شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە ئێران، لەسێدارەدانی زیاتر لە ٢٧ کەس لە ڕۆژێکدا

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-08-24

 

لە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی زیندانییان لە ئێران، ناوەندی بەناو دادوەریی ڕژیمی ئسلامی ئێران تەنیا لە ڕۆژێکدا ٢٧ کەسی لە شارە جیاوازەکانی ئێران ئێعدام کرد. ڕۆژی هەینی یەکی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی (٢٣/٠٨/٢٠١٣)، ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران هەواڵی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییانی لە زیندانەکانی ئێران ڕاگەیاند. بەشیک لەو ژمارەی کە دوێنێ لە سێدارە دراون بریتین لە: ١١ کەس لە زیندانی گۆهەردەشت و قزڵحەسار، ٥ کەس لە ئەراک، ٥ کەس لە ورمێ، ٣ کەس لە ئەردەبیل، ٢ کەس لە وەکیلئاوای مەشهەد و کەسێک لە هێندیجان لە پارێزگای خوزستان.

دوای ئێعدامکردنی ٥ زیندانییەکەی زیندانی ورمێ، چالاکانی مافی مرۆڤ هەواڵی تێکهەڵچوونی بنەماڵەکانی کەسە ئێعدامکراوەکانی ئەو زیندانەیان لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم لە بەردەم زیندانی ئەو شارە پشتڕاست کردەوە و ئەو بنەماڵانە دوای کۆبوونەوە لەم شوێنە و دەربڕینی ناڕەزایەتی، لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم ڕووبەڕوو بوونەتەوە و دەرکە و پەنجەرەکانی زیندانی ورمێیان شکاندوە. دوای ئەم ڕووداوە دوو کەس لە ناڕازییەکان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەسبەسەر کراون.

 ناوی ئەو زیندانییانەی لە ورمێ ئێعدام کراون بریتنیین لە: تەیموور شتابەندە و لوقمان ئالی سانی خەڵکی ورمێ، ناسر کەنعانی خەڵکی مەشهەد، کازم پارسا خەڵکی کرمان و کەریم تایوێردی خەڵکی شیراز.

شایانی باسە کە چالاکانی مافی مرۆڤ ژمارەی ئێعدامکراوەکان زۆر لەوە زیاتر بەراورد دەکەن. بەشێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ ژمارەی لەسێدارەدراوەکان دوای هاتنەسەرکاری حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران، بە زیاتر لە ١٤٠ کەس بەراورد دەکەن و پێیان وایە کە ڕژیم لە دانی ژمارەی ڕاستی ئێعدامکراوەکان خۆی دەبوێرێ. زۆربەی ئەو کەسانەی ساڵانە لە ئێران حوکمی سێدارەیان لەسەر بەڕێوە دەچێت، بە دزیی و دوور لە چاوی خەڵک و ڕاگەیاندنەکان لە سێدارە دەدرێن.

جێی ئاماژەپێکردنە کە حەسەن ڕووحانی لە کاتی پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماریی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ئەو هەڵبژێردریت و ببێتە سەرۆک کۆمار، دەوڵەتی "اعتدال" دادەمەزرێنێ و ڕێز لە مافی کەمیینەکان و مافی مرۆڤ دەگرێ، بەڵام لەگەڵ هاتنە سەرکاری ئەو شەپۆلی ئێعدامەکان دەستی پێ کردەوە و تا ئێستا چەندین ناوەندی فەرهەنگی و مەدەنیش داخراون.

ڕژیمی ئێران دوای دەوڵەتی چین بەردەوام زیاترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە جیهان بەڕێوە بردوە و ساڵانە بە سەدان کەس لە خەڵکانی ئەم وڵاتە و لەوانە خەڵکانی سەر وە نەتەوە بندەستەکان، ، جیابیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە بیانووی جۆراوجۆری وەک "دوژمنایەتیی خودا، تەجزیە تەڵەبیی و مادە هۆشبەرەکان" لەسێدارە دەدات. نموونەیەکی بەرچاوی ئەم کارەی کۆماری ئیسلامی ئێعدامەکانی بەکۆمەڵی زیندانییەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بوو کە بە هەزاران کەس لە دژبەرانی خۆی بە کۆمەڵ لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دا.