پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان دەکەین!

یەکسانی
21-11-2022


هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان!
بە خۆشییەوە هەواڵی یەکگرتنەوەی ئێوەمان پێ گەیشت! ئێمە لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پیرۆزبایی ئەم هەنگاوە بەجێیەتان، لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانتان دەکەین . خۆشحاڵیین کە لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا توانییتان پڕۆسەی یەکگرتنەوەتان بە سەرکەوتن بگەیەنن و بڕیار بدەن بە یەکەوە لە ناو ڕێخستنێکی هاوبەشدا درێژە بە خەبات بدەن. هیوادارین ئەوە یەکگرتنەوە ببێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێ و هاندەر بێت بۆ زیاتر لە یەک نزیکبوونەوەی هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بێگومان لە بارودۆخی ئێستای کوردستاندا و بەتایبەتییش لەم قۆناخە هەستیارەدا کە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیوە و ڕۆژانە چەندین هاووڵاتی گیانی خۆیان بەخت دەکەن، هەر هەنگاوێک لە پێناو یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان، باشتریین وڵامە بە ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی و باشتریین دڵخۆشییشە بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەم هیوایە کە گشت لایەنە سیاسییەکان واز لە ناکۆکیی و دژایەتیی یەکتر بێنن و توانا و وزەی خۆیان بە یەکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرخستنی ڕاپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوەی کوردستان و بەرپەرچدانەوەی پیلانە دووژمنکارییەکانی ڕژیم بەکار بێنن.
بژی ئاشتی! بژی هاوخەباتی هاوبەشی لایەنە سیاسیەکان!
سەرکەوێ شۆڕشی گەلانی چەوساوەی ژێر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی!
ژن، ژیان، ئازادی!
 کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢١/١١/٢٠٢٢