زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس لە ساڵی ٢٠١٢ لە جیهان لە سیدارە دراون، ئێران پلەی دووهەمی سێدارەی جیهانی بەدەستەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-02-24

 

 

ڕێکخراوی لێبوردنی ناونەتەوەیی لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا لەبابەت ژمارەی لەسێدارەدان لە وڵاتانی دونیا ڕایگەیاند کە تا ئێستا ١٤٠ وڵات سزای ئێعدامیان وەڵا ناوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەو وڵاتەنەی کە زۆرترین سزای سێدارەیان تێدا بەڕێوە دەچێت، کۆماری ئیسلامی ئێران دوای وڵاتی چین لە پلەی دووهەم دایە. هەروەها ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ئێران لانیکەم بەپیی ئامارە فەرمییەکان ٣١٤ کەس لە ساڵی ٢٠١٢ لەسێدارە دراون. هەر لەم بابەتەوە پێشتر ئەحمەد شەهید نوێنەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆف لە ئێران ڕایگەیاندبوو کە بێجگەلە ئامارە فەرمییەکان نزیک بە ٢٠٠ کەسیتر لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئێران لە سێدارە دراون کە ناوەکانیان بە فەرمی ڕانەگەیەنداروە و بەم پێیە ژمارەی ڕاستەقینەی ئێعدامکراوەکان لە ئێران بەلانیکەم ٥١٤ کەس بووە.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە سزای سێدارە لە ساڵی ٢٠١٢ دا لە ٢١ وڵات بەڕێوە چووە و ئەم وڵاتانەی زۆرترین ژمارەی سێدارەیان تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە:

 چین (لانیکەم ٦٨٢ کەسی ئێعدام کردوە کە ٢ کەسی لە ساڵی ٢٠١١ زیاترە).

 ئێران (پلەی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پلەی دووهەم لە جیهان دوای چین).

 ئێڕاق (لانیکەم ١٢٩ کەس، ژمارەی ئێعدامەکان لەو وڵاتەدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١١ دوو بەرابەر بووە).

 عەرەبستان (لانیکەم ٧٩ کەسی ئێعدام کردوە کە زۆربەی سزاکان لەڕێی سەربڕین لەناو خەڵکدا بەڕێوە چوونە).

 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا( ٤٣ کەس لە ٩ ئەیالەتی ئەو وڵاتە لەسێدارە دراون ، ئەم وڵاتە تەنیا وڵاتێکە کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە قاڕەی ئامریکا ئەم سزایەی بەڕێوە بردوە).

وڵاتەکانی تر کە لە ساڵی ٢٠١٢ ئەم سزایەیان بەڕێوە بردوە بریتین لە: یەمەن، سوودان، ئەفغانستان، گامبیا، ژاپۆن، تایوان، فەلەستین، سۆمالیا، کورەی باکوور، سوودانی باکوور، بێلارووس، بووتسوانا، ئیماراتی یەکگرتوو، پاکستان، هێند و بەنگلادێش.

شایانی باسە کە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هەموو سێوەیەک لە سزای سێدارە  و کوشتن ڕەت دەکاتەوە و لە بەندی دەهەمی پێناسەی باوەڕی یەکسانی لە بەرنامە و پێڕەوی کۆمەڵەی یەکسانیدا هاتووە کە "کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دژی هەموو شێوەیەکی سزای سێدارە و کوشتنە و ئەم سزایە بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەزانێ".