هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبەی فەللاحی ماڵئاوایی لە ژیان کرد

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
16-02-2021

کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە لە ڕێکەوتی ١٦/٢/٢٠٢١ی زایینی هاوڕێ عەبدوڵڵای فەللاحی ناسراو بە کاک عەبە (کاردۆخ)، یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامانی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە بریتانیا لە تەمەنی ٦٧ ساڵییدا بەهۆی نەخۆشییەوەماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە بەجێی هێشتین.

کۆچی نابەوەختی هاوڕێ عەبە زیانێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و سەرجەم بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەلەکەمان.

هاوڕێ عەبەی فەللاحی له هەڕەتی تازەلاوییەوه دەستی بە خەباتی سیاسی کرد و تا لەژیاندا بوو ڕێبوارێکی ماندویینەناسی خەبات بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکسان بوو. هاوڕێ عەبەی فەللاحی ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە شاری سەقز چاوی بە دنیا هەڵێنا و لە زانکۆی پۆلیتێکنیکی تاران بۆ ئەندازیاریی ڕێگاوبان دەیخوێند. کاک عەبە لە تاران یەکێک چالاکانی سیاسی بزووتنەوەی خوێندکاران بوو، بۆیە ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی له لایەن ڕژیمی پاشایەتیی ئێرانەوە گیرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کرا.

هاوڕێ عەبەی فەللاحی یەکێک لە ڕابەرانی بەوەج و ڕۆشنبیری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بوو. دوای گیانبەختکردنی مامۆستا سەید ڕەشید حوسینی، کاک عەبە ساڵانێک بەرپرسی یەکەمی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بوو.

هاوڕێ عەبە خاوەن قەڵەمێکی بە بڕشت بوو. لە سەرەتای دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانەوە کۆمەڵێک کتێبی وەرگێرایە سەر زمانی کوردی و لە بواری وێژەی کوردیشدا چالاکێکی بەتوانا و دیار بوو. کاک عەبە یەکێک لە دامەزرێنەرانی بنکەی بووژاندنەوەی فەرهەنگی کوردی بوو، کە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە شاری سەقز دامەزرا.

هاوڕێ عەبە  دوای هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر کوردستان لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانییدا بوێرانە درێژەی بە خەبات دا. دوای کەمڕەنگبوونەوەی خەباتی چەکدارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکچوونی ئاسایشی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، کاک عەبە وەک بەشێکی زۆر لە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچار بوو ڕوو بکاتە ئەورووپا و لەوێ درێژە بە خەباتی سیاسی بدات.

جێی ئاماژەیە کە ساڵی ٢٠١٢ی زاینی کاتێک کۆبوونەوەی گشتیی ئەندامانی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان بە مەبەستی بوژاندنەوە و چالاککردنەوەی کۆمەڵەی یەکسانی بەڕێوەچوو، دەستەی بوژانەوەی کۆمەڵەی یەکسانی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرا، هاوڕێ عەبە نەیتوانی لەم پڕۆسەیەدا بەشداریی بکات، بەڵام وەک ئەندامێکی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان لەسەر کار و خەباتی خۆی هەر بەردەوام بوو.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی کۆچی ناوادەی هاوڕێی نەمر عەبەی فەللاحییەوە سەرەخۆشیی لە خانەوادە و کەسوکار و دۆستانی بەڕێزی کاکە عەبە و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵەی یەکسانیی و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەم و پەژارەیان دەزانێت.

سڵاو بۆ گیانی پاکی هاوڕێ عەبەی نەمر و هەموو گیانبەختکردوانی ڕێبازی یەکسانیی و ڕزگاریی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠

١٨/٢/٢٠٢١