماری کوردستان، ئیلهامی تێکۆشان و چرای ڕێگەی ئەوڕۆ و داهاتوومانە!

کۆماری کوردستان ٧٤ ساڵ بەر لە ئێستا بە هۆی ڕەخسانی هەلومەرجێکی لەباری ناوخۆیی و دەرکی لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن پێشەوا قازی محەممەد لە ٢ی ڕێبەندانی ٢٦٤٦ی کوردی ڕاگەیەندرا. دامەزرانی ئەو کۆمارە ڕووداوێکی  گرنگ بوو بۆ خەڵکی کوردستان کە لە ماوەیەکی کەمدا کۆمەڵێک دەستکەوتی بەنرخی لە مێژووی کوردستاندا تۆمارکرد. بە داخەوە دوای ١١ مانگ بە هۆی کۆمەڵێک کەم و کۆڕیی ناوخۆیی و گۆڕانکاریی لە بارودۆخی سیاسیی ناودەوڵەتییەوە، هەروەها بە گەلەکۆمەی خۆفرۆشان و ڕێژیمی داگیرکەری پاشایەتیی ئێرانەوە کۆماری کوردستان رووبەرووی کێشەی زۆر کرایەوە. هاوکات لە لایەن زلهێزە بەرژەوەندییپەرستەکانەوە ڕێگا بۆ ڕێژیمی پاشایەتیی ئێران خۆش کرا کە پەلاماری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات و کۆماری تازە دامەزراوی کوردستان بروخێنێت. دوای ئەوە لە سەر دەستی داگیرکەرانی کوردستان، لە دادگایەکی پڕ لە نادادپەروەرییدا نەمر پێشەوا قازی محەممەد و سێ لە هاوڕێیانی بە تاوانی کورد بوون مەحکوم بە ئیعدام کران و لە ٣٠/١/١٩٤٧ زایینی لە مەیدانی چوار چرای مەهاباد لە سێدارە دران.

کۆماری کوردستان بۆ خەڵکی کورستان لە لایەک جێگای شانازییە و لە لایەکی تریش بیروەرییەکی پڕ لە تراژیدیایە و زامێکی قوڵ و بە ئازاری پێکهاتەی نەتەوەییمانە کە ٧٤ ساڵە ساڕێژ نەکراوە. ئاشکرایە تراژیدیای زووجوانەمەرگ بوونی کۆماری کوردستان و ئازاری لێکەوتە تاڵەکانی کاتێک لە هزر و بیری کوردستانییاندا کەم دەبیتەوە کە:

 وانە لە کەم وکۆڕییەکانی کۆماری کوردستان وەربگیرێت، بەکردەوە وەسیەتنامە رامیارییەکەی پێشەوا قازی محەممەد جێبەجێ بکرێت، بەرژەوەندیی نەتەوەیی بخرێتە پێش بەرژەوندیی تاکە کەسیی و حیزبایەتیی، دوور لە خۆپەرستیی و تاکڕەویی و هەڵچوونی کاتیی، لە پێناو ماف و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان خەباتی هاوبەش بەرەوپێش ببرێت و هەمووان لەسەر بەرژەوەندییەکانی کوردستان یەکهەڵوێست بن و تەنیا لە سەر بنەمای زانستیی و بە پێی بەرژەوەندیی و ستراتیژیی نەتەوەیی هەڵسوکەوت لە گەڵ رووداو و پێشهاتەکان بکرێت و هاوپەیمانی لە گەڵ لایەنە کوردستانییەکان پێک بهێندرێت.

لە سەردەمی ئێستادا بۆ ڕێزگرتن لە "دووی ڕێبەندان" پێویستە یادکردنەوەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان هاندەرمان بێت بۆ پێکهێنانی یەکێتیەکی پایەداری نەتەوەیی. لە کاتێکدا کە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دوو هەرێمی  خۆبەرێوەبەرییمان هەیە، سەرەڕای هەموو کەم و کۆڕییەکانیان، پێویستە کوردستانیان بە گشتی پاراستنی ئەو دوو ئەزمونە بە ئەرکی سەر شانی  خۆیان بزانن و بەردەوام ڕەخنەی بنیاتنەرانە لەو دوو دەسەڵاتە خۆماڵیە بگرن تا ڕووداوە تاڵ و تراژیدیا پر لە ئازارەکانی کۆماری کوردستان دووبارە نەبنەوە.

سەرکەوێ خەباتی سەربەخۆییخوازانەی خەڵکی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی

٢٢/١/٢٠٢٠ی زاینی