بەداخەوە مامۆستا بابەک ئەحمەدیی لەژێر گوشاری ئابووریدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
Yeksani
09-11-2025
بەداخەوە دوێنێ ١٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاویی مامۆستا بابەک ئەحمەدی یەکێک لە پەروەردەکارانی خۆشەویست و خاوەن ئەزموونی شاری سنە و تاکە ناناوەری خانەوادەیەکی پێنج کەسیی، بەهۆی نەداریی و نەبوونی توانای کڕینی دەرمانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و هاوسەر و دوو جگەرگۆشە وردیلەکەیی و دایکە بەساڵاچووەکەی بۆ هەمیشە نوقمی ئازاری خەمێکی بێبڕانەوە کرد.
بەداخەوە مامۆستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەکەوە لەژێر گوشارێکی سیستماتیکی ئاساییشیی ڕژیمدان و لە لایەکی تریشەوە ناچارن بۆ دابینکردنی ژیانێکی مەمرەومەژیی لەپاڵ کاری مامۆستایەتیی پەنا بۆ کاری تر بەرن. کەم نین ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی کە لە چیاکانی کوردستان و لە کۆڵبەرییدا ژیانی خۆیان لە پێناو بەدەستهێنانی نانێکی سەربەرزانەدا دەخەنە مەترسییەوە.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کۆماری فاشیستی ئیسلامیی بە بکوژی مامۆستا بابەک ئەحمەدی دەزانێت و داوا لە مامۆستایان و خوێندکاران و هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەکات بەدەم خانەوادەی دڵبرینداری مامۆستا بابەکەوە بچن و لە یارمەتییدانیان درێغیی نەکەن و فشار بۆ ڕژیم بێنن کە خانەوادەی مامۆستا بابەک قەرەبوو بکاتەوە.
ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆمان بۆ خانەوادە و کەسوکاری مامۆستا بابەک ئەحمەدی و خەڵکی شاری سنە، داوا لە ڕێکخراوەکانی مامۆستایان و خوێندکاران و ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵک دەکەین یەکگرتووانە دەست بدەنە هەڵمەتێکی سەرتاسەریی و خوازیاری ئازادیی مامۆستایانی زیندانیی و گەڕانەوە سەر کاری مامۆستا دەرکراوەکان و خوازیاری ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕژیم بن بۆ سەر ژیان و گیانی مامۆستایانمان کە چرای هیوای ئەمڕۆ و سبەی وڵاتەکەمانن.
سەرکەوێت خەباتی مامۆستایان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!
بڕووخێت کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی!
ناوەندی ڕاگەیاندی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ هەتاویی / ٩ی ئابی ٢٠٢٥