سووتاندنی شوێنە گشتییەکان لە بەرژەوەندیی خەڵکدا نییە!

یەکسانی
20-11-2022

خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ڕۆشنبیران و چالاکوانانی شارستانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

هەرچەندە کۆماری ئیسلامی لە کوشتن و بڕین و خەیانەت بە سەر و ماڵی خەڵک و تیرۆر و جینایەت زیاتر، بەرهەمێکی بۆ خەڵکی ئێران بە گشتی و بۆ کوردستان بەتایبەتیی نەبووە بەڵام بەو حاڵەشەوە سووتاندن و تێکشکاندنی بنکە گشتییەکانی وەک ئیدارەکانی ئاو، بەرق، کەشاوەرزی، شارەداریی، فێرکردن و پەروەردە ( ئامووزش و پەروەرش)، تۆماری گشتیی کەسێتیی (سەبتی ئەحواڵ)، قوتابخانەکان، بانکەکان و کۆمەڵێک ئیدارەی تر کە بە هەموو کەمووکووڕییەکانیانەوە و سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لە کارمەندەکانیان هەڵبژێردراوی ڕیژیمن، بەڵام کاری ناوخۆیی شار و دێهاتەکان رادەپەڕێنن و بەبێ ئەوان بەشێکی گرینگ لە پێداویستییەکانی خەڵک دەوەستێت.

هاووڵاتیانی ئازیز!

پێویستە هەموومان وشیار بیین کە ڕێژیم بۆ هەموو شوێن و سەرهەڵدانێکی شۆڕشگێڕانە پیلانی هەیە و زۆر جار بە کەسانی بەکرێگیراو، ڕێڕەوی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەرەو تێکدان و سووتاندنی شوینە خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەگۆڕێ و لەجێی زیانگەیاندن بە بنکەکانی ڕێژیم، ڕێرەوەکە دەگۆڕێت بۆ زیانگەیاندن بە خەڵک. هەر بۆیەش داوامان لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت لە ڕۆشنبیران و چالاکانی شارستانی ئەوەیە کە بە هەر شێوەیەک دەتوانن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو بە گشتی و گەنجان بەتایبەتیی درێخیی نەکەن تا ئەم شوێنە گشتییانە بپارێزن. بێگومان پێویستە گەنجەکانمان وزەکەیان لە شوێنی خۆی و لە دژی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم  بەکار بێنن نەوەک لەم شوێنانە کە مڵکی گشتیی خەڵکن و سووتاندن و تێکدانیان بە زیانی خەڵکە.

سەرکەوێت خەباتی یەکسانییخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە دژی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی!

ژن، ژیان، ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان!

٢٧٢٢/٠٨/٢٨

٢٠/١١/٢٠٢٢