کوشتن و لەسێدارەدانی ئازادیخوازانی گەلانی بندەست لە ئێران مەحکووم دەکەین

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-10-27

 

 ئازادییخوازان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ

 خەڵکی ڕزگارییخوازی کوردستان

 

هەموو مێژووی ٣٤ ساڵەی ڕژیمی کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران، بێجگە لە وێرانیی ئەم وڵاتە و سەرکوت و شکەنجە و کوشتاری ئازادییخوازان، بەتایبەتی ئازادییخوازانی گەلانی بندەست، هیچ ئاکام و بەرهەمێکی باش و هیچ پێشکەوتنێکی بۆ خەڵکانی نیشتەجێی ئەم وڵاتە تێدا نەبووە.

لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامییدا بە هەزاران زیندانیی لەم وڵاتە، بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دادگایی کراون و سزای سێدارەیان لەسەر جێبەجێ کراوە و بە هەزارانی تریش لە دەرەوەی زیندانەکان، بە بیانوو و شێوازی جۆراوجۆر کوژراون. ئەم کوشتار و خوێنڕشتنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت دەرهەق بە گەلانی زۆرلێکراوی کورد و بەلووچ، بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو، زۆر بەرچاوتر بووە.

مێژووی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕاستییەی سەلماندووە کە گۆڕانی دەوڵەتەکان و مۆرەکانی دەسەڵات لەم ڕژیمەدا، بێجگەلە وادە و بەڵێنیی بەتاڵی سەرانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان، هیچ دەرەنجامێکی ئەرێنیی لێ نەکەوتۆتەوە و ئەمەش دەرخەری ئەم ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو ڕنگ و ڕووەکانییەوە، سیستەمێکی سەرەڕۆ و چاکسازیی هەڵنەگرە و ئامادە نییە واز لەم خوێڕێژییە بێنێت کە لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەر کارییەوە فرچکی پێوە گرتووە.

دوای هاتنەسەرکاری حەسەن ڕووحانی و وادەو بەڵێنەکانی بە خەڵک لە بابەت ئازادی و نەهێشتنی چەوساندنەوە و نایەکسانی لە نێوان گەلان لە ئێران، ماشێنی سەرکوت و کوشتار لەم وڵاتە نەک هەر لەکار نەکەوتووە، بەڵکو زۆر زیاتر لە جاران و تەنانەت بە کۆمەڵ ئازییخوازانی نەتەوە بندەستەکان، بەتایبەت ئازادییخوازنی کورد و بەلووچی لە سێدارە داوە. لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا چەندین جار زیندانییانی کورد و بەلووچ  بە کۆمەڵ لەسێدارە دراون و لە دوایین شەپۆلەکانی ئەم کوشتار و ستەمکارییەشدا، لە ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵورەی ١٣٩٢ی هەتاوی، (٢٦/١٠/٢٠١٣)، دوو هەڵسووڕاوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا گوڵپەرییپوور و ڕەزا ئیسماعیلی، بە بیانووی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە زیندانەکانی ورمێ و سەڵماس لەسێدارە دران. هاوکات ١٦ زیندانیی بەلووچ لە زیندانی ناوەندیی زاهێدان لە سێدارە دران.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کە دژی هەموو جۆرە سزایەکی کوشتنین، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کوشتارە سیستماتیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەموو ئازادیخوازان و لایەنگرانی مافی سەربەستیی گەلان داواکارین کە لە ئاست ئەم ستەمکارییەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوەیەک کە لەدەستیان دێت، بۆ وەستاندنی ماشێنی کوشتار و سێدارەی ئیسلامیی ئێران هەوڵ بدەن.

 

نا بۆ هەموو جۆرە شکەنجە، کوشتن و سێدارەیەک!

بەڵێ بۆ ئازادی، سەربەستی و یەکسانیی گەلان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٥ی خەزەڵورەی ١٣٩٢ی هەتاوی

 (٢٧/١٠/٢٠١٣)