سەبارەت بە زیندانیکردنی مامۆستا زارا محەممەدی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە

ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی یەکسانی
09-01-2022

سەبارەت بە زیندانیکردنی مامۆستا زارا محەممەدی

قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە!

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

دوێنێ شەممە ٨ی دیسامبری ٢٠٢٢ بەرامبەر بە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاویی خاتوو زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگیی خۆشەویست و دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگیی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی کۆماری ئیسلامیی لە شاری سنە، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشمانیی ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ ڕاپێچی زیندان کرا.

دوێنێ، کاتێک مامۆستا زارا دەبوو بۆ چوونە زیندان سەردانی دادگا بکات، لە پێش تەلاری دادگادا و لە کۆڕێکی شکۆداری دانیشتوانی شاری سنەی قارەماندا، بەڕێزەوە بەدرەقە کرا. لەم گردبوونەوەیەدا مامۆستا زارا وتەیەکی گرنگی پێشکەش کرد و بەم بەیتەی هۆنراوەیەکی مامۆستا قانع، پەیامێکی گرنگی بەگوێ داگیرکەران دادا:

“بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر دەبێ

‏قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە.“

لە گردبوونەوەکەدا هەروەها ئەندامێکی دەستەی بەڕیوەبەریی ئەنجوومەنی نۆژین و کۆمەڵیکی تر لە ئامادەبووان لە پەیوەند بە پرسی زمانی کوردی و زیندانیکردنی مامۆستا زارا قسەیان کردوو جەختیان کردەوە کە درێژەدەری ڕێبازی مامۆستا زارا دەبن و شێلگیرانە لە پێناو گەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی گەلی کوردستاندا تێدەکۆشن.

یەکسانییخوازان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ

کۆماری ئیسلامیی وەکو هەموو ڕژیمەکانی پێشووی ئێران و بگرە زۆر خراپتریش لەوان، لە بوونی زمانی کوردی نیگەرانە و لە هیچ هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە زمان و وێژەی کوردی و شێواندن و فارساندنی شوناسی ئێمەی کوردستانیی درێغیی نەکردووە. ڕژیمی ئێران و هەموو داگیرکەرانی کوردستان بە وشەی کوردی و بە ناوی کوردی و بە جلی کوردی و بە هەرچی بۆنی کوردستانییبوونی لێوە بێت نیگەران و قەڵسن و مێژووێکی دوورودرێژە بە شێوەیەکی سیستماتیک و لە ڕێگەی پەروەردە و پڕوپاگەندەی داگیرکەرانەوە و فریودەرانە و بە زەبروزەنگی خوێناوییان خەریکی سڕینەوەی مێژوو و زمان و وێژە و ناسنامەی کوردستانیی گەلی ئێمەن.

لە لایەن ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان زیندانی کردنی مامۆستا زارا محممەدی بە توندی شەرمەزار دەکەین و داوا لە گەلی خۆمان دەکەین کە بۆ ئازادکردنی مامۆستا زارا و هەموو زیندانیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرچی لەدەستیان دێت دریغی نەکەن. هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین بۆ ئازادکردنی مامۆستا زارا گوشار بخەنە سەر ڕژیمی ئێران و هاوکار و یاریدەدەرمان بن.

بڕووخێ داگیرکاریی و بێدادیی!

سەرکەوتوو بێت خەباتی گەلی کوردستان بۆ یەکسانیی و سەربەخۆیی!

ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی یەکسانی

٩ی ژانوەیەی ٢٠٢٢

 بەفرانباری ٢٧٢١