پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی نەورۆزی ٢٧٢٠ ی کوردی

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
21-03-2020

 

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییتان پیرۆز بێت!

بەرز ڕاگرتنی یادی جەژنی نەوڕۆز و بە زیندوویی هێشتنەوەی ڕێوڕەسم و تایبتمەندییەکانی ئەو یادە نەریتێکی کۆنی کوردەوارییە و ئێستا وەک جەژنێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی لە هەموو کوردستانی گەورە و لە ناو گەلێک کۆمەڵ و نەتەوەی تریش بەڕێوە دەچێت. ئێمەش لەو یادە نیشتمانییەدا پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان بەگشتیی و لە هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە ڕێز لە نەورۆز و مافەکانی خەڵکی کوردستان دەگرن. لەجەژنی نەوڕۆزدا، وێڕای دانواندنی سەری ڕێز لە بەرامبەر هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ڕزگاریی وئازادیی کوردستان، ڕێزی زۆر و سڵاوی گەرممان ئاڕاستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی دەکەین. دەستی ماندووی تێکڕای ئەو خەباتکارانە دەکوشێن کە لە پێناو ڕزگاریی و ماف و ئازادیی چەوساوەکان تێ دەکۆشن.  

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان

نەورۆزی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردیی لەکاتێکدا دەست پێ دەکات کە جیهان بە گشتیی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتیی بۆ چەند مانگێکە کەوتوونەتە بەر مەترسیی پەتایەکی کوشندە بە ناوی کۆرۆنا (کوڤیک ١٩) . ئەم پەتایە کە تا ئێستا بەداخەوە لە زۆر وڵات بڵاو بۆتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوشتووە و ژمارەیەکی زۆر زیاترییشی نەخۆش کردووە. وەک تا ئێستا دەر کەوتووە ئەم پەتایە  زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە وخۆپاراستن لێی پێویستیی بە ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنیی زۆر و هەموو ڕێکارەکانی تەندرووستییە.

بەم پێیە کە خەڵکی کوردستان لە لایەک بە هۆی ژێردەستەیی داگیرکەرانەوە بێجگە لە پێشێلکران و زەوتکرنی ماف و ئازادییەکانیان، بە دەست گەلێک  گرفتی وەک هەڵاواردن و بێکاریی و بێ ئیمکاناتییەوە دەچەوسێنەوە، لە لایەکی تر بەهۆی ئەوەی کە داگیرکەرانی کوردستان بە هیچ شێوەیەک گرینگیی بە لەناوبردن و پێش پێ گرتنی ئەم پەتایە لە کوردستان نادەن، بەڵکو پێشیان خۆشە خەڵکێکی زۆر لە کوردستان بەم پەتایە لەناو بچێت، پێویستە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتمانیی، وێڕای خۆپارستن و بەڕێوەبردنی هەموو ڕێکار و ڕێنوێنییەکانی پزیشکیی و پاکوخاوێنی، بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی یەکتر و بەتایبەت هاوکاریی خەڵکی بێ دەرەتان و هەژار بکەن تا لەم قەیرانە بە سەرکەوتوویی تێپەڕن و پارێزراو بن.

هیوامان پاڕێزراویی و سڵامەتیی هەموو ئازادیخوازانە بە گشتیی و هەموو کوردستانییانە بە تایبەتیی.

دووبارە جەژنی نەوڕۆز و ساڵی نوێی کوردیی لە هەمووتان پێرۆز بێت

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردی

٢١/٣/٢٠٢٠ی زاینی