بانگەوازی یەکسانی بۆ مانگرتنی گشتیی دوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی
یەکسانی
22-11-2022
بانگەوازی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتیی لە کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
زۆر بەداخەوە ئاگادارتان دەکەینەوە کە ژینا ئەمینیی، کچە سەربەرزەکەی شاری سەقزی خۆڕاگر، کە بەهۆی شکنجەی پۆلیسی تارانەوە دوو ڕۆژ بوو لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە لەژێر چاوەدێریی پزیشکییدا بوو، ئەمڕۆ ٢٥ی خەرمانان بۆ هەمیشە چاوی لێکناو و گیانی بەخت کرد.
ژینا (مەهسا) ئەمینیی، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە گەشتێکی خانەوادەگییدا چووبووە تاران و لە وێستگەی مێترۆ بە بیانبووی بەدحیجابییەوە و لەبەر چاوی براکەی کەوتبووە بەر پەلاماری دڕندانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی گەشتی ئیرشاد و لەژێر شکنجەدا دەبرێتە گرتووخانە. دوای تێپەڕبوونی دوو کاتژمێرێک، ژینا لە دۆخی بێهۆشییدا دەگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا.
بەداخەوە ژینای کوردستان لە پایتەختی ڕژیمی مەرگ و سێدارەدا چاوی هەڵنەهێنایەوە بۆ هەمیشە بەجێیهێشتین. تەرمی خاتوو ژینا بەڵێن وایە سبەینێ شەممە بگوازرێتەوە بۆ سەقز و لە باوەشی گەرمی دانیشتوانی شارەکەی هاوڕێ مەستوورەی شاسوارییدا بەخاکی بریندار و داگیرکراوی کوردستان بسپێردرێت.
خەڵکی قارەمانی کوردستان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانییخواز!
ئەم تاوانەی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر نابێ بێوەڵام بمێنێتەوە.
خاوەندارێتییکردن لە گیانی شلێر و ژیناکان تەنها ئەرکی شارەکانی مەریوان و سەقز نیە. کۆماری ئیسلامیی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئێمە، لە ئیلامەوە تا سەقز داگیرکەرە و لە بست بە بستی کوردستاندا دەستی بە خوێنی گەلی ئێمە و ئازیخوازانی ئێرانیش سوورە. خاوەندارێتییکردن لە ژیناکان ئەرکی سەر شانی تاکبەتاکی کوردستانیان و ئازادییخوازانی ئێرانیشە.
کوشتنی ژینا برینێکی هاوبەشە بە جەستەی هەموو کوردستانەوە و نابێ خانەوادەی ژینا و شاری سەقز بەتەنها بهێڵدرێنەوە. ژینا، هێمای بەرخۆدانی هەموو کوردستانە. پێویستە هەر لە ئێستاوە خەڵکی شارەکانی کوردستان وەک مەریوانی شاری شلێرەکان دژی داگیرکەر و دژی کۆنەپەرستان بە ئاڵاو درووشمی یەکسانییخوازانەوە بێنە مەیدان. خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی دەبێ خەباتێک بێت لە دژی داگیرکەر و لە دژی ڕژیمێکی کۆنەپەرست و لە دژی هەموو جۆرە کۆنەپەرستییەک. پێویستە لە ئاکسیۆنەکانی شارەکانی کوردستاندا هێماکانی کۆنەپەرستیی و هێماکانی ڕژیمی داگیری ئیسلامیی بخرێنە ژێر پێوە و تووڕبدرێن.
چاوەڕوانیی لە ژنانی سەقز و هەموو ژنانی کوردستان ئەوەیە، کە پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتییانە بن و وەک مەستوورەی شاسوارییەکان بەرامبەر بە هێزە داگیرکەرەکانی ئێران بوەستنەوە.
کۆمەڵانی تێکۆشەری گەلی کوردستان!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، هەرچی زووتر وەک سەردەمی کۆچی مێژووی خەڵکی مەریوان بەهانای شاری سەقزەوە بچن و شەقامەکانی وڵات لە بن پێی ڕژیمی داگیرکەردا بهێننە لەرزە.
هەروەها داواکارین لە مانگرتنی گشتیی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ هەتاوییدا (١٩ی سێپتامبری ٢٠٢٢) بەشداریی چالاکانە بکەن و لەو ڕۆژەدا هەموو چالاکییەکانی کۆمەڵگا، هەموو کارگا و شوێنی کار و خوێندنگاکان بوەستێنن.
بەو هیوایە ئەم مانگرتنە گشتییەی کوردستان بۆ جارێکیش بووە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پشتیوانییەکی بەرچاوی لێ بکرێت.
وێڕای هاودەردیی و هاوخەمییمان بۆ خانەوادەی ژینای ئازیز، هیوادارین مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گشت ڕۆژهەڵات بگرێتەوە و یەکگرتووانە بە کۆماری ئیسلامیی و هەموو کۆنەپەرستانی نیشان بدەین کە:
کوردستان مەکۆی بەرخۆدان و سەربەرزیی و یەکسانییخوازییە و ئاڵای کوردستان و تەوارەکانی قەت نانەوێ! دەبێ نیشانی بدەین، کە هەرگیزا و هەرگیز داگیرکەران نابەخشین و تاوانی کوشتنی ژینا و شلێرەکانیش قەت لەبیرناکەین!
بۆ پێشەوە بەرەو مانگرنێکی سەرتاسەریی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی
١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی