بەڕێوەچوونی سێمینارێک لە ئاڵمان بۆ دوو ڕووانگەی جیاوازی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-12-11

 

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوزی ١٣٩٢ی هەتاوی (١٠/١٢/٢٠١٣ )، لە سەر داوای "کۆمەڵەی بەرگریی لە خەڵکی ئێران" ، سێمینارێک بۆ نوێنەرانی دوو حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان) لە شاری هامبۆرگ ڕێک خرا. ئامانج لەم سێمینارە بریتی بوو لە "کوردستان لە دوو رووانگەی جیاوازەوە" کە هەر دوو لایەن لە دوو ڕووانگەی جیاوازەوە (فێدڕاڵخوازیی و سەربەخۆییخوازیی) باسی کوردستان، ئێران و مافەکانی کوردیان بە گشتیی بۆ ئامادەبووان کرد.

لەم سێمینارەدا کە کۆمەڵێک لە چالاکانی فارس و کوردی سەر بە لایەنە جیاوازەکانی کوردستانی و ئێرانی نیشتەجێی ئاڵمان تێیدا بەشدار بوون، سەرتای سێمینارەکە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرن لە گیان و خەباتی نێلسۆن ماندێلا کە لەم چەند ڕۆژەدا کۆچی دوایی کرد، دەستی پێ کرد. پاشان کاک  ''شەهریار نەقشبەندی'' بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لە ڕووانگەی حیزبی دێموکراتەوە باسی ئێران و نەتەوە بندەستەکانی ئەم وڵاتەی کرد و فێدرالیزمی وەک رێچارەیەکی گونجاو لە ڕووانگەی حیزبی دێمەکراتەوە خستە ڕوو.

پاشان هاوڕێ "هومێد فەیزی"  نوێنەری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە هامبۆرگ، ڕووانگەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانی لە بابەت کوردستان و ئێران لەگەڵ کورتەیەک لە مێژووی خەباتی کۆمەڵەی یەکسانی لەپێناوە بڕیاری خەڵکی کوردستان لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووس باس کرد.

لەکۆتایی باسەکەدا هەر دوو نوێنەری حدکا و کۆمەڵەی یەکسانی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانیان دایەوە و سێمینارەکە دوای سێ کاتژمێر کۆتایی هات.

شایانی باسە کە لە کۆتایی سێمینارەکەدا یەکێک لە ئامادەبووان کە لە لایەنگرانی سەڵتەنەت لە ئێران بوو، لە باسی سێمینارەکە تووڕە بوو و وتی کە "کوردستان هی ئێوە نییەو ئێمە ناهێڵین بستێک لە خاکی کوردستان بۆخۆتان بەرن"، کە ئەم هەڵوێستە لەگەڵ پێکەنینی ئامادەبووان بەروەڕوو بۆوە و پاش چەند پرسیار و وڵامێکیتر سێمینارەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هات.