پێشنیارەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کورد

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
25-11-2022

 

بەڕێزان!

ڕێکخەران و ئامادەکارانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد

وێڕای دەستخۆشیی و ماندوونەبوونیی لە هەموو ئەو لایەن و کەسایەتییانەی بۆ ڕێکخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کاریان کردوە و بۆ سەرخستنی ئەم ئەرکە نیشتمانییە هەوڵیان داوە، بەر لە هەموو شتێک ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، پێمان وایە ئەم پرۆژەی بەناوی کۆنگرەیی نەتەوەیی کورد لە رۆژەڤ دایە ئەگەر ناوەکەی کۆنگرەی نیشتیمانیی کوردستان بووایە پڕواتاتر و لەگەڵ پێکهاتەی فرەنەەوەیی و فرەچەشنیی خەلکی کوردستان گونجاوتر دەبوو.

     وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، ڕێکخستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بە هەر کەم و کووڕییەکەوە کە هەیبێت، بە دەسکەوتێکی گرنگ و مێژویی خەڵکی کوردستانی دەزانین و وەک ئۆرگانێکی پێویست و ڕێکخەر و کۆکەرەوەی هێز و لایەنەکان بۆ ئێستا و داهاتووی کوردستان بەرز و پیرۆزی دەنرخێنین. هیوادارین ئەم کۆنگرەیە لە ئاست پرسی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا بێت و ببێتە ئۆرگانێکی یەکلاکەرەوەی هەموو پرسە هەڵپەسێردراو و گرفتە ناوخۆیەکانی ئێستا و داهاتووی لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان.

 لە ڕوانگەی ئێمەوە پێویستە ئەو کۆنگرەیە ببێتە سەرەتای پێکهێنانی ئۆرگانێکی سیاسی و فەرمیی نیشتمانیی هاوشێوەی کۆمەڵێک دامەزراوەی هەرێمیی و ناوچەیی وڵاتان و نەتەوەکانیتر کە بێگومان خەڵکی کوردستانیش مافی خۆیەتی وەها دامەزراوەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت. بە بروای ئێمە پێویستە ئەو کۆنگرەیە لە ناوەرۆک و پراتیک دا کۆنگرەی هەموو خەڵکی کوردستان بێت، وەک چاڤگەیەکی بێ لایەنی کوردستانی داکۆکی لە ماف و ئازادی و بەرژەوەندیی گشتیی و تاکی کورد بکات و تێکڕای خەڵکی کوردستان لەم ئۆرگانەدا هەست بە بوونی خۆیان بکەن. بە واتایەکی تر چاوەڕوانین کۆنگرە دوور بێت لە بەرژەوەندیی حیزبی،  یەک لایەنی و دوو لایەنی. جیا لە نوێنەری لایەنە سیاسیەکان، نوێنەری هەموو کەمە نەتەوەیی و ئێتنیکییەکانی کوردستان و کەسانی سەربەخۆ و بێ لایەن و شیاو تێیدا بەشدار بن.

     لێرەدا ئێمە وەک لایەنێکی سیاسیی کوردستانی لە سەر بنەمای هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە هەمبەر خەڵکی کوردستان، بیروبۆچوونی خۆمان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ئاراستەی ڕای گشتی و  ڕێکخەران، ئامادەکاران و بەرپرسانی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەکەین:

١- پێکهاتەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد

ئا. ـ  ئاشکرایە لە کوردستان جیا لە کەسانی سەربەخۆ، خەڵک بە گشتی بە سەر کۆمەڵێک لایەنی جیاواز دا  دابەش بووە و هیچکام لە لایەنەکان نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان نین. لەسەر ئاستی دنیای دەرەوەش هیچکام لە لایەنەکانی کورد وەک نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان وەر ناگیرێن. لەسەر ئەم بنەمایە ئەرکی هەموو دڵسۆزان، هەڵسووراوان و ڕێکخەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە کە بە بەشداریپێکردنی هەموو لایەنەکان و لەبەرچاوگرتنی ڕای گشتی، ئەو کۆنگرەیە بکرێتە کۆنگرەی نیشتمانی نەوەک کۆنگرەی چەند لایەنی دیاری کراو بۆ ئامانجی تایبەت بێت. پێویستە ئەم کۆنگرەیە نوێنەری ڕاستەقینەی بەرژەوەندیی گشتی خەڵکی کوردستان بێت. هەوڵ بدرێت لە سەر ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان بەشدارییەکی فراوان لەم کۆنگرەیە دا هەبێت و هیچ لایەن و پێکهاتەیەکی کوردستان پەراوێز نەخرێت. هەوڵ بدرێت هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بیر وبۆچونی سیاسی و ئایدۆلۆژیکی یان گەورەیی و بچووکی بەشدارییان پێ بکرێت. پێویستە هەموو بەشداربووان بە یەکسانی بواریان بۆ بڕەخسێندرێت تا ڕا و سەرنجی خۆیان بەیان بکەن.

ب. هەموو ئەو کوردانەی بە هەر هۆیەک کەوتوونەتە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان بەگشتی، وەک لوبنان، خوراسان و هتد بانگهێشت بکرێن و نوێنەریان لەم کۆنگریەدا بەشدار بێت٠ پێویستە هەر لایەنێک کە لە پێناو ڕزگاریی و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و چارە سەریی کێشە ڕەواکەی تێبکۆشێ، بتوانێ ببێتە ئەندامی کۆنگرە. لە وەها بارودۆخێک دایە کە ئەو کۆنگرەیە دەبێتە کۆنگرەیەکی راستەقینەی خەڵکی کوردستان و دەتوانی خاوەن بڕیاری چارەنووس ساز بێت و بڕیار و ڕاسپاردەکانی لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییان لێ بکرێت.

پ. بەبێ جیاوازی بانگ لە نوێنەری هەموو ئەو کەمە نەتەوەییانە بکرێت کە لە ناو خاکی کوردستان دا دەژین.

ت. پیویستە کۆنگرەی نەتەوەیی بە کردەوە گرینگی بە یەکسانیی ژن و پیاو بدات و هەوڵ بدات بە ڕێژەیەکی بەرچاو ژنان لەو کۆنگرەیەدا بەشدار بن.

ج. نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکان، کەسایەتییە سەربەخۆ و خاوەن هەڵوێستەکان، پسپۆڕانی جیاواز لە بووارەکانی کۆمەڵناسی، مافناسی و مێژووناسی بانگهێشت بکرێن و بیر و بۆچوونیان گرینگی پێ بدرێت.

٢ـ بەرێوەبەریی بە گشتیی لە کۆنگرەدا بە شێوەی هەرەوەزیی و دێموکراتیک بێت. سەرۆکایەتی بە شێوەی گەڕان (دەورەیی) و دوور بێت لە قۆڕخکاری. هاوکات بەرێوەبەریی هیچ پۆستێک لە دوو خولی بەدوای یەکدا زیاتر نەبێت.

٣ـ لە ئەگەری بەشدارییپێکردنی هەموو لایەنەکانی کوردستان کۆنگرە ئەو ڕەواییەی هەیە کە بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستان، داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بە فەرمیی جێگای نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان لە ناو پێکهاتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا بکاتەوە. پێویستە کۆنگرەی نەتەوەیی وەک نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان هەوڵ بدات بە فەرمی بە وڵاتانی دنیا ڕابگەیەنێ کە کێشەی خەڵکی کوردستان لە گەڵ ئەو وڵاتانەی دوور لە خواستی خۆی بەسەریاندا دابەش کراوە، کێشەیەکی سیاسی و یاساییە. کێشەی ماف و ئازادیی و بڕیاری چارەنووسی  نزیک بە٥٠ ملوێن مرۆڤە و پێویستە بە شێوەیەکی بنەڕەتیی چارەسەر بکرێت. پێویستە ئەم پرسە وەک کێشەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لەسەر گۆی زەوی سەیر بکرێت و هەوڵی چارەسەریی بدرێت.

٤ـ کۆنگرە بە هەموو لایێک ڕابگەیەنێ کە ئەو دامەزراوەیە بۆ دژایەتیی هیچ لایەنێک نییە بەڵکو پێداویستیەکی بارودۆخی کوردستانە و هەوڵ دەدات بە رێگەیەکی زانستی، سیاسی و ئاشتیانە رێچارەیەکی شیاو بۆ پرسی خەڵکی کوردستان بدۆزێتەوە. شیاوە لەرێگای راگەیاندنی کۆنگرە بەناوی خەڵکی کوردستانەوە پەیامی ئاشتیخوازانەی خەڵکی کوردستان بە نەتەوەکانی عەرەب، تورک، فارس و هەموو لایەک بگەیەندرێت و شی بکرێتەوە کە خەڵکی کوردستان چاوی نەبڕیوەتە ماف و خاکی هیچ لایەک و تەنیا دەیهەوێت لەسەر خاک و زێدی خۆی وەک هەموو خەڵکی دنیا بە سەربەستی بژیت. پێویستە لەو پەیوەندییە دا ڕەچاوی سیاسەتێک بکرێت کە نەتەوەکانی هاوسێ، کورد وەک خۆی بناسن و لە نیازپاکیی، ئاشتیخوازیی و هاوسێیەتی بێ زیان بۆ وان دڵنیا بن و فشار بۆ دەسەڵاتی وڵاتەکانیان بێنن کە خەڵکی کوردستان دوژمنی ئەوان نییە و شەڕ لە گەڵ خەڵکی کوردستان لە بەرژەوەندی هیچ لایەک دا نییە. هەروەها ڕوون بکرێتەوە کە لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکە دایە کە گیانی رۆڵەکانی نەتەوەکانی فارس، تورک، عەرەب و کورد پارێزراو بێت و خەرجیی و تێچووی شەڕ لە گەڵ خەڵکی کوردستان بۆ ئاوەدانی، خزمەتگوزاری و چارەسەریی بێکاریی بۆ هەر یەک لە وڵاتەکان بگەرێتەوە و کاروانی پێشکەوتنی ئەو وڵاتانە لە هەموو بوارێک دا خێراتر بێت.

٥ـ ویرای ئەوەی کە کۆنگرە پەیامی ئاشتیخوازانەی خۆی بە هەموو لایەک ڕادەگەیەنی و هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ بە ئاشتی چارەسەرکردنی پرسی خەڵکی کوردستان دەدات، هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئاشتیی یەک لایەنە نایەتە دی، کۆنگرە بەرنامە و پرۆژەی پێویستی بۆ بەرگریی خەڵکی کوردستان لەخۆیان هەبێت.

٦ـ کۆنگرە لە سەر ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پێداگریی بکات. بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک لە سەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری، ڕەخساندنی هەلی پێشکەوتن و کار بەبێ جیاوازی، خوێندنی خۆڕایی، بەرگریی لە هەژاران و چەوساوەکان و هەوڵی بنبڕکردنی چەوساندنەوە لە کوردستان لە هەموو بووارێکەوە، مافی ئازادیی بیر و ڕا دەربرین، مافی پێکهێنانی کۆر و کۆمەڵی سیاسی و پیشەیی، سەروەریی یاسا، دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ڕێی هەڵبژاردن، رێزگرتن لە بیر و باوەڕ، ئاین و کەلتوورە جیاوازەکان، پرۆژەی یەکسانیی ماف و ئازادی ژنان لە بەرنامە و پلانی کاری کۆنگرە دا بێت.

٧ـ پێویستە کۆنگرەی لە بابەت مافی بڕیاری خەڵکی کوردستان لە سەر چارەنووسی خۆی پێداگریی بکات.

 ٨ـ کۆنگرەی نەتەوەیی شەڕی ناوخۆیی بە تاوان بناسێت و بڕیار بدات کە لە داهاتوو دا بە هیچ بیانوویێک شەڕی ناوخۆیی ڕووو نەدا. ئەو ناکۆکی و گرفتانەی لە ڕابردوو دا لە نێوان لایەنەکان دا ڕوویان داوە و ئێستاش بە تەواویی چارەسەر نەکراون، هەوڵ بدرێت لە ڕێگای دیالۆگ و لە یەکتر تێگەیشتن بە شێوەی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و مێکانیزمی چارەسەریی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە. جێی خۆیەتی یەکەم داهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەوە بێت کە ناکۆکی و دژایەتی یەکتر کردن و پەلاماردانی یەکتر لە نێوان لایەنەکان بگۆڕدرێت بۆ کێبەرکێی دێموکراتیکی لایەنەکان بەتایبەت لە بووارەکانی داهێنانی نوێ و پرۆژەی پێشکەوتووتر و خزمەتکردنی زیاتر بە خەڵک و  نیشتمان. لەم پێناوەدا گونجاوە بەڵێننامەیەک بنووسرێت و واژۆ بکرێت کە لە داهاتوو دا هەموو لایەنەکان بە کردەوە پشت بە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستن و ڕێز لە بڕیارەکانی بگرن.

٩ـ کۆنگرە پلانی هەبێت بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی کارکردن، لێکۆلینەوە و گەشەپێدانی زمانی کوردی.

١٠ـ لە بەرنامەی کۆنگرە دا بێت کە لە داهاتوودا بە یارمەتیی کەسانی پسپۆڕ لە بووارەکانی کۆمەڵناسی، مافناسی و یاساناسییەو، پرۆژە یاسایەکی پێشکەوتوو، زانستیی و سەردەمییانە بۆ خەڵکی کوردستان داڕێژن.

١١ـ ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، بڕوامان بە سەربەخۆیی و یەکسانییە لە کوردستان و ئێستا لەم پێناوە دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازەکانی سیاسی و مەدەنی خەبات دەکەین. لە هەمان کاتدا ڕێز لە ئیرادە و بڕیاری خەڵکی کوردستان لە سەر چارەنووسی خۆیان دەگرین و ئەوەی خەڵکی کوردستان پەسندی بکات، ئیمەش ڕێزی لێ دەگرین. هاوکات هەر هەنگاو و هەوڵێک بۆ لێکنزیبوونەوەی لایەنەکان و یەکێتیی و یەکڕیزیی گەلەکەمان لە بەرژەوەندیی گشتی خەڵکی کوردستاندا دەبینین، بە بەشێک لە باوەڕ و ئامانجی خۆمانی دەزانین، بەرزی دەنرخێنین و پشتگیریی دەکەین.

سەقامگیر بێت یەکێتی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستان

سەرکەوێت شۆرشی ڕەوای خەڵکی کوردستان

دای بڕیژین کۆشکی یەکسانیی ژیان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٠٢/٠٨/٢٠١٣ی زایینی

١١/٠٥/٢٧١٣ی کوردی