پەیامی نەورۆزانەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
21-01-2021
لەیادی جەژنی نەوڕۆزدا، وێڕای ڕێز و سڵاو بۆ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان، زیندانیانی سیاسی، خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری و سەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، پیرۆزبایی جەژنی نەوڕۆز لە هەمووتان دەکەین و هیوای دوا ڕۆژێکی خۆشتان بۆ بەئاوات دەخوازین.
جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لەکاتێکدایە، کە داگیرکەران بەدوای بیانوودا دەگەڕێن کە هەستی شوێنیستی هێزە چەکدارەکانی خۆیانی پێ هان بدەن بۆ پەلاماردانی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی.
لەساڵی ڕابردوودا لە ژێر سێبەری شوومی کۆماری ئیسلامییدا، خەڵکی ئێران، بەتایبەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو تووشی ناخۆشیی لە دوای ناخۆشیی بوونەوە و لەپاڵ سێدارە و شکنجەدا، گرانیی و بێکاری بەشێوەیەکی ئێجگار زۆر پەرەی سەند، بۆیە بەشێکی زۆر لەخەڵکی کوردستان بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان زیاتر لەجاران پەنایان بۆ هەموو جۆرە کارێکی گران و پڕمەترسیی لە چەشنی کۆڵبەریی بردووە و کۆماری ئیسلامییش نەک دارێکی لەسەر بەرد دانەناوە بۆ سووککردنی باری گرانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، بەڵکو بە ڕۆژی ڕووناک و لە نزیکەوە کۆڵبەرانی داوەتە بەر دەستڕێژ بە فیشەک و زیندان و شکنجە وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی داوەتەوە و زیندانەکانی پڕ کردووە لە کەسانی ڕوناکبیر و چالاکانی مەدەنی و خەڵکی ناڕازیی و بێتاوان.
لە باکوری کوردستان هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا بەتاوانی کوردبوون بیانوو بەخەڵکی سڤیل و چالاکوانانی مەدەنی دەگرن، لەکاریان دەردەکەن و دەیانگرن و لە بەندیخانەکان ئازاریان دەدەن. دەستەڵاتدارانی تورکیا تەنها بە سەرکوتکردنی خەڵکی باکوری کوردستان دڵیان ئاو ناخواتەوە و بە بیانوی جۆراوجۆرەوە بەردەوام پەلاماری خەڵکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و دەستکەوتەکانی داوە.
لەعێراق ئەو هێزو لایەنانەی لەپشت پەردەوە دەستەڵات بەڕێوە دەبەن لە بەڵێنەکانی پێشوو پەشیمان بوونەوە، هەر ڕۆژە بە بیانویەک ئاستەنگیی بۆ خەڵکی باشووری کوردستان دروست دەکەن، چاوەڕوانی کاتێکی گونجاو دەکەن پەلاماری کۆی دەستکەوتەکانی خەڵکی باشووری کوردستان بدەن.
دەستەڵاتدارنی سووریا کە پێشتر توانای بەرگری لەخۆ کردنیان نەمابوو، بەڵام بە هاوکاری ڕووسیا و ئێران لە لێواری گۆڕ گەڕیندرانەوە ناو کایەی ڕامیاری، بەوحاڵەشەوە دان بە لانی کەمی مافی ڕەوای خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دانێن، بەڵکۆ لە هەوڵی خۆگیفکردنەوە دان و چاوەڕوانن هەڵێکیان بۆ بڕەخسێ و پەلاماری خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستکەوتەکانیان بدەن.
بەو شێوەیە بە بەرچاوی هەموو دنیاوە ساڵێکیتر بەسەر زوڵم و زۆری داگیرکەران لە خەڵکی کوردستان تێپەری. لە بەرامبەردا ئەزموونی ساڵێکی دیکەی خەبات تێکەڵ بە ئەزموونی چەندین ساڵ تێکۆشان لە پێناو ڕزگاری نیشتمانیمان بوو. پێویستە باشترین وانەی شۆڕشگێڕانە لەو ئەزموونە زۆرەی خەباتکارانی کوردستان فێربین کە چەندین ساڵە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام لە مەیدانی خەباتدا بوون، بەڵام هێشتاش خەڵکی کوردستان ژێردەستەیە و مافەکانی پێشێل دەکرێن. بۆیە لەئێستادا کە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیە، جێگای خۆیەتی بەمەبەستی بنبڕکردن بەدوای ئەو کەموکۆڕیانەدا بگەڕێن کە لەشێوەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا بوونیان هەیە. ئەرکی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانە بە گیانی پیرۆزکردنی نەوڕۆز لە پێناو پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی داگیرکەران تێبکۆشن، خۆیان بە خاوەنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بزانن و هەوڵبدەن بۆ پاراستن و گەشەپێدانیان.
دووبارە جەژنی نەوڕۆز و سەری ساڵی تازە لە هەمووان پێرۆز بێت.
هیوادارین ساڵی ٢٧٢١ی کوردی ساڵی یەکێتی خەڵکی کوردستان بێت. ساڵی سەرکەوتنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بێت. ساڵێکی پڕ لە دستکەوتی مادی و مەعنەوەی بۆکرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و خەڵکی کوردستان بەگشتی بێت.
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان لە پێناو پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سەربەخۆ و یەکسان.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١ی خاکەلێوەی ٢٧٢١
٢١/٣/٢٠٢١ی زاینی