هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە سەر هەوڵە داگیرکارایەکانی تورکیا
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
23-04-2022
دیسان دەستەڵاتدارانی تورکیا لە ١٧/٤/٢٠٢٢ی زاینی بە بیانووی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕێگای ئاسمانی و سەر زەوییەوە بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو چەکێکی بەردەست پەلاماری باشووری کوردستانیاندا. هێزە پەلاماردەرەکانی تورکیا لە ناوچەکانی شیلادزێ و دێرەلۆک و دەوروبەری لە گەڵ بەرگری گەریلاکان بەرەوروو بوونەوە و لە نێوانیاندا شەڕێکی توند روویدا، کە تا ئێستا ئەو شەڕە بە هەموو نەهامەتیەکانی خۆیەوە بەردەوامە و زەرەرو و زیانێکی زۆری گیانی و مادی و ژینگەیی لێکەوتۆتەوە.
دەستەڵاتدارانی تورکیا دەیانهەوێت وا نیشان بدەن کە لەو هێرش و سنوور بەزاندنەدا مەبەستیان تەنیا لێدانی پەکەکەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا لەو پەلاماردانە یەک لە دوای یەکانە کە هەنگاو بە هەنگاو دێنە ناو قووڵایی باشووری کوردستان زۆر لەوە گەورەترە کە لە ڕواڵەتدا بانگەشەی بۆ دەکەن. کاربەدەستانی تورکیا ئەگەر نیازیان خەراب نیە، با ئەو شوێنانەی کە پەکەکەیان لێنەماوە و زیاتر لە سی بنکەی سەربازیان لێداناوە تەحویلی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بدەنەوە. دەستەڵاتدارانی تورکیا لە هەڵسەنگاندنی خۆیاندا پێیان وایە کاتێکی باشیان هەڵبژاردووە کە لەم بارودۆخە ناهەموارەی دنیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی ناسەقامگیری عێراق و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستاندا دەتوانن لەو پەلاماردانەدا سەرکەوتوو بن، ئەوان دەیانهەوێت بەو ڕاسانە لاواز بوونی پارتی دادوگەشە پێدان و قەیرانە ناوخۆییەکانی تورکیا پەردە پۆش بکەن و لە سەر حیسابی خەلکی کوردستان گوڕوتێنێک بە خۆیان بدەنەوە و لەو ناوەدا بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵکی تورکیا خۆیان وەک قارەمانی نەتەوەی تورک دەرخەن و لە بەر ڕەوشەنای ئەو میساقە میللیەی کە بۆ خۆیان باوەڕیان پێیەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوو بکەنەوە. کاربەدەستانی ئێستای تورکیا هەوڵدەدەن تا ئەو جێگا کە بۆیان دەکرێ ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان داگیر بکەن و خاکی ژێر دەستەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرتەسکتر بکەنەوە، تا ڕاستەوخۆ دەست بەسەر داهاتی کوردستاندا بگرن و ڕێگا بۆ بەڕێکردنی نەوت و غازی کوردستان بۆ تورکیا خۆش بکەن، واتا بە هەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێت زیان بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بگەیەنن. ... دیکتاتۆرە ڕەگەز پەرستەکانی تورکیا هەوڵدەدن بۆ گەیشتن بەو ستراتیژە شۆڤێنیستیانە شەڕی ناوخۆیی لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هەڵگیرسێنن و بۆخۆیان بە زیانی کەمتر بەو ئامانجانە بگەن کە دەمێکە خەونیان پێوە دەبینن.
لە کاتێکدا زلهێزەکانی دنیا و وڵاتانی ئەورووپا و دەستەڵاتدارانی ناوچەکە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان لە ئاست ئەو سنوور بەزاندنەی تورکیا بێدەنگن، هێزە داگیرکەرەکان بە هەلی دەزانن بۆ داگیرکاری زیاتر. بۆیە بۆ ئیمەی خەڵکی کوردستان تاوانە لە ژێر ناوی هەر بیانوێکدا خۆمان لە ڕاستیەکان بدزینەوە و بێدەنگی هەڵبژیرین. پێویستە خەڵکی کوردستان بە گشتی وێڕای ئیدانە کردنی ئەو لشکرکێشیەی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەوڵبدەین لە پێناو بەرژەوەندی نیشتمانی بە ئیرادەی خۆمان هەموو پیلانەکانی دەستەڵاتدارانی تورکیا پوچەڵ بکەینەوە و بە یەکەوە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین و کارێکی وابکەین ئەو دەستدرێژیەی دەستەڵاتدارانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی کوردستان بە زیان بۆ سەرخۆیان بگەرێتەوە. پێویستە بە بەڕێخستنی ناڕەزایەتی گشتی هەڵوێستی یەکریزی و نیشتمانپەروەریی خۆمان پیشان هەموو لایەک بدەین و هەموومان بە یەکەوە داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بکەین سنوورێک بۆ ئەو سەرە ڕۆییەی دەستەڵاتدارانی تورکیا دابنێن. لەو ڕوانگەوە کە ئەمڕۆکە باشووری کوردستان بەفەرمیی وەک بەشێک لە عراق سەیری دەکرێت، پێویستە خەڵکی باشووری کوردستان یەکگرتووانە فشار بۆ حکومەتی عێراق بێنن کە چی دیکە چاوپۆشیی لە دەستدرێژییەکانی تورکیە نەکات و بۆ وەستاندنی ئەو لەشکرکێشیەی تورکیا لە پێگەی دەوڵەتیی خۆی سوود وەرگرێت و یارمەتیدەر بێت.
ئێمە لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای ئیدانە کردنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، داوا لە بەڕێوەبرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین زۆر لەوە هوشێارتر بن کە دەستەڵاتدارانی تورکیا بتوانن گۆڵیان لێبکەن و شەڕی خۆکوژیان لە نێواندا هەڵگرێسێنن. ئێستا خەڵکی کوردستان چەندە بە هێرشی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ناڕەحەت بوون دووهێندە بەو ناکۆکیەی نێوان پارتی دێموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان ناڕەحەتن و لە هەڵگریسانی شەڕی کوردکوژیی دەترسن. لە کاتێکدا لە ئەگەری ڕوودانی شەڕی کوردکوژییدا هیچ لایەک سەرکەوتوو نابن و هەمووان دەدۆڕێن. بۆیە پێویستە هەردوو لایەن بە کردەوە و بە شێوەی پەیوەندی ڕاستەخۆ و لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانیانەوە هەوڵ بۆ هێورکردنەوەی بارگرژیەکانی نێوانیان بدەن و خۆیان لەو داوەی کە بۆیان دانراوە دەرباز بکەن و خەڵکی کوردستانیش لە دڵەڕاوکێی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ ڕزگار بکەن.
سەرکەوێ یەکێتی و ئیرادەی خەڵکی کوردستان
سەرشۆڕیی و نەمان بۆ دیکتاتور و داگیرکەران
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٣/٤/٢٠٢٢ی زاینی
٣ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی