سەبارەت بە سێزدەیەمین خولی دانانێ سەرۆککۆماری لە ئێران!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
31-05-2021

ماوەیەکە هەموو ڕاگەیاندنەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بانگەشە بۆ بەشداری لە سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دەکەن، کە بڕیارە لە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەڕێوە بچێت. هەر چەند کاربەدەستە پلە بەرزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناو خۆیاندا ڕێکەوتوون کە کام یەک لە کارەکتەرەکان بۆ چوار ساڵیتر پۆستی سەرۆککۆماری لە ئێران بەڕێوەبەرێت، بەڵام بۆ چەواشە کردنی ڕای گشتی دەیانەوێت لە شانۆگەریەکی دیکەی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا لە ڕواڵەتدا کێبەرکێ بکەن بۆ بەدەستەوە گرتنی دەستەڵات.

لە ڕاستیدا بەجێگۆڕکێی سەروچاوەکان هیچ ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە ژیانی خەڵکی ژێر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕوونادات. بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆککۆماری لە لایەن هەر یەکێک لە کاربەدەستەکانی کۆماری ئیسلامی درێژەدانە بە سیاسەتی دیکتاتۆرانەی ئەو ڕژیمە، کە پڕیەتی لە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی خەڵکی ئیران و بێمافی گەلانی ژێر دەستە.

 لە ئێرانی ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی وەک یەکێک لە دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکانی سەر گۆی زەوی بە پاڵپشتی سیستەمێکی نادادپەروەر کون و قوژبنی وڵاتی ملیتاریزە کردووە، بە پێی بەرژەوەندی خۆی کاروباری ئێران بەڕێوە دەبات، زێدی چەند گەلی داگیر کردوە، کۆمەڵێک پیکهاتەی لە یەک جیاوازی دوور لە خواستی خۆیان بە زۆر لە ژێر دەستەڵاتی خۆیدا هێشتۆتەوە کە هیچ گرنگییەک بە تایبەتمەندی نەتەوەیی و ئەتنیکی و بیروباوەڕی ئاینییان نادرێت، داخوازە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگیەکانیان پشتگوێ دەخرێن، کرێکاران و زەحمەتکێشان بە هۆی گرانی و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری ژیانێکی پڕلە ئازار بەسەر دەبەن.

 ژنان لەگەڵ چەندین کێشە و بێمافیی و سوکایەتی پێکردن بەرەڕوون، لە ژێر سێبەری ئەو دەستەڵاتە دیکتاتۆرەدا برەو بەچەندین دیاردەی قیزەونی وەک تیرۆر، بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و کەلوپەلی تەقاندنەوە، بازرگانی بە هێرۆین و تریاک و ماددەی بێهۆشکەری تر،...دەدرێت و بە چەندین شێوە هەوڵی جینۆسایدکردنی جودابیرانی کۆماری ئیسلامی دەدرێت.

 ڕوونە کە پارێزەرانی ئەو سیستەمە دژایەتیەکی چارەسەرهەڵنەگری لە گەڵ دێموکراسی هەیە. لە کاتێکدا یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی دێموکراسی هەڵبژاردنی نوێنەرە بەئازادی، کە ئەو ڕاستیە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ بیرەباوەڕی کۆماری ئیسلامیدا ناگونجێ و کەس ئەو مافەی پێنادرێت بە ڕاستی و بە سەربەستی نوێنەری جێمتمانەی خۆی هەڵبژێرێ.

 لە وەها بارودۆخێکدا دەنگدان بەو کەسانەی کە بە فلتێرەکانی پاڵاوتنی کۆماری ئیسلامیدا ڕەد دەبن و دەچنە سەر کورسی دەستەڵات، تاوانە چوون هیچ کار وچالاکیەکیان لە بەرژەوەندی خەڵکی هەژار و گەلانی بندەست دانیە. بۆیە پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتمانیی بەشداری شانۆگەری بەناوهەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و شۆڕای شار و گوندەکان نەکەن کە ئامانج لێیان ڕەاویەت دانە بە دەستەڵاتی دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامی و درێژەدان بە نەهامەتیی زیاتر بۆ سەر خەڵکی ژێر دەستەڵاتی ئەو ڕژیمە.

سەرکەوێ ئیرادەی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢١ی کوردی

٣١/٥/٢٠٢١ی زاینی