نەفرەتکردن لە شەڕی خۆکوژیی ئەرکێکی نیشتمانیە و لەگۆڕنانی خەونی داگیرکەرانە

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
16-06-2021

پێویستە نەفرەتکردن لە شەڕی ناوخۆیی، بڕیار و کردەوەی هەموو لایەنێکی کوردستانیی بێت!

هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن، دەستەڵاتدارانی تورکیا چەندین جار بە بیانووی لێدانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە پەلاماری باشووری کوردستانیان داوە.

ماوەی دوو مانگە هەوڵەکانی خۆیان چڕ کردۆتەوە و لە چەندلاوە بە ڕێگای ئاسمانی و زەویدا بە هەموو چەک و فڕۆکە کەرەسەی پێشکەوتووی شەڕهێرش دەکەنە سەرباشووری کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا نەیانتوانیوە بە ئامانجی خۆیان بگەن و بە سەرئیرادەی گەریلاکاندا زاڵ بن و بەسەر شۆڕی گەڕاونەوە.

دوای نائومێد بوون لە هاتنەدی خەونەکانیان، کەوتنە بیری تەڵەدانان و پیلانیان داڕشت کە شەڕی ناوخۆیی کوردکوژیی لە نێوان گەریلا و پێشمەرگەدا هەڵگریسێنن، تا بەتەقینی تەڵەکە، ئەوان بە ئامانجە داگیرکاریەکانیان بگەن. بەو هیوایە کاربەدەستانی ئێستای کوردستان لەوە وریاتر بن و نەکەونە داوی پیلانگێڕیی داگیرکەرانی کوردستان.

لە کاتێکدا خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە پێناو مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیدا گەلێک هەورازو نشێو و قۆناغی سەختی بڕیوە، کەوتن و هەستانەوەی زۆری بەخۆوە دیوە، بە ماڵوێرانیی و بە ڕژانی دەریایەک لە خوێنی خەڵکی کوردستان و گیانبەختکردنی هەزاران گەریلا و پێشمەرگە و شەڕڤانی قارەمان، کاروانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان پێشکەوتووە و گەیشتۆتە ئەم قۆناغەی ئێستا، کە خاوەنی کۆمەڵێک دەستکەوتی بەنرخە.

ئەو دەستکەوتانە مڵکی هەموو خەڵکی کوردستانن. هەر لایەک  لە پێناو بەرژەوەندی کەسیی و حیزبیی زیان بەو دەستکەوتانە بگەیەنێت، تاوانبارە و لە داهاتوودا باجی ئەو تاوانە دەدات.

چەندین بەڵگەی زیندوو هەیە کە شەڕی کوردکوژیی لە هەر شوێنێک و لە ژێر هەر ناوێکدا کرابێت، هیچ لایەک براوە نەبووە و زیانی بە کۆی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان گەیاندووە و ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستانی دواخستووە. بە تایبەت لەم سەردەمە هەستیارەی ئێستادا، شەڕی ناوخۆیی ڕاستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوندی داگیرکەران دەکات و پیلانە دووژمنکاریەکانیان بە ئاسانی جێبەجێ دەکەن وخەڵکی کوردستانیش بۆ ماوەیەکی نادیار ئەو هەلە زێڕینەی ئێستایان لە دەست دەچێ. لە دەرئەنجامی تراژیدیایەکی لەو شێوەیەدا دەبێ ماوەیەکی زۆر چاوەڕوان بین تا هەلێکی دیکەی وەک ئێستامان بۆ دەڕخسێتەوە. لەوانەیە کاربەدەستانی ئێستای کوردستان لەتەمەنی خۆیاندا ئەوهەلە بەچاوی خۆیان نەبیننەوە.

بۆیە پێویستە هەموو ئێمەی کوردستانیی نەفرەت لەشەڕی ناوخۆیی کوردکوژیی بکەین و کێشە ناوخۆییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکەین و پاراستن و گەشە پێدانی ئەو دەستکەوتانەی ئێستامان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان بزانین و هەر لایەک هەوڵی لەباربردنیان بدات، دەبێ بە نەیاری خۆمانی بناسین.

پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان لە هەمووان زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن. پێویستە لە ڕوانگەیەکی خەسارناسییەوە بە خۆیاندا بچنەوە و بە لێکتێگەیشتن کۆتایی بەو بارگرژیەی نێوانیان بێنن و بوێرانە پیلانی شۆڤێنیستیی داگیرکەران پووچەڵ بکەنەوە.

پێویستە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانەی وەک یەکیان هەبێت و ڕێگە لە ڕوودانی شەڕی ماڵوێرانکەری ناوخۆیی بگرن.

پێویستە خەڵکی کوردستان بە گشتی فشار بۆ دوو لایەنی ناکۆک بێنن تا کێشەکانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن و پەنا نەبەنە بەر شەڕی خۆکوژیی.

پێویستە شەڕڤان و پێشمەرگە و گەریلا وەک هێزی ڕزگاری کوردستان ناوی پێرۆزیان لەکەدار نەکەن و بەشداری شەڕێک نەکەن کە لەزیان زیاتر هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئەوان و خەڵکی کوردستان نیە. بەڵکو ئەوان وەک پێشەنگی خەبات و وەک هێمایەکی ڕێز لێگیراوهەوڵبدەن، ئەو بارودۆخە ناهەموارەی ئێستا پێچەوانە بکەنەوە و تا بەخێر بەسەر خەڵکی کوردستاندا بشکێتەوە، جیا لەوەش هیچ کردەوەیەکی قێزەون لە گەریلا و شەڕڤان و پێشمەرگەی کوردستان ناوەشێتەوە.

پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و ڕۆڵی ئەرێنییان هەبێت، بە تایبەت تیڤیەکان بە وردبینیی و دووربینیی هەڵسوکەوت بکەن و هەوڵبدەن ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ئێستا هێوەر بکەنەوە و ترش و خوێ بە هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکاندا نەکەن.

پێویستە هەموو لایەک ئەو ڕاستیە باش بزانن کە لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان تەنیا بۆ لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان نیە، بەڵکو پیلانەکە زۆر لەوە گەوەرەترە و ئەگەر بوار بە جێبەجێکردنی بدرێت، زیان بە هەموو بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت.  

ئێستا کاتی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان و کوردانی تاراوگە، بەرامبەر بەو پەلاماردانەی تورکیا ناڕەزایەتی گشتی دەرببڕن. داوا لە هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا بکرێت چاو لە ئاست ئەو سنووربەزاندن و سەرەڕۆییانەی تورکیا نەنوقێنن و بە ئاشکرا هەڵوێستی فەرمیان دەرببڕن. داوا لە ووڵاتانی پێشکەوتوو و یەکێتی ئەوروپا بکرێت فشار بۆ دەستەڵاتدارانی تورکیا بێنن کە پەلاماری وڵاتانی دەوروبەر و خەڵکی کوردستان نەدەن و ڕێز لە سەروەری دراوسێکانی بگرێت. پێویستە داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت، بێدەنگی بشکێنی و بۆپێشگرتن لە سنوو بەزاندن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سوکایەتی کردن بە یاسا نێونەتەوەییەکان لە لایەن تورکیاوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەستێت.

لەم قۆناغەی ئێستادا واباشترە کە پارتی دێموکراتی کوردستان هەوڵبدات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاگاداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر بنەمای یاسای فیدڕاڵی لە گەڵ حکومەتی عێڕاق ڕێکبکەوێت و چێتر لە پێناو بەرژەوەندی کاتیی ئەوفشارو سووکایەتی پێکردنەی دەستەڵاتدارانی تورکیا قەبووڵ نەکات و خۆی لەوبارودۆخە تەمومژاویی و نەخوازراوە ڕزگار بکات.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢١ی کوردی

١٦/٦/٢٠٢١ی زاینی