پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجەدا

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
07-03-2021

ئەمڕۆ ساڵیادی یەکێک لە کارەساتبارترین ڕوداوەکانی مێژووی گەلی کوردستانە. ئەمڕۆ ساڵیادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە کە تیایدا ڕژیمی داگیرکەر و فاشیستیی عێراق لە ١٦ی ڕەشەمەی ١٩٨٨دا، زیاتر لە ٥٠٠٠ سیڤیلی کوردستانی بەبەرچاوی دنیای بەناو دێموکراسیەوە لە چرکەساتێکدا کۆکوژ کرد و هەزارانی تریشی بۆ هەمیشە کەمئەندام کرد.

چەند مانگێک پێش کۆتاییهاتنی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سووتاندنی کوردستان لە ئاگری شەڕێکی کۆنەپەرستانەدا و بۆ دەستوەشاندنیش لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەڤەری هەڵەبجەوە و بە هێزێکی پڕچەکی پان و بەرینەوە، بە ڕواڵەت هێرشی کردە سەر سوپای فاشیستیی عێراق و بەم شێوەیە، لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیاردا گەورەترین زەربە لە کوردستان و بزووتنەوەکەی درا.

لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و دەشتی شارەزووردا، تەنها باشووری کوردستان و تەنها خەڵکی سیڤیلی هەڵەبجە زیانمەند نەبوون، بەڵکو لەم بۆردمانە دڕندانەیەدا ٧٢ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ٧٢ پێشمەرگەی گوردانی شوانی کۆمەڵەش لە کاتێکدا کە بۆردومانی شیمیایی شەکەتی کردبوون، کەوتنە بەر هێرشی سوپای کۆماری ئیسلامیی و لە بەرخۆدانێکی قارەمانانەدا گیانیان بەخت کرد.

کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، لایەنە سیاسیەکان

ئاشکرایە کە پڕۆسەی چەند ڕەهەندیی جینۆسایدی کوردستان لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە دەست پێ ناکات و جینۆسایدی وڵاتی ئێمە مێژووێکی زۆر لەوە کۆنتری هەیە. کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و دەرسیم و سەردەشت و قاڕنا و قەڵاتان، تەنها چەند نموونەیەکی بەرچاو و بەرجەستەی جینۆسایدی فیزیکیی خەڵکی کوردستانن. قەدەغەکردنی زمانی کوردی و داسەپاندنی زمانی داگیرکەران و هێرشی مێدیایی و تواندنەوەی فەرهەنگ و کەلەپوور و شوناسی کوردستانیی، دیوێکی تری ئەم جینۆسایدە فرەلایەنەن.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، لە ساڵیای بۆردومانی شیمیای هەڵەبجەدا و وەک هەمیشە، هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بانگەواز دەکەین بۆ یەکێتیی و هاودەنگییەکی کردەیی لە فۆڕمێکی دیاریکراودا لە دژی داگیرکەرانی کوردستان. ئێمە هەمیشە پێمان وابووە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان دەبێ سەنگەری هاوبەشی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بێت لە دژی داگیرکەران و بە هیچ شێوەیەک نابێ ئیدۆلۆژیی و ستراتیژییە جیاوازەکان ببنە بەربەست لەبەردەم ئەو ئەرکە گەورە و گران و هەنووکەییەدا. پاراستنی کوردستان ئەرکی هەنووکەیی هەموومانە.

 

سڵاو لە گیانی پاکی گیانبەختکردوانی هەڵەبجە و گوردانی شوان

نا بۆ جینۆساید، نا بۆ توندوتیژیی و شەڕ و دیکتاتۆریی

بەڵێ بۆ یەکێتیی و یەکڕیزیی و سەربەخۆیی و ئازادی و یەکسانیی

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٦ی ڕەشەمەی ٢٠٢١