نامەی هاوخەمیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
13-08-2022

بەڕێزان،

بە بۆنەی گیانبەختکردنی خەباتکاری ماندوویینەناس ڕێزدار "ڕێزان جاوید"وە سەرەخۆشیی لە هەموو ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و بنەماڵەی گیان بەختکردوو و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین و سەری ڕێز لە بەرامبەر ئەم گیانبەختکردووەمان و هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاریی و سەربەخۆیی کوردستان دادەنوێنین.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، پەلامارە ترۆریستییە یەک لە دوای یەکەکانی دەستەلاتدارانی تورکیای داگیرکەر و فاشیست بۆ سەر خەڵکی کوردستان و تیرۆرکردنی سەرکردە و کەسایەتیە شۆڕشگێڕەکانی وڵاتەکەمان بە توندی شەرمەزار دەکەین.

بێگومان لە دەستدانی کەسایەتیە تێکۆشەرەکانی وەک بەڕێز ڕێزان جاوید خەسارەتێکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. بۆیە بە پێویستی دەزانین، بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئازارە بەسۆیە، کوردستانیان لە هەڵوێستگرتنێکی نیشتمانپەروەرانەی گشتگیردا، ڕێکاری نوێ و گونجاو بگرنە بەر بۆ بەرگرتن بەو سەرەڕۆییانەی ڕژیمی فاشیستی تورکیا و هەوڵە ترۆریستییەکانی.

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی ڕێزان جاویدی گیانبەختکردوو و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی گەلەکەمان کە لە پێناو ڕزگاریی و یەکسانیی و ئازادیی کوردستاندا گیانیان بەختکردووە.

 سەرشۆڕیی و شەرمەزاریی و نەمان بۆ ڕژیمی فایشتیی و ترۆریستیی تورکیە و هەموو داگیرکەرانی کوردستان.

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی

١٣/٨/٢٠٢٢ی زاینی