کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەرکردنی پەنابەرانی بێپەنای ئەفغانیی دانیشتووی ئێران بە توندی شەرمەزار دەکات!

Yeksani
06-07-2025

کۆماری ئیسلامیی بەدوای شکستی سەرشۆرانەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل ــ ئێراندا و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕیسواییە ئاسایشیی و سەربازیی و سیاسیەکانی خۆی و بە بیانووی بوونی کەسانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لەنێو ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێراندا، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری بێپەنای ئەفغانیی، کەسانێک کە گیانیان لە ئەفغانستان لەژێر هەڕەشەدایە لەوپەڕی توندوتیژییدا ڕەوانەی دۆزەخی حکوومەتی تاڵەبان کردۆتەوە. ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ئەم دواییانە ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠ هەزار پەنابەری ئەفغانیی ڕادەستی تاڵەبان کراونەتەوە. کۆماری ئیسلامیی هاوکات بە هەمان بەهانە، هێرشێکی بەربڵاوی کردۆتە سەر چالاکە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەم ماوەیەدا هەزاران کەسی ڕاپێچی زیندانەکانی کردووە و ژمارەک زیندانیی سیاسیشی لەدار داوە. بۆ زانیاریی زیاتر لەم بارەوە سەرنجتان بۆ ئەم ڕاگەیاندنەمان ڕادەکێشین:

ئاشکرایە کە ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا دۆزەخێکی دەبڵ ڕاستەقینە بووە بۆ  پەنابەران و کۆچبەرانی ئەفغانیی. ئەو خەڵکە لەو وڵاتەدا لە بچووکترین مافەکانی مرۆڤ کە خوێندن و کار و ئازادی ژیان و بەشداریی کۆمەڵایەتیی بێت بێبەهرە کراون. پەنابەرانی ئەفغانیی لە هەموو ماوەی تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامییدا وەک پەنابەریش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکراوە و پشتگیرییەیکی ماددیش نەکراون، بەڵکو ئەو یارمەتییە داراییانەش کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ پەنابەرانی ئەفغانیی نێردرابێت، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە حەپەلووش کراوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە کۆماری فاشیستی ئیسلامیی، ڕژیمێک کە خۆی سەرچاوەی هەموو کێشەکانی خەڵکی ئێرانە، لەڕێگەی ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکانیەوە هەمیشە بوونی پەنابەرانی ئەفغانیی بە بارگرانییەکی ئابووریی و بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی نەهامەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران لەقەڵەم داوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دونیا دەزانێت کۆماری ئیسلامیی خۆی سەرچاوەی سەرەکیی هەموو کێشە و شەڕ و ئاژاوەکانە لە ئێران و دەڤەرەکە. ئەم ڕژیمە بە هەناردەکردنی بیری ئیسلامیی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و بە هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان و بە چەکدارکردن و پشتگیریی ئابووریی سەدان ملیۆن دۆلاریی ڕێکخراوە ترۆرسیستییە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و بە پڕۆژە ئەتۆمییە چەن ترلیۆنیە بێسوودەکەی و بە گەندەڵییە بەربڵاوە دارایی و ئابوورییەکانی، بە سکانداڵە ئابوورییە بان سێ ملیارد دۆلارییەکەی ناسراو بە چای دەبش و بە تەرخانکردنی دارایی و ئابووریی ئێران بۆ هاژەک و درۆنسازییەکەی، ئابووریی ئێرانی وێران کردووە و ئەو وڵاتەی خستۆتە نێو گەمارۆیەکی ئابووریی جیهانیی و بە سیاسیەتە شەڕفرۆشییە ئیسلامییەکانی سەرەنجام شەڕی گەیاندە شەقامەکانی تارانیش. شەڕێک کە لەپاڵ تەکنۆلۆژیای مۆدێرنی جەنگیی ئیسرائیل و  باڵادەستیی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتە لە ئاستی هەر باڵای سەرکردایەتیی سوپای پاستاران و دەمودەزگا هەواڵگریی و ئاساییشییەکانی ئێران ڕۆڵێکی هەرە گرنگی بینی.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی  پەلاماری دڕندانەی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر پەنابەرانی ئەفغانیی و ناردنەوەی ملیۆنیی ئەو خەڵکە بۆ ئەفغانستانی ژێر دەستی تاڵەبانی ترۆریست، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات سنوورێک بۆ ئەم تاوانکارییانەی کۆماری ئیسلامیی دا بنێن.

هاوکات داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین یەکگرتووانە و هاوهەنگاو بە هاواری زیندانیانی سیاسیی ئەم دواییە و پەنابەرانی ئەفغانییەوە بچن کە کۆماری ئیسلامیی بڕیاری داوە سەرجەم دو ملیۆنیان ڕادەستی تاڵەبانی ئەفغانستان بکاتەوە. پێویستە ڕێگە نەدرێت چی دیکە کۆماری ئیسلامیی بۆ لێدانی شۆڕشی ژینا و بۆ لەسەرپێمانەوەی خۆی، تاوانەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵکی ئاسایی و بەتایبەتیی پەنابەرانی زۆرلێکراوی ئەفغانیی دانیشتووی ئێران و بە بیانووی شەڕەوە کەشێکی جەنگیی و میلیتاریستیی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاویی

٦ی جوڵای ٢٠٢٥