تیرۆركردنی "ناگیهان ئاكاسەل"، چالاکوانی یەکسانییخواز لە باشووری کوردستان مەحکووم دەکەین
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
04-10-2022
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان تیرۆركردنی "ناگیهان ئاكاسەل"، چالاکوانی یەکسانییخواز و ئەندامی ناوەندی لێكۆڵینهوهی ژنۆلۆژی لە باشووری کوردستان مەحکووم دەکات !
زۆر بەداخەوە زانیارییمان پێ گەیشت كە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٤/١٠/٢٠٢٢ خاتوو ناگیهان ئاكاسەل، ژنە چالاکوانی یەکسانییخواز و ئەندامی ناوەندی لێكۆڵینهوهی ژنۆلۆژی لە باشووری کوردستان لەبەردەم ماڵەكەیدا لە شاری سلێمانی تیرۆركراوە و بەم هۆیەوە ژیانی لەدەست دا.
ئاشکرایە کە تیرۆرکردنی ژنێکی یەکسانییخواز و بەتایبەتییش چالاکوانێکی ئاکادێکمی بوواری مافی ژنان دەکرێ زۆر سێناریۆی ناوخۆیی و دەرەکیی دژە یەکسانییخوازانەی لەپشتەوە بن. لەوانەش ڕەوتە کۆنەپەرست و دواکەوتووەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە لایەک و ڕەوتە گوێ لەمست و دواکەوتوواکانی ناوخۆیی کوردستان کە دژی هەموو گۆڕانکارییەکی یەکسانییخوازانەن لە کۆمەڵگەی کوردستان و ناوچەکەشدا. ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەش بێگومان بەهۆی ترسێکەوە بووە کە توانایی وکاریگەریی چالاکییەکانی ئەم کەسە ئازا و بوێرەوە هەستی پێ کراوە، ئەگینا هیچ پاساوێک بۆ وەها کردەوەیەکی نامرۆڤانە لە شارێکی وەک سلێمانییدا نییە کە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوکات لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایە. هەر بۆیەش ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم جینایەتە، سەرەخۆشیی لە کەسووکاری نەمر ناگیهان ئاکاسەل و هەموو یەکسانییخوازان دەکەین و داواکارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کارا و ڕوون بە ئەرکی خۆی هەستێ و وێڕای ئاشکراکردنی بکەرانی ئەم تاوانە قێزەونە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنێت.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٠٢٢/١٠/٠٤