یادی ١٠ی خاکەلێوە بەرز ڕادەگرین! هەرگیز نامرن ئەوانەی لە دڵی گەلدا دەژین!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
16-12-2022

ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوەیە، ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوای نەمری گەلی کوردستان و چەند بەرپرسێکی پایەبەرزی تری کۆماری کوردستانە. ئەمڕۆ ڕۆژی سەرنانەوەی سەربەرزانەی ئازیزانێکە، کە لەپێناو ئازادیی و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی کوردستانی بەشکراودا قارەمانانە چوونە پای سێدارە و بە مەرگی سەربەرزانەی خۆیان گیانیان بە جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بەخشیی.

داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێی وابوو بە لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێکانی، دەتوانێت بۆ هەمیشە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێرانی داگیرکەرەوە ببەستێتەوە و خەونی گەلی کوردستان بۆ هەتاهەتایە  ژێرخاک بکات. دەسەڵاتی شوومی فارسستانی داگیرکەر پێی وابوو بە لەسێدارەدانی قازی لەو چوارچرایەی کە بۆ یەکمجار ئاڵای کۆماری کوردستانی تێدا هەڵکرابوو، دەتوانێت گەلی کوردستان چاوترسێن بکات و ئاگری شۆڕشی پێشەوا بە یەکجاریی بکوژێنێتەوە و نەیزانی مەرگی سەربەرزانەی پێشەوا و ڕابەرانی ترمان، چوارچرای مەهابادمان دەکاتە مەشخەڵ و چلچرای ڕێبازی پێشەوا بۆ ڕاماڵینی داگیرکەران و یەکگرتنەوەی کوردستانی چوارپارچەکراومان.

٧٤ ساڵ لەمەوپێش ڕژیمی پاشایەتیی ئێران، کاتێک لەلایەن دەسەڵاتی سۆڤیەت و زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا، لە ئاسمان و زەویەوە هێرشێکی خوێناویی بەربڵاوی کردە سەر کۆمارەکانی ئازەربایجان و کوردستان و دوای کۆمەڵکوژکردنی هەزاران سیڤیلی ئازەربایجان و کوردستان، توانی لەم دەڤەرانەدا دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی خۆی بە زەبری ئاگر و ئاسن داسەپێنێتەوە، بەڵام هیچ کات نەیتوانی بڵێسەی شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان دامرکێنێتەوە و پێشەوا و کۆمار لەبیر خەڵک بباتەوە و جێپێیەک لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا بۆ خۆی بەدەست بێنێت.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

کۆماری کوردستان لەو ماوە کورتەی دەسەڵاتیدا و لەو هەلومەرجە دژوار و دواکەوتوانەی ئەوسای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، گەلێک هەنگاوی گەورە و گرانی نا و گەنجینەیەک لە ئەزموونی خەباتی وەک زانینگەیەک بۆ وەچەکانی دواترمان بەجێهێشت، کە بەداخەوە دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتیی و پێش خۆسەپاندنی کۆماری سێدارەی ئیسلامییش، لەلایەن لایەنە سیاسیەکانی کوردستانەوە سوودیان لێ وەرنەگیراوە. گەورەترین وانەی شۆڕشگێڕانە و گرنگترین کارێک کە پێشەوا و سەرکردایەتی ئەوسای ڕۆژهەڵات کردی، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان بوو وەک قەوارەیەک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

 بەداخەوە گەلی ئێمە و لایەنە سیاسیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی، هیچ هەوڵێکیان نەدا بۆ زیندووکردنەوەی کۆمار و دامەزراندنەوەی قەوارەی بەڕێوەبەرایەتیی کوردستان و بەجێی ئەوە، لایەنە سیاسیە دەستڕۆیشتووەکان کەوتنە سواڵی خودموختاریی، ئەویش تەنها بە بەرگری چەکدارانەی حیزبیی و بە دامەزراندنی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەلکی کورد، ئەویش تەنها بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕژیمی ئێران، نەک بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ٧٤ ساڵ بەسەر نسکۆی کۆماری کوردستاندا هەوڵێک نیە بۆ بوژاندنەوەی کۆماری کوردستان لە سبەی ڕۆژی ڕووخان یان پاشەکشەی کۆماری سێدارەی ئیسلامییدا. بەداخەوە هێشتا لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەها ستراتیژییەکیان نیە و هێشتا نایەکگرتوو و پرژ و بڵاوون و ڕزگاری کوردستان لە ژێرچەپۆکەیی یەکجاریی داگیرکەران خەونی هەموویان نیە و زیاتر خەریکی حیزب حیزبێنەی خۆیانن. دوای  تێپەڕبوونی٧٤ ساڵ بەسەر نسکۆی کۆماری کوردستاندا لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات هێشتا هێزی پێشمەرگەیان حیزبییە، ئاڵایان حیزبییە و ڕۆژی گیانبەختکردوانیان هەر حیزبییە و تەنانەت هەندێکیان پێشەوا و کۆماریشیان تا ڕادەیەک بە حیزبیی کردووە.

لە ساڵیادی گیانبەختکردنی پێشەواو هاوڕێیانیدا، سەری ڕێز بۆ یادی هەموو ئەو ئازیزانە دادەنەوێنین کە لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ناچینایەتییدا گیانیان بەختکردووە. لە ساڵوەگەڕی ١٠ی خاکەلێوەدا بانگەوازی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بۆ دانانی پلانێکی تۆکمە و ڕۆشن بۆ سبەی ڕۆژی ڕۆژهەڵات. بۆ دانانی گەڵاڵەیەک بۆ بوژاندنەوەی کۆمار و بۆ دانانی حیزب لە شوێنی خۆی و بۆ بەرزکردنەوەی هەنگاوگەلێکی گەورەتر. بۆ بەرزکردنەوەی هەنگاوگەلێکی بڵندتر بۆ گەیشتن بەو خەون و ئامانجانەی کە زۆر لە حیزب گەورەترن و دەبێ حیزب بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە دامەزرابێت.

بژی یادی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی!

سەرکەوێ بزووتنەوەی کوردستان بۆ سەربەخۆیی وچەسپاندنی ئازادیی و یەکسانیی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢١