هێرشی ڕیژیمی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات شەرمەزار دەکەین

کۆمەڵەی یەکسانی
09-09-2022

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی)، بنکە و بارەگاکانی چوار لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ،کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و پارتی ئازادیی کوردستان) لە باشووری کوردستان کەوتنە بەر پەلاماری مووشەکیی و پەهبادیی سوپای تیرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

لەم هێرشانەدا بەپێی دوایین هەواڵەکان بەداخەوە تا ئیستا دوازدە کەس گیانیان بەخت کردووە و دەیان کەسیش برینداربوونە. هاوکات چەندیین ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سێڤیل کە ژن و مناڵی لێ ژیاون کراونەتە ئامانج و ێران کراون.

ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامیی کە نەیتوانیوە کۆتایی بە سەرهەڵدانی یەکسانییخوازانەی سەر شەقامەکانی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بێنێت و ئەم ناڕەزایەتیی و سەرهەڵدانە بەریینەی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە سیاسەت و کردەوە نامرۆڤایەتییەکانی ٤٤ ساڵی ڕابردووی بەتایبەت ڕاپەڕیینەکانی دوای گرتن و کوشتنی کچەکوردی بێتاوان ژیینا ئەمیینی پێ سەرکوت نەکراوە، ئێستا بۆ تۆڵە ستاندنەوە لە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی لە لایەک و بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵکی ئێران و جیهان لە لایەکی تر، هەروەها بە ئامانجی درێژکردنەوەی تەمەنی نەگرییسی ئەم ڕێژیمە و بەردەوامیی لە سیاسەتە شکستخواردووەکانی، دەست بۆ هەموو جینایەتێک دەبات. بەڵام وەک لە ڕابردووشدا ئەم سیاسەتە شکستخوادوەی تاقیی کردۆتەوە، تەنیا دەکەوێتە بەر نەفرەت و تۆڵەی زیاتری ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان .

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، وێڕای هاوخەمیی و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هەروەها لەم لایەنە سیاسییانەی کەوتوونەتە بەر ئەم پەلامارە نامرۆڤانەیە، بە تووندیی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار دەکەین و داوا لە خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی هەموو کوردستان بەگشتیی و لە خەڵک و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتیی دەکەین کە بە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگیی زیاتر لە دەرەوە و بەگژداچوونەوەی ڕێژیم و سیاسەتەکانی لە دەرەوە و لە ناوەوەی وڵات، وەڵامی پێویست بەم جینایەتانەی ڕێژیم بدەینەوە

سەرکەوێت خەباتی یەکسانییخوازانەی خەڵکی کوردستان.

‌کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی

٢٨/٠٩/٢٠٢٢ی زایینی