سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتبوونەوە و سڕینەوەی کوردستان لە نەخشەی ستراتیژیی پەکەکەدا

Yeksani
19-11-2025

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

پاشەکشە بەردەوامە سیاسیی و بەرنامەیی و تیئۆریکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و پاشگەزبوونەوەی لە خواستی سەربەخۆیی کوردستان و ئۆتۆنۆمی و فدرالیزم و کۆنفدرالیزم و ئەم دواییانەش تەنانەت لە هەر چەشنە خۆبەڕێوەبەرییەک بۆ کوردستان، ئەویش بە بیانووی شکستی ڕێیالسۆسیالیزم و بەسەرچوونیسەردەمی سیستمی دەوڵەت ـــ نەتەوە و هاتنی چاخی خەبات بۆ دێموکراتیزەکردنی نەتەوەکان، پرۆسەیەکی دوورودرێژی خۆهەڵوەشاندنەوەیەکی سیاسیی و ستراتیژیکی ئەم ڕێکخراوە بووە بە ڕێبەرایەتیی ئۆجەلان، کە بەشێوەیەکی تایبەتیی لە گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی ڕفاندنی ئۆجەلانەوە وە دەست پێ دەکات و لە کۆنگرەی دوانزەهەمی ئەو حیزبەدا و لەسەر داوای ئۆجەلان، خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی بێمەرج و بێداخوازیی ئەم ڕێکخراوەی لێ کەوتۆتەوە.

ئەوەی جێی داخ و سەرسوڕمانە ئەوەیە کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بڕیاری وەلانانی خەباتی چەکداریی و چەکدانانی بێمەرج و بێ داخوازیی ئەو ڕێکخراوە لە کاتێکدا ڕوو دەدات، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکارییگەلێکی گەورە و گرنگ لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و تەڤگەرەکەی ڕوویان داوە و پەکەکە و کورد بەهێزن و دوژمن لاواز و نیگەران.

بەداخەوە لە هەلومەرجێکدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانەوە و لەژێر گوشاری فاشیزمی تورکییدا پەکەکە ناچار بە پاشەکشەیەکی ستراتیژیکیی و سازانێکی ملکەچانە دەکات، کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا هیچ کات هاوکات داگیرکەرانی کوردستان ئەوەندە لاواز و شپرز و کوردستانیش لە هەموو بەشەکانی هێندەی ئەمڕۆ بەهێز نەبووە. ئەوەتا ڕۆژاوای کوردستان ئەمڕۆکە خاوەن دەوڵەتێکی بەفەرمیینەناسراوی هەرە بەهێز و خەڵکییە و باشووری کوردستانیش دەوڵەتێکی خۆجیی دانپیانراوە و ئەم دوو بەشەی کوردستان تەنانەت خاوەن ژێرخان و سەرخانەکانی بە دەوڵەتبوونن و بوونی دەسەڵاتێکی گەندەڵ لە باشوور، هیچ لەو ڕاستییە کەم ناکاتەوە.

لە وەها سەردەمێکدایە کە ڕژیمی فاشیستیی تورکیە و دەوڵەت باخچەلیی باوکی فاشیزمی تورکیی نیگەران دەبن و ڕادەچڵەکێن. ترسیانە لە درێژەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بڕووخێ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێ، دەسەڵاتی ڕۆژاوای کوردستان بە فەرمیی بناسرێ، باکووری کوردستان ڕاپەڕێ و لەم دۆخە نوێیەدا خەونی عوسمانییە نوێیەکە لە نێو بەرداشی ڕاپەڕینی کورد و ئابوورییە داڕماوەکەیاندا ورد و خاش بێ و ببێتە تۆزی بانان. بۆیە ژووری هزریی فاشیزمی تورکیی لە وەها دۆخێکدا لە دەرگای ئیمراڵیی دەدات تا بە سوودوەرگرتن لە پێگەیەک کە ئۆجەلان لای پەکەکە هەیەتی، لە کورتماوەدا نشتەر لە ڕیشەی پەکەکە بدەن و لە درێژماوەداشدا ئۆجەلان وتەنیی، کورد "دڵخوازانە" لە تورکیە "ئینتگرە" بکرێت.

بەم جۆرە و لە وەها بارودۆخێکدا و بەم ئاراستە شوومەدا و لە پشت پەردە و میلەکانی زیندانەوە پڕۆسەیەکی تەواو نهێنیی دەست پێ دەکات. پڕۆسەیەک کە دەوڵەتی تورکیە و هەموو لایەنە سیاسیە تورکەکان بە پرۆسەی بنبڕکردنی ترۆر و ئۆجەلان و پەکەکەش بە پێڤاژۆی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دێموکراتیک ناوی دەبەن. پێڤاژۆیەک کە تا ئێستا ڕوو بە خەڵکی کوردستان و تورکیە، مژار و خاڵەکانی نەخراونەتە ڕوو و ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنها ئەوەیە کە هەر ماوەی جارێک شاندێک لە پەرلەمانتارانی دەمپارتی دەچنە ئیمراڵیی و لەبەردەم مێدیاکانی تورکیەدا هەندێ شتی گشتیی بە پێچوپەنا دەڵێن و ئامادە نین بە ڕوونیی خەڵک لەناوەرۆکی گفتوگۆکانی نێوان ئۆجەلان و تورکیە ئاگادار بکەنەوە. وەک بڵێی ئەم پرسە، پرسێکی تایبەتیی نێوان ئۆجەلان و تورکیە بێت و کەس بۆی نەبێت بەدواداچوونی بۆ بکات. گفتوگۆ و دانوستانێک کە تا ئێستاش رژیمی تورکیە حاشای لێ دەکات و بە پرۆسەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر ناوی دەبات.

هەڵبەت لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەوە وا پێ دەچێت، هەر زوو و بەر لە بڵاوبوونەوەی نامەکەی ٢٧ی فێبریوەری ئۆجەلان، بە ئەگەری زۆر بێ ئاگاداری قەندیل، بە وردیی بەرنامەڕێژیی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە کرابێ. بۆیە پاش بڵاوبوونەوەی نامەکەی ئۆجەلان کە تیایدا داوای کردبوو پەکەکە هەرچی زووتر کۆنگرە بگرێ و خۆی هەڵبوشێنێتەوە، ئەو ڕێکخراوە بەخێرایی کۆنگرەی ١٢ دەبەستێ و موو بە موو بڕیارەکەی ئۆجەلان جێبەجێ دەکات و بە دوای بڵابوونەوەی یەکەم پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلانیشدا، لە ڕێکەوتی ٩ جولای ٢٠٢٥، بۆ نواندنی ڕژدیی و نیازپاکیی خۆی، بە ئامادەبوونی مێدیای کوردیی و تورکیی و جیهانیی، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتارانی دەمپارتی و سیاسەتمەدارانی تری باکووری کوردستان و گۆیا بە ئامادەبوونی دەزگای هەواڵگریی تورکیەش، لە ئەشکەوتی جاسەنەی دەڤەری سلێمانیی، ڕێوڕەسمێکی "سمبولیکی" چەکسووتاندنی بە بەشداریی بەسێ هۆزاتی هاوسەرۆک و ٢٩ گەریلای تر بەڕێوە برد، کە تیایدا پاش سووتاندنی چەکەکان، گەریلاکان بە خەمگینی و دڵشکاویی دەگەڕێنەوە چیاکان.

لەو پڕۆسە پۆلیسییەدا تا ئێرە و بە فەرمانی ئۆجەلان، پەکەکە هەموو کارتەکانی خۆی بێ هیچ دەستکەوت و بەڵێنییەکی لایەنی تورکیی، بێ ئەوەی ئەو ڕژیمە بچووکترین هەنگاوی یاسایی نابێ، ڕۆ کردووە. خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، ئامادەیە چەک دابنێ، دەستی لە هەموو مافە سیاسیی و نەتەوایەتییەکانی کوردستان شتووە و هەموو ئەمانەشی لەبری ئەوە کردووە کە تورکیە دەڵێ کورد هەیە. وەک بڵێی ئەو فوراتە خوێنەی کە لە سەت ساڵی ڕابردوودا لە باکوور بۆ ڕزگاریی کوردستانی داگیرکراو دراوە، هەر بۆ ئەوە بووبێ کە داگیرکەر بیسەلمێنێ کورد هەیە.

پاش بڵاوبوونەوەی پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان، مێدیاکانی پەکەکە ڕایان گەیاند کە ڕۆژی دواتر ئەردۆغان لە پەیوەند بە پرۆسەی ئاشتییەوە پەیامێکی مێژوویی دەبێت، بەڵام هەر وەک بینیمان خەلیفە فاشیستەکە، لە کاتێکدا کە ناوچەکانی گەریلا لە لایەن سوپای تورکەوە لە ئاسمان و زەویەوە بە خەستیی بۆردومان دەکران، لە بۆنەیەکی حیزبییدا، وێڕای هەندێ وردە گلەیی لە حکوومەتەکانی پێشووی تورکیە، بە زمانی عوسمانیی نوێ، ئامەد و ڤان و سلێمانی و هەولێریشی بە شارگەلێکی هاوبەشی کورد و تورک هەژمار کردن. وا پێ دەچێت تورکیە بیەوێت لەو برایەتی کورد و تورکەی وا ئۆجەلان پێداگریی لەسەر دەکات ئەوە بچنێتەوە، کە لە هەر کوێ کورد هەبێ تورکیش هەیە. ئەمەش بەو واتایەی کە هەموو بستە خاکێکی کوردستان لە ئیلامەوە تا کەرکووک و لە سلێمانیەوە تا قامیشلوو و ڤان، بەشی تورک و تورکی براشی پێوەیە و تورکستانێکە.

ئێمە پێمان وایە پڕۆسەی بەناو ئاشتیی بۆ ئەردۆغان، لە کورتماوەدا بەدەستهێنانی دەنگی کوردانە بۆ هەڵبژێردرانەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئایندە و کەرەسەیەکیشە بۆ ململانێی حیزبەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی تری تورکیی و لە درێژماوەشدا لکاندنی هەموو کوردستانە بە تورکیەوە، ئەگەر ڕۆژێک وەها هەلێکیان بۆ بڕەخسێت. ئەم پرۆسەیە بۆ باخچەلیی و دەوڵەتی قووڵی تورکیە پاراستنی تورکیەیە لە مەترسیی ئەو باهۆزەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵی کردووە و ئەمەشیان چەندین جار بە ڕاشکاوی و لە ڕێی مێدیاکانەوە هێناوەتە زمان. فاشیزمی تورکیی گەرەکیەتی ئەم جارە، بە سوودوەرگرتن لە کارێزماترین ڕێبەری کورد و گەورەترین حیزبی کوردستان، پاکتاوێکی نەرمی نەتەوایەتیی لە باکووری کوردستان بەڕێوە بەرێت تا بە خەیاڵی خاویان، کورد و خەونی سەربەخۆیی کوردستان بۆ هەمیشە لە گۆڕ بنێن و لە ململانێکانی ئەمڕۆی نێوان زلهێزە ناوچەییەکانیشدا بە سەلامەت دەربازیان بێت. ئەمەشیان نەشاردۆتەوە و گەلێک جار باخچەلی ڕاشکاوانە وتوویەتی: پاش لێدانی ئێران، نۆرەی ئێمە دێت.

ئاشکرایە کە ئەم پرۆسەی بەناو ئاشتییە تا ئێستا لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازییەکی وەهای لێ نەکراوە و مایەی نیگەرانیی خەڵکە، چونکە زانیارییەکی ئەوتۆیان لەسەر ناوەرۆکی گفتوگۆکان نیە و کەس نازانێ لەسەر چی ڕێککەوتن کراوە و پرۆسەکە بەرەو کوێ دەچێت. ئاشکرایە کە نامە و پەیامەکانی ئۆجەلان کە لەلایەن مێدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە بە گەرمیی شرۆڤەیەکی ئەرێنیییان بۆ دەکرێ و بە سەرکەوتن و خۆنوێکردنەوە و بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێی خەبات لێک دەدرێنەوە، هیچیان بۆ خەڵکی کوردستان تێدا نیە. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کە ئەم قۆناغە نوێیە نوێبوونەکەی لە چی دایە؟ سەرکەوتن لەم قوناغە نوێیەدا لە چیدایە و لەم قۆناغەدا خەبات بۆ چی دەکەیت، چیت گەرەکە و لە کوێی دەکەیت؟ لەژێر دەسەڵاتی فاشیزمی ئەردۆغان ـــ باخچەلیدا؟ ئایا ئەوان یەکشەوە بوونەتە لایەنگری دێموکراسی؟ ئایا لەم خۆهەڵوەشاندنەوە و وەلانانی خەباتی "چەکداریی"ـەدا گەرەکتە چی بچنیتەوە؟ ئازادیی هەزاران زیندانیی سیاسیی کورد بە پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانیەکانەوە، کە تا ئێستا جگە لە دوو کەس کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە زیندانی تورکیەدا بوون کەسیان لێ ئازاد نەکراوە و زیاتریشیان ڕاپێچی زیندان کراون؟ خوێندن بە زمانی کوردی، کە تا ئێستا لەم بارەوە وشەیەکمان لە ئۆجەلان و شاندی ئیمراڵی و خودی پەکەکەش نەبیستووە؟!

بەداخەوە مێدیاکانی پەکەکە گەرەکییانە وای نیشان بدەن کە بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە خەباتی چەکداریی وەک تاکتیکێک وەلا دەنێن، بەڵام لە ڕاستییدا ئەمە دیوی ڕووکەشی پرسەکەیە و وشیارانە زەق دەکرێتەوە و وەک دیوی ناوەوەی پرسەکەش پێناسە دەکرێ و بە دەستەواژەی پڕ زەرق و بەرقی کۆمەڵگەی دێموکراتیک دەڕازێندرێتەوە.

بێگومان ئەگەر پرسەکە هەر خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و وەلانانی تاکتیکی خەباتی چەکداریی و دەسپێکردنی خەباتێکی سیاسی و یاسایی و موتوربەکردنی ڕیزەکانی پەکەکە و دەمپارتی بووایە و گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی گەرەنتیکراوی گەریلاکان بۆ شارەکان، کێشەکە هێندە گەورە نەدەبوو، بەڵام کێشەی سەرەکیی، دیوی ناوەوەی پرسەکەیە کە وەلانانی پرسی نەتەوایەتیی کوردستانە لە ڕێگەی سازانێکی ملکەچانەی سیاسی و ستراتیژیک کە تیایدا کوردێکی بێ کوردستان هەیە، مافی چارەی خۆ نووسین و هەموو چەشنە فۆرمێکی خۆبەڕێوەبەرییش بۆ باکووری کوردستان و بەشەکانی تری کوردستان ڕەت دەکرێتەوە.

ڕاگەیاندنی پەکەکە لە زمانی ئۆجەلانەوە پێمان دەڵێن: ئێستا کە سیاسەتی نکۆڵییکردن تەواو بووە و بوونی کورد لە تورکیە دانی پێدا نراوە، پەکەکە وەک حیزبێک پێویستیی بوونی خۆی لەدەست داوە، چونکە "دەوڵەت" دەڵێ کورد هەیە و برای تورکە. پێمان دەڵێن: ئێستا کە سەردەمی دەوڵەت ـــ نەتەوە بەسەر چووە، گرنگترین پرس، تیمارکردنی برینی برایەتیی هەزارساڵەی کورد و تورکە. برایەتییەک کە بە وتەی ئۆجەلان هەمیشە دەسەڵاتە هەژمونگەراکان هەوڵیان داوە تێکی بدەن. پێمان دەڵێت: تیمارکردنی ئەم برینەش هەر بە پرۆسەی ئاشتیی و دێموکراتیک دەکرێت. بە پرۆسەیەک کە لە ڕاستییدا نە پرۆسەی ئاشتییە، نە بۆ ئاشتییە و نە دێموکراتیکە و نە بۆ دێموکراسیی و برایەتیی کورد و تورکیشە. ئاخر پرۆسەیەک کە ئەندامانی پەکەکە و گەریلا و خەڵکی کوردستان لە ناوەرۆکەکەی ئاگادار نەبن و ڕۆڵییان تێیدا نەبێ، پرۆسەیەک کە تیایدا تاکە نوێنەری کورد، هەر دیلێکی بندەستی لایەنەکەی تری پرۆسەکە بێت، چۆن دەکرێت بە پرۆسەی ئاشتی ناو ببرێت. ئەم بەناو پرۆسەیە بۆسەیە و گەڵاڵەی پیلانێکە لەلایەن داگیرکەرەوە بۆ لەخشتەبردنی شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵێکی شووم و نەزۆکە لەلایەن دوژمنەوە بۆ سڕینەوەی خەونی سەربەخۆیی کوردستان لە دڵی کوردستانیاندا.

ئۆجەلان بەداخەوە ئەوەی لە هەڵوێستەکانی چەند مانگی ڕابردوویدا باسی ناکات مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردە. ئەوەی لای نابێتە پرسیار فۆرمۆڵەکردنی وردی داخوازییە پێشێلکراوە نەتەوایەتییەکانی ئەم گەلەیە لە "گفتوگۆکاندا". ئەوەی ئەمڕۆ بۆ ئۆجەلان گرنگترینە ساڕێژکردنەوەی "برایەتیی هەزارساڵەی کورد و تورکە" و کۆمەڵگەی دێموکراتیکی تورکیی.

هەڵبەت پێویستە لە دۆخی دۆزەخئاسای ئۆجەلان تێ بگەین. ئەو بەشێکی زۆری تەمەنی لە زیندانی تورکاندا و لە ژووری تاکەکەسیی و لە گۆشەگیریی و لەژێر شکنجەی هەمەلایەنەی دوژمندا بردۆتە سەر. ئێمە نازانین فاشیزمی تورکیی و دەمودەزگا هەواڵگرییەکانی تر چ کارگەلێکیان لەسەر ئۆجەلان کردووە. دوور نیە بە دەرمان و شێوازی تریش هەوڵیان دابێ بیرکردنەوە و کەسایەتیی بگۆڕن، بۆیە ئۆجەلانی ئەمڕۆ وەک خۆی ڕەنگە زۆریش جێی ڕەخنە نەبێت، بەهۆی ئەوەی کە تەمەنێکە دیلی دەستی دوژمنێکی تا سەر ئێسقان دژی کورد و فاشیستە. ئەوەی لێرەدا جێی ڕەخنەیە خودی پارتی کرێکارانی کوردستانە کە باری گرانی بەرپرسیارێتییەکی بێسنووری خستۆتە سەر شانی ڕێبەرێکی زیندانیی و ملی داوە بە ستراتیژیی نکۆڵییکردن لە کوردستان وەک جوگرافیایەکی سیاسیی داگیرکراو.

سەبارەت بە گفتوگۆ وپرەنسیپەکانی وتووێژ لەگەڵ دوژمن

ئێمە پێمان وایە کە گفتوگۆ و دانوستان دەکرێ وەک بەشێک لە خەبات و وەک شێوازێکی خەبات لەگەڵ پیسترین دوژمنیش سەیری بکرێت، بەڵام بەر لە چوونە گفتوگۆوە پێویستە دەستی خۆت و دوژمن بخوێنیتەوە، چونکە ئەوە نیازپاکیی نیە کە ئەنجامەکانی گفتوگۆکان دیاری دەکات، بەڵکو ئەوە هێزە کە هاوسەنگیی دیاریی دەکات و دەیسەلمێنێت کێ دەیباتەوە و چی بەدەست دێنێت. کورد لە کۆنەوە وتوویە: مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە. پێڤاژۆی چارەسەری پرسی کوردستان یان هەر پرسێکی تر کە چارەسەرەکەی چووە قۆناغی دانوستاندنەوە، لە پێگەیەکی بەهێز و بە هەڵوێستێکی بەهێز و بە دیپلۆماسییەکی ڕوون و ئاشکرا و سەردەمییانە دەکرێت، نەک بە نهێنیی و لە پشتی پەردەوە و دوور لە بەشداریی خەڵک. تۆ کە بەهێز بوویت و هەڵوێستی نزمت نواند، زۆر لەدەست دەدەیت و کەمت دەست دەکەوێت. ئەم پرۆسەی پێڤاژۆیەی ئێستا، کە لە ڕێی ئۆجەلان و بە نێواندگیریی دەمپارتی لە ئارادایە نەک ئەنجامێکی وەهای نابێ بۆ کورد، بەڵکو تا ئێستاش مایەی بێهوایی خەڵک و کەمبوونەوەی متمانەی خەڵکە بە لایەنی کوردیی. ئەو دیمەنەی کە تۆ لە خۆتی نیشان دەدەیت بە خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکسووتاندن و چارەسەرکردنی برینی برایەتیی کورد و تورک و بە پاشەکشێت لە هەموو ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردستان و هەر چەشنە فۆڕمێکی خۆبەڕێوەبەریی و بە نهێنییهێشتنەوەی ناوەرۆکی گفتوگۆکان و پەراوێزخستنی بەدەنەی ڕێکخراوەکەت و کۆمەڵانی خەڵک لەم گفتوگۆیانەدا، دیمەنی نیگەرانیی و خۆبچووککردنەوە و خۆ لاواز نیشاندانە. ئەمەش لەکاتێکدا کە تۆ بەهێزیت و دوژمنی لاواز لە دەرگەتی داوە و لاوازیی نواندووە، بەڵام ئەو هەموو هەوڵێکی ئەوەیە خۆی گەورە و بەتوانا پیشان بدات و تۆ لەبەرچاوی خەڵکی خۆت بخات. ئەمڕۆکە هەر کەس کەمێک ڕۆژنامەی خوێندبێتەوە و شۆپاندنی دۆخی تورکیەی کردبێت بۆی دەر دەکەوێت، تورکیەی ئەندامی بەهێزی ناتۆ چەندە گرفتارە لە بواری ئابووریی و سیاسیی و تەنانەت چەندە زەلیلە بەدەستی تۆی گەریلاوە و چەندە دەستەوستانە لە هەنبەر پێشڕەوییەکانی کورد لە ئاستی کوردستانی گەورەدا.

سەبارەت بە دۆخی ئەمڕۆی پەکەکە

هەڵبەت ئێمە ئەمەش لەبەر چاو دەگرین، کە پەکەکەش سەرەڕای بەهێزییەکەی گیروگرفتی گەورەی تایبەت بە خۆشی هەیە. تا ئێستا لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی نەبووە کە هێندەی پەکەکە لە ئاستی جیهانییدا بە ناڕەوا خرابێتە ژێر فشاری جۆراوجۆرەوە. پەکەکە ساڵانێکە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی و ناتۆ و یەکیتیی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی ترەوە خراوەتە لیستی ترۆرەوە و هەر ماوەی جارێک یەکێک لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنیەکانی دەبەسترێ و بە ناوێکی ترەوە دەس بەکار دەبێتەوە. سەرەڕای ئەم فشارانە پەکەکە لە گۆڕەپانی خەباتی چەکدارییدا سەردەمییانە خۆی نۆژەن کردۆتەوە و بە تەکنۆلۆژیای جەنگیی سەردەمی درۆن و ژیریی دەسکرد خۆی تەیار کردووە و باس لەوە دەکرێت چەکی تایبەت بە خۆی دروست کردووە.

بێگومان پەکەکە بەم ستراتیژییەی ئەمڕۆی و بەم پرۆسەی بەناو ئاشتیە و بەم بە خوداکردنەی ئۆجەلان و بەم سانسۆرەی کە زاڵە بەسەر مێدیاکانیدا خۆی بەرەو لاوازیی و پاشەکشێ دەبات. مێدیای پەکەکە دەبوو لانی کەم لەسەر ئەم مژاری پێڤاژۆی ئاشتیی و چارەسەرە، کە بەر لەوەی پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەبێت پەیوەندی بە بەرژەوەندیی نیشتیمانیی کوردستانەوە هەیە، ڕێگە بدات دیالۆگێکی چڕوپڕی دێموکراتیک بکرێت و دەنگی جیاوازیش ببیسترێت. یەکێک لە کەموکووڕیەکانی ڕاگەیاندنی ڕەوتی پەکەکە ئەوەیە کە هەمیشە یەکڕەنگ و یەکدەنگە و ڕێگە نادات بۆچوونە جیاوازەکان بخرێنە ڕوو. ئەم ڕەوتە کە میدیاکەی سیمای ڕاستەقینەی خۆیەتی، توانای ئەوەی نیە کە لە ناوڕیزەکانی خۆشیدا وەک پێویستە دیالۆگێکی دێموکراتیک بکرێت. هیرایشی ڕێکخراوەکە لە سەرەوە بۆ خوارەوەیە. لە بانەوە ڕێبەرێکی کارێزمایی هەمیشەیی هەیە و لە خوارەوەتریش ڕێبەرایەتیەکی کارگێڕیی و کار ڕاپەڕێنەر و لە ئاستی هەرە خوارەوەش ئەندامان و گەریلاکانی، کە ڕۆڵێکی وەهایان لە دیاریکردنی سیاسەتی ڕێکخراوەکەدا نیە.

خەڵکی قارەمانی باکووری کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان زۆر بەداخە بۆ ئەم ڕەوشەی لە باکووری کوردستان هاتۆتە ئاراوە. پێویستە خەڵکی باکووری کوردستان لە خۆپیشاندان و مانگرتنی گشتیی گەورەدا خوازیاری ئازادی زیندانیانی سیاسیی بن. خوازیاری ئازادیی ئۆجەلان و دەمیرتاشەکان بن. خوازیاری گشتپرسیی بن بۆ چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان و داوا لە پەکەکە بکەن بەخۆیدا بچێتەوە و داخوازییە سەرەکییەکانی خۆی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ تورکیە بە ڕوونیی بخاتە بەر دەم خەڵک و ڕێگە نەدەن لە پشت پەردەکانی زیندانەوە و لە گفتوگۆ نهێنییەکاندا مامەڵە بە چارەنووسی سیاسیی و نەتەوایەتیی کوردستانەوە بکرێت.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاویی

١٧ی نۆڤەمبری ٢٠٢٥