پشتیوانیی لە داواکاریی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ ٢٣ی خەزەڵوەر وەک ڕۆژی ماتەمینی گشتیی

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-11-11

 

بە مەبەست پشتگیری لە زیندانییانی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها هاودەردی و پشتگیریی بنەماڵەی ئەم زیندانییانە، کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە کە ٢٣ی خەزەڵوەر بکرێت بە ڕۆژی ماتەمیینی گشتی لە کوردستان. ئەم ڕێکخراوانە بریتیین لە: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، گرووپی مافی مرۆڤی کورد، کەمپینی بەرگری لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی، کوردۆساید واچ ـ چاک ـ کۆمیتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمیتەی کوردەکانی نیشتەجێی ئامریکا بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران، و ژنانی ئاشتیی مەریوان.

 

لە بەشێک لە بانگەوازی ئەم ڕێکخراوانەدا هاتووە کە "ئێمە وەک ناوەندەکانی بەرگریی لە مافی مرۆڤ پێشنیار دەکەین کە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر وەک ڕۆژی ماتەمینی گشتیی خەڵکی کوردستان بناسرێ و لەم ڕۆژەدا خەڵک وێرای چوون بۆ سەر گڵکۆی گیانبەختکردووانی ڕێی ئازادی و دێموکراسی، سەردانی بنەماڵەکانیان بکەن و هاوبەشی خەمەکانییان بن."

 

لە بەشێکیتری ئەم بانگەوازەدا هاتووە کە "ئێمە وەک واژۆکەرانی ئەم بانگەوازە چاوەڕێین کە خەڵکی کوردستان بە پشتگیریی لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی ڕۆڵەکانییان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارە لە ئێران، بە شێوەیەکی شارستانییانە بە گوێی خەڵکی دنیا بگەیەنن و وەک جینایەتێکی دژە مرۆڤیی بیناسێنن. هاوکات ئێمە داوا لە هەموو حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و مێدیاکانی گشتیی دەکەین کە لەگەڵمان هاودەنگ بن و وێڕای پەسندکردنی ئەم داواکارییەی ئێمە، داوا لە لایەنگرەکانیان بکەن کە لەم چالاکییە گشتییەدا بەشدار بن".

 

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پشتگیریی خۆمان لە بانگەوازی ئەم ڕێکخراوە مەدەنییانە ڕادەگەیەنین و داواکارین هەموو خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان پشتگیریی ئەم داواکارییانە بکەن.

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

٢٠ی خەزەڵوەری ٢٠١٣

 

١١/١١/٢٠١٣