یاد و ناو و شوێنپەنجە و هزری مامۆستا جەلال مەلەکشا لە دڵی کوردستانییاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە !

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
01-11-2020

یاد و ناو و شوێنپەنجە و هزری مامۆستا جەلال مەلەکشا لە دڵی کوردستانییاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە !

زۆر بەداخەوە ڕۆژی ڕابردوو ١٠ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٠ی کوردیی، هۆزانی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا جەلال مەلەکشا لە تەمەنی ٦٩ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد. نەمر جەلال مەلەکشا لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی مەلەکشا لە نزییک شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. مامۆستا مەلەکشا هەر لە سەردەمی گەنجییەوە حەزی لە خوێندنەوە و فێربوون و گەشەکردن بووە و لەو کاتەوە دەستی بە نووسینی هۆنراوە و بابەت بە دوو زمانی کوردی و فارسیی کردووە. مامۆستا لە ماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کاری کردووە و بە هزر و پێنووسە ڕەنگیینەکەی و هەستە ناسکەکەی و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکەی خزمەتێکی بەرچاوی بە ئەدەبیاتی کوردیی و هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد و بڵاوکردنەوەی هزری سەربەخۆییخوازیی و یەکسانییخوازیی لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا کردووە. مامۆستا مەلەکشا کۆمەڵێک هۆنراوە و بەرهەمی زۆر بەپێز و بەنرخی لەدوای خۆی جێ هێشتووە و ئەدەبیاتی کوردیی زۆر دەوڵەمندتر کردوە کە بێگومان ئەدیبانی کورد بەتایبەتیی و خەڵکی کوردستان بە گشتیی نرخی ئەم بەرهەمانەی دەزانن.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کۆچی دوایی مامۆستای نەمر جەلال مەلەکشا بە خەسارێک بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتیی و بۆ زمان و ئەدەبیاتی کوردیی بەتایبەت دەزانێت و بۆم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و کەسوکاری نەمریان و هەروەها لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات.

یاد و ناوی مامۆستا جەلال مەلەکشا هەر دەم لە دڵی کوردستانییاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١١ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٠ی کوردیی

١/١١/٢٠٢٠ی زایینی