هێرشی سوپای تیرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار دەکەین!

یەکسانی
14-11-2022

خەڵکی خۆڕاگری کوردستان!

حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

حیزب و لایەنەکانی کوردستانی گەورە!

لەکاتێکدا خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای ٤٣ ساڵ فیداکردنی ڕۆڵەکانی لەپێناو ڕزگاریی و یەکسانیی، ئێستاش بە ورەی پۆڵایینی لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە و تەسلیمی ئەم ڕێژیمە کۆنەپەرستە نەبووە، ئێستا زیاتر لە پێشوو، شۆڕشی ژینای  گەلەکەمان پایەکانی ئەم ڕێژیمە جینایەتکارەی هێناوەتە لەرزە و لە هەموو کاتێک زیاتر تووشی پەلەقاژەی مەرگی کردووە.

کوردستانییانی خۆڕاگری ڕۆژهەڵات!

وەک لای هەمووان ئاشکرایە، سەرهەڵدانی ئەم جارەی گەلەکەمان دوای گیانبەختکردنی ژینا، کیژی شارە خۆڕاگرەکەی نەمران تەوار و شەیدا و عەبە و دەیان نەمری تری گەلەکەمان، ئێستا هەموو گەلانی ژێر ستەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ئێرانی هێناوەتە سەر پێ و ڕۆژ نییە لە دەیان شار و شارۆچکەی ئەم جوگرافیایە خەڵکی ناڕازیی لەم سیستەمە فاشیست و گەندەڵ و دواکەوتووە نەهێنە سەر شەقام و دروشمەکانی مەرگ بۆ دیکتاتۆر، مەرگ بۆ خامنەیی، نا بۆ کۆماری ئیسلامی و دەیان دروشمی تر لە دژی ئەم سیستەمە و دەزگا سەرکوتکەرەکانی و بەتایبەت دژی هێزە تیرۆریستەکانی سوپا و بەسیجی پاسداران نەڵێنەوە و خەو و خۆراک لە م تیرۆریستانە نەزڕێنن. هەر بۆیەش ئەم دەزگا تیرۆریستانە کە پارێزەری ئەم نیزامە بۆگەنەن، ئەمڕۆ٢٣/٠٨/٢٧٢٢ی کوردی (١٤/١١/٢٠٢٢)، بۆ جارێکی تر بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردەوە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور و بەداخەوە چەندیین پێشمەرگە و خەڵکی سێڤیل لەم هێرشانەدا شەهید و بریندار بوون.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای سەرەخۆشیی لە هاوڕێیان و هاوخەباتەکانمان لە هەر کام لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و لە بنەماڵە و کەسوکارە سەربەرزەکانی ئەم شەهیدانە، هیوای چاکبوونە بۆ بریندارەکان دەخوازیین. چاوەڕوانییمان لە هەموو حیزب و لایەنەکانی کوردستانی گەورە و بەتایبەت حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان ئەوەیە کە لە بەرامبەر کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستی ئاشکرا بگرن و ئەوەی لەدەستیان دێت بۆ پاراستنی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانییان درێخیی نەکەن.

هاوکات داوا لە هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە زیاتر لە هەر کاتێک یەکگرتوو بیین و بە پێکهێنانی بەرە یان پلاتفۆرمێکی بەریین کە نوێنەرایەتیی هەموو لایانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، وەڵامێکی پێویست بەم ڕێژیمە و کردەوە تیرۆریستییەکانی  بدەینەوە و ئەو هەنگاوە مەزنە بنێیین کە پێویستیی گەورەی ئەم قۆناخە مێژووییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەمەش لە لایەک خەونی کۆماری ئیسلامیی بۆ لاوازکردنی شۆڕشی کوردستان لەگۆڕ دەنێیین و لە لایەکی تر هیوای گەلەکەمان بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕیژیمی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامییدا زیاتر دەکەین.

سەرکەوێ شۆڕشی یەکسانییخوازانەی گەلی کورد و سەرجەم گەلانی ژێر ستەمی کۆماری ئیسلامی!

ژن، ژیان، ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٣/٠٨/٢٧٢٢

(١٤/١١/٢٠٢٢)