با ئەو هەلەی بۆ خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخساوە، لەدەست نەدرێت

سەربەست ئازاد
4-10-2022

 لەو کاتەوە کە هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی مەهسا (ژینا) ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی سەقزیان لە تاران پایتەختی ئێران بە ناهەقی و بە شێوەیەکی درندانە کوشت، ئەو رووداوە هەست و سۆزی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی خەڵکی ئێران و تەنانەت هەندەرانیشی هەژاندوە. بۆیە ژنان و پیاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی شەرمەزار کردن و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو کردەوە ناڕەوایەی کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەرشەمەکان و بە خۆپیشاندان و ڕێپێوان و وتنەوەی دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) وچەند دروشمی دیکەی شؤڕشگێڕانە ناڕەزایەتی خۆیان لە سیاسەت و کردەوە قێزەونەکانی کۆماری ئیسلامی دەربڕی. هاوکات خەڵکی چەوساوەی زۆربەی شارەکانی ئێران بە مەبەستی هاودەردی و پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرۆشانە سەر شەقامەکان وناڕەزایەتی و هەڵوێستی  خۆیان بە هەموو لایەک ڕاگەیاند.

ئێستا کە ١٥ ڕۆژ بە سەر دەسپێکی خۆپیشاندانەکاندا تیدەپەری، خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی شارەکانی ئێران بەردەوامە، کە تائێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و بە سەدان کەس بریندار بوون و بە هەزارانیتریش گیران و ڕەوانەی گرتووخانە و شوێنی ئەشکەنجەدان کراون. ئێستا بۆ هەموو لایەک روون بۆوە کە خەڵکی ژێر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی چەندە لەو دەستەڵاتە دیکتاتۆرە ناڕازین. ئەوەی کە تا ئیستاش کۆماری ئیسلامی بە هەموو تایبەتمەندیە دیکتاتۆر و کردەوە کۆنەپەرست و خەراپەکانیەوە لە سەرکورسی دەستەڵات ماوەتەوە، بە هۆی لێهاتوویی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی خەڵکی ژێر دەستەڵاتی ئەو ڕژیمە نیە، بەڵکو لەبەر نەبوونی بەدیلێکی بەهێزە کە جێگای متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، هۆکار بووە کە خەڵکی نارازی نەیانویستووە هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەکار بێنن. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوەی ئێران بە کردەوە سەلماندیان کە هەر کات پێویست بێت ئەوان بە لە خۆبردوویی دێنە مەیدان و لە پێناو ماف و ئازادی خۆیان بەگژ درندەترین دەستەڵاتدا دەچنەوە.

ئەوەتا ئێستا سەرەڕای بێکاری و نەبوونی و گرانی و زوڵم و زۆری و هەموو ئەو نەهامەتیانەی کە ڕژیم بەسەر خەڵکی هێناوە، خەڵکێکی زۆر بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیر و ڕای جیاواز بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کرد، کە ڕادەی بە پەرۆشی خەڵکی زوڵم لێکراوی  ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بۆ یەکێتی وبە یەکەوە هەوڵدان بۆماف و ئازادی نیشان هەموو لایەکدا. جێگای شانازییە کە لەو بارەوە خەڵکی ڕۆژ هەڵاتی کوردستان چەند هەنگاوێک لە پێش لایەنە سیاسیەکانن. لایەنێکی جوان و پڕلە هیوای خۆپیشاندانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێتی و پشتیوانی خەڵکە لە یەکتر کە بۆتە هۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و بە گشتی بوونی ناڕەزایەتیەکان. لایەنێکی دیکەی جوان و پڕواتای  ئەو خۆپیشاندانە بەشداری ژنانی زوڵم لێکراو و یەکسانیخواز و بوێرە کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو پێشەنگایەتی خۆپیشاندان و دەربڕینی نارەزایەتیەکان دەکەن. لە لایەکیتر چۆنیەتی ڕێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتیەکان و هەڵبژاردنی دروشمەکان و بەکار هێنانی میتیۆدەکانی خەبات، ئاستی هوشیاری ڕامیاری خەڵکی نارازیان دەرخست. واتا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاگایە و دەزانن سەرچاوەی نەهامەتیەکان لە کوێیە و دەزانن کۆسپەکانی سەر ڕیگای خەباتی ئەوان کامانەن و دەزانن چی بکەن و چ کاتێک ڕاپەڕن، تەنانەت بە لێزانی و تاکتیکی ژیرانە و ماندوو نەبوونی خۆیان سەریان لە کۆماری ئیسلامی شیواندووە و ئەوندەیان تەنگەتاو کردووە نازانی چی بکات. بۆیە ڕژیم بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکان و بە مەبەستی چەواشەکاری لە هەوڵێکی ترۆریستی دوژمنکارانەدا لە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردیدا لە قوڵایی باشووری کوردستان بە موشەک و دروون پەلاماری بارەگای چوار لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دا، کە بە کوشتن و بریندار کردنی زیاتر لە ٤٠ کەس و وێران کردنی ماڵی هەزاران کەس بۆ جارێکی دیکە رووی ڕاستەقینە و جنایەتکارانەی خۆی نیشان هەموو لایەکدا.

دوای ئەوەی خەڵکی ناڕازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچەیان شکاند، خۆڕسکانە هەموو بە یەکەوە هاتنە سەر شانۆی خەباتێکی هاوبەش و بە ئیرادەی خۆیان چەند روویەکی جوانی ئەو خەباتە هاوبەشەیان نیشان  هەموو لایەکدا، بە بەرفراوان کردنی مەیدانی چالاکی خۆیان تەواوی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیان لە گەڵ ترس بەرەوروو کرد و سەرنجی زۆر لە ووڵاتانیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشا.

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا دووجار بە پیر بانگەوازی لایەنە سیاسیەکانەوە و چوون و بە بەشداری کردن لە بایکۆت و مانگرتنێکی سەرتاسەریدا یەكێتی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خۆیان نیشاندا. ئێستا سەرەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە وەڵامی داخوازی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەنەوە، کە خوازیارن لایەنە سیاسیەکان ناکۆکیە کۆنەکانیان بە لاوە بنێن و لە دامەزراوەیەکی نیشتیمانیدا لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە و شان بدەنە بەر خەباتێکی هاوبەش. وا پێشبینی دەکرێت کە لایەنە سیاسیەکان وەڵامێکی ئەرێنی بەو داخوازە ڕەوایەی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و تینوی ئازادی بدەنەوە. لەبەر ئەوەی لە قۆناغی ئێستادا یەکێتی نێوان لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێداویستیەکی هەنوکەیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەڵام ئەوەی کە  گرنگە چۆنیەتی ئەو یەكێتی و خەباتە هاوبەشەیە، کە لە دوا ڕۆژدا چ بەرهەمێکی بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت.  

ئێمە لە گەڵ ڕیزماندا بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان، پێمان وایە ئەو حیزب و لایەنانەی کە ئێستا لە مەیدانی خەباتدان هیچیان بە تەنیا و تەنانەت بەپێکهێنانی هاوپەیمانی چەند لایەنێکیش ئەو بۆشایەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە پڕ نابیتەوە. دیارە بارودۆخی ئەپزسیۆنی ئێرانی زۆر لە بارودۆخی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەرابترە. بۆیە ئەگەرلایەنە سیاسیەکان بە ڕاستی هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن، پێویستە هەوڵبدەن بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی بان حیزبی کە جێگای هەموو لایەنە سیاسیە ئازادیخوازەکان، کەسایەتیە سیاسیە سەربەخۆکان و خەڵکی شارەزا لە بوارە پەیوندیدارەکانی تێدا ببیتەوە. پێویستە دەرگای ئەو دامەزراوەیە بە کراوەیی بهێڵدریتەوە بۆ هاتنە ناوەوەی ئەو حیزب و ڕێکخراونەی کە ئێستا بە نە‌هێنی خەبات بۆداخوازەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن. ئەگەر ئیرادە هەبێت بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکە پیرۆزە، پڕۆسەکە زۆر ئاڵۆز و گران نیە. بۆدیاری کردنی ناو و چۆنیەتی پێکهێنان و بەڕێوەبەری ئەو دامەزاوە نیشتمانیە، بە خۆشییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین کەسایەتی شارەزا و بە توانامان هەن کە دەتوانن لەو بوارەدا ڕۆڵ و کاریگەری ئەرێنیان هەبێت و کڵێشەی پرۆسەکە بە شێوەیەک داڕێژن کە لە ماوەیەکی کەمدا کاروانی خەباتی هاوبەشمان سەرکەوتن و دەستکەوتی باش بەدەست بێنێت. بە دڵنیاییەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە باشترین ڕێکار و هەڵبژاردەیە لە ناو هەموو سیناریۆکاندا. ئەوە وادەکات کە شانازی پێشەنگایەتی گۆڕانکاری لە کوردستان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببڕێت. پێویستە ئەو هەلەی بۆ خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخساوە لە دەست نەدرێت و بخرێتە خزمەت بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئامانجە ڕەواکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بۆ خەباتی هاوبەش لە گەڵ خەڵکی فارس و تورک و عەڕب و بلوچ وئەپزسیۆنی ئێرانی، پێویستە ڕێککەوتنی پێشوەختە بکرێت. لەو ڕێکەوتنەدا بە بەشداری لایەنی سێهەم، کە دەکرێت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بێت، پەیمان نامەیەک واژۆ بکرێت، کە دان بە مافی دیاری کردنی چارەنوسی هەموو نەتەوەکاندا بنێت و مافی هەموو چەوساوەکان دەستەبەر بکات. گەرەنتی جێبەجی کردنی ئەو ڕێککەوتنە بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بسپێردرێت. هەر لایەنێکیش لە دوا ڕۆژدا پەیماننامەکەی جێبەجێ نەکرد، باجی پەشیمان بوونەوەی بە سەردا بسەپیندرێت.

بۆ هاوکاری دەرەکی، لە ساڵانی ڕابردوو و لە ئێستاشدا ناهەقیەکی زۆر بەرامبەر خەڵکی  ڕؤژهەڵاتی کوردستان کراوە، کەس بە کردەوە لە سەرمان وەجواب نەهات. تەنیا بە ئیدانە کردنێکی شەرمنۆکانەی سەر کاغەز باسی رووداوەکانیان کرد، کە بۆ ئێمەی ووڵات داگیرکراو و ماف زەوت کراو هیچیان لێ شین نەبوو. بەڵام ئەگەر لە ئێران ئاڵوگۆڕێک رووبدات، لەوانەیە بەرژەوەندی  هێندێک لە ووڵاتان لە گەڵ بەرژەوەندی ئێمە کورد یەک بگرنەوە. بۆیە پێویستە لەو کاتەدا بە روونی هەموو شتێک باس بکرێت. ١- لە بەرامبەر چیدا هاوکاریمان دەكرێت. ٢- تاکەی هاوکاریمان دەکرێت. ٣ – لایەنی یارمەتیدەر لە کاتی تەنگانەدا پشتمان بەرنەدات. ٤- لایەنی یارمەتیدەر بۆ ئیمتیازی زیاتر نەمان فرۆشن.... لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا پێویستە بە دوای ئەو وولاتانەدا بگەڕێن کە لە باری سیاسی و زانستیەوە هاوکاریمان دەکەن، نەک ئەوانەی لە باری ئینسانی زگیان پێمان دەسووتی، یا ئەوانەی بیانەوێت لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکارمان بێننن.

ئێمە پێمان وایە لە قۆناغی ئێستادا ئەو ڕێکارانەی  لە سەرەوە ئاماژیان پێکرا، پێویستە بەشێک بن لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. پێویستە هەوڵبدرێت تۆڵەی خوێنی بە ناهەق ڕژاوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئەو خەڵکانەی بەناچاری لە ژیر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەژین بکرێتەوە، هەوڵبدرێت ئەو هەموو ماندوو بوون و زەرەر و زیانە زۆرە بە فیرۆ نەچێت. پێویستە بەهەوڵی هەموو ئەوانەی لە بەرامبەر خەڵکی چەوساوەدا  هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن ئاڕاستەی ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕینەی ئێستا بوونی هەیە بەرەو ڕاپەرینی گشتی ببرێت.

١/١٠/٢٠٢٢ی زاینی

نووسەر: سەربەست ئازاد