سەبارەت بە ڕادەستکردنەوە و لەسێدارەدانی زیندانیی سیاسیی کورد نەمر مستەفا سەلییمی

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
13-06-2020

 لە بابەت ڕادەستکردنەوە و لەسێدارەدانی نەمر مستەفا سەلییمی

زیندانیی سیاسیی کورد مستەفا سەلیمی کە لە خاکەلێوەی ساڵی ٢٧٠٣ی کوردیی ( ١٣٨٢ی هەتاویی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانووی هاوکاریی و ئەندامێتیی یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ده‌سبه‌سه‌ر كرا، سەرەتا سزای ١٥ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سەپێندرا و پاشان لە بەناو پێداچوونەوەی نادادگاکانی ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامییدا لە شاری سەقز سزای سێداری بەسەردا سەپێندرا.

مستەفای سەلیمی پاش ناڕەزایەتیی زیندانییانی زیندانی سەقز لە حەوتووکانی ڕابردوودا بە بارودۆخی نالەباری زیندان و مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو زینداندا، توانی لەگەڵ زیندانییەکانی تری ئەم زیندانە هەڵ بێن. ناوبراو بە وتەی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانیی خۆی بگەیەنێتە شارۆچکەی پێنجوێنی باشوواری کوردستان بەڵام بەداخەوە لە لایەن چەند کەسێکی بەناو ئاساییشی هەرێمی کوردستان لەم ناوچەیە ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کرایەوە و سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردیی، حوکمی سیدارەکەی لە زیندانی سەقز لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کرا.

ئەوەی لە هەموومان ئاشکرایە ئەم خەیانەتانە بەداخەوە لە لایەن داردەستانی داگیرکەران  بەتایبەتییش لە باشوور تازەییان نییە و لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوو چەندیین جار خەباتکارانی بەشەکانی تری کوردستان، بەتایبەتییش خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەستی ڕێژییمەکانی شای ئێران و کۆماری ئیسلامیی کراونەتەوە و بەرپرسانی حیزبیی و حکوومیی باشووری کوردستانیش هیچ کات خۆیان لەم جینایەتانە بە بەرپرس نەزانیوە و وەڵامدەر نەبوونە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامیی، سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و کەسوکاری نەمر مستەفا سەلیمی دەکات و خۆی لە خەم و ئازارەکانییاندا بە هاوبەش دەزانێت. هاوکات ڕادەستکرانەوەی ئەم خەباتکارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئاسایشی پێنجوێن بە توندیی شەرمەزار دەکات و داواکارە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لەم کارەدا بەشدار نەبووە،  لێکۆڵیینەوەیەکی ڕاستەقیینە لەم بابەتە بکات و بکەرانی بە تاوانی خیانەتی نیشتمانیی دادگایی بکات و لە بەرچاوی خەڵکی کوردستان سزا بدرێن و ڕسوا بکرێن.

سەرکەوی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردی