ئیدانە کردنی پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان و کاولکاریی گوتاری ئەخلاقی-سیاسی و پێویستیی بنیاتنانەوەی یەکڕیزیی هەمەلایەنە لە ڕۆژهەڵات

Yeksani
19-11-2025

کوردستانیانی سەربەرز و هاوڕێیانی خەباتکار و هێزە ئازادیخوازەکان!

پێشهاتەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە، هەر لە پێداچوونەوە ناڕوون و لێڵەکانی پەکەکە بەسەرخۆیدا تا دەگاتە گۆڕانکارییە هەستیار و ژیۆپۆلێتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە دەردەخەن کە پرسی کورد و داهاتووی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر کەوتۆتە بەر ئەندازیاریی سیاسی و گوشاری ئەمنی و هەوڵدان بۆ پێناسەکردنەوەی چەواشەکارانەی ناسنامەی نەتەوەیی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە دەرەوە. ئەو پرۆسانەی کە لە پشت پەردەوە و لە تاریکایی سیاسی و هەواڵنێریدا و بێ ئامادەیی ڕاستەقینەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەگوزەرێن، دەتوانێ دەستکەوتەکانی خەباتی دەیان ساڵەی نەتەوەی کورد بخاتە مەترسیی داڕمان و کاڵبوونەوەی ئاواتەکانمان و تەنانەت دەستبەسەرداگرتنی خەباتی سیاسیی و یەکسانیخوازانەی کوردستان لە لایەن هەلپەرستانی دەوروبەرمان.

لەم هەلومەرجە هەستیارەدا، سروشتییە کە هەر گرژیی و ئاڵۆزیی و تووندوتیژییەکی هزریی یان زارەکیی یان گووتاریی، وێرانکاریی سیاسی یان سووکایەتییەکی بەئەنقەست یان بێمەبەست لەلایەن هەر تاکێک یان هەر بزووتنەوەیەکەوە بێت، تەنیا هەڵەیەکی تاکەکەسیی یان حیزبی نیە، بەڵکو خزمەتێکی نەخوازراویشە بەو پڕۆژانەی کە ئامانجیان شکاندنی ئیرادەی هاوبەشی کورد و لاوازکردنی هێزە سیاسییەکانی کوردستانە.

بڵاوکردنەوەی فایلێکی دەنگیی بەناوی بەرپرسێکی باڵای پژاک کە لەجێگەی ڕەخنەی ڕاستەقینەی سیاسی بە ئەدەبیاتێکی نەشیاو و نابەرپرسانە لەخۆگری ناوەڕۆکێکی دوور لە ئەخلاقی سیاسی و بێڕێزیی بە لایەنەکانی تر و پێشمەرگە "وەک هێمای شۆڕشگێڕیی و خەبات"ـە، نە شتێکی ئەوەندە سووک و ساکارە کە بەبێ سرنج لێی تێپەڕی و نە شیاوی ئەوەشە کە تا ئەوڕادەیە گەورەبێتەوە کە درێژەی هاوکاریی و هاوخەباتیی لە نێوان لایەنەکان بپچڕێنێ. بەڵام لە لایەکی تریشەوە وەڵامدانەوەی ئەم ناحەزیانە نابێت دووبارەبوونەوەی هەمان هەڵە ئەمجارە لە­لایەن پارتە سیاسییەکانی­ تر بێت و ئاگری ئاژاوە لەوەی کە هەیە خۆشتر بکات و دڵخۆشکەری دوژمنانمان بێ.

ئێمە باوەڕمان وایە:

سووکایەتی و وێرانکاریی و زەلیلکردن و ناوزڕاندن نە زمانی سیاسەتی کوردستانە و نە ئەخلاقی خەباتی ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی نەتەوەکەمانە.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوە، شاهیدی زیادبوونی گرژیی و ناکۆکیی سیاسی نێوان حیزبە کوردییەکان بەتایبەتی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە بەرانبەر بە پەژاکین؛ ناکۆکییەک کە دەتوانێت لە بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە و لە کاتێکدا کە دوژمنە مێژووییەکانی نەتەوەکەمان پلانە ستراتیژییەکانیان بۆ سەرکوتکردنی خەباتی نەتەوەیی کورد ڕێکدەخەنەوە، مەترسیدار و زیانبەخش بن.

لێرەدا پێویستە دووبارە و چەندبارە جەخت لەوە بەکەینەوە:

1- دوژمنی ڕاستەقینەی کوردستان لەنێو ئێمەدا نیە، بەڵکو لەدەرەوەی ناسنامە و سنوورە سیاسییەکانمانە.

لە کاتێکدا تورکیا بە کەڵک وەرگرتن لە پڕۆسەی شاراوە و ناشەفاف هەوڵ دەدات لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا و بەناوی "سڕینەوەی تێڕۆڕ" یان "پێڤاژۆی ئاشتی؟"بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو پێناسەی خەباتی باکوور بسڕێتەوە؛

لە کاتێکدا جوگرافیای سیاسی کوردستان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات هێشتا لەژێر گوشاری سەربازی و سیاسی و ئەمنیدایە؛

هەر ناکۆکییەکی ناوخۆیی دەتوانێت ڕێک ئەو بۆشاییە بێت کە زلهێزە ناوچەییەکان و دوژمنانی کوردستان بۆ پێشخستنی ئامانجەکانیان پێویستیان پێیەتی.

2 – حیزبەکانی ڕۆژهەڵات جیاوازیی ئایدیۆلۆژییان هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا چارەنووسی هاوبەشیشیان پێکەوە هەیە.

هیچ حیزب و هێز و لایەنێک، بەبێ ئەوانی تر، توانایی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەوتە گەورەکانی ناوچەیی نیە و هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسیش بە تەنیا ناتوانێت گەل و پێشمەرگە و دەستکەوتەکانی دەیان ساڵەی خەبات بپارێزێت و گوتاری سیاسیی و مانخوازانەمان بە تەنیایی بەرێتە پێش.

3 – هەر چەشنە ناکۆکییەک لەنێوان پارت و لایەنەکان دەبێت لە شێوەی گوتاری سیاسی و ڕەوت و پرەنسیبەکانی ئەخلاقی بەڕێوە بچێت، نەک لە شێوەی وێرانکردن و سوکایەتیکردن و ئاستی نزمی زمانی سەرشەقام.

ڕەخنە مافی هەموو تاک و لایەنێکی سیاسییە؛ بەڵام بێڕێزیکردن بە مێژووی خەباتی سیاسی و پێشمەرگە و شەڕڤانان، یان حیزبە کوردستانییەکان هێڵی سووری خەباتی نەتەوەییە.

4- ئەو هێزەی کە گەلەکەی لە هەموو لایەکەوە لە ژێر گوشاری سیاسی و چەکداریدا بێت لە جێگەی نزیک بوونەوە و دیالۆگی هاوبەش لە هاوخەباتانی تری، ئیزنی دابەشبوون و پەرتەوازەبوونی نیە.

ئەمڕۆ ڕۆژهەڵات پێویستی بە ستراتێژی هاوبەش و پارادایمێکی یەکگرتوو و یەکڕیزیی ئۆپەراسیۆنی هەیە؛

بەڵام ئێستا چیمان دەوێت:

1- ئیدانەکردنی ئاشکرا و توندی سووکایەتی حیزبی و وێرانکاریی سیاسی و گوتاری نابەرپرسانە لەلایەن هەر تاکێک و هەر لایەنەکەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی ڕێکخراوەیی.

٢- ڕاگرتنی دەستبەجێی ناکۆکی میدیایی و زارەکیی لە نێوان حیزب و لایەنەکان.

٣. دروستکردنی کەناڵێکی هاوبەشی گوفتمان لە نێوان لایەنەکاندا، بە سەرپەرشتیی دامەزراوە کوردستانییە بێلایەنەکان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان لایەنەکان بە کەمترین تێچووی سیاسی و حیزبی.

٤. داڕشتنی مانیفێستێکی ئەخلاقی-سیاسی بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵات کە هێڵە سوورەکانی ڕەفتار و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازیی و پێوەرەکانی ڕێزگرتنی یەکتر لە کاتی خەباتی هاوبەش لە دژی دوژمنانمان دیاری دەکات.

٥. پشت بەستن بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی وەک پێوەرێکی سەرەکی بۆ شیکردنەوە و داڕشتنی سیاسەت و هەڵوێستگرتن، نەک کاردانەوەی سۆزداریی بەرامبەر بە قسەی تاکەکان و سۆشیال مێدیا.

پەیامێک بۆ پارت و لایەنەکان

داوا لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، پژاک و هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین:

لەبەرامبەر ڕەوتی ئاڵۆز و هەستیاری ناوخۆی ڕۆژهەڵات و ددان تیژکرنی دوژمنانی کورد و بارودۆخی زۆر هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبری دابەشبوون و دوورکەوتنەوە لە یەکتر، پێویستە سەرلەنوێ بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسیەکان وەرزێکی نوێ لە هاوکاری و هاوخەباتی و هاوگوتاری دەست پێ بکاتەوە.

هیچ مەترسییەک لە "پارچەپارچەبوونی ئیرادەی سیاسیی شۆڕشی کوردستان" گەورەتر نیە و هیچ چەکێک لە هاوخەباتیی و ڕێزگرتنی یەکتر و گوتاری هاوبەش بەهێزتر نیە. میللەتی کورد دەیان ساڵە بە ڕەنج و خوێن و زیندان و دەربەدەریی و بەرخۆدان هەروا لەسەرپێ وەستاوە. ئەم میللەتە شایەنی ئەوە نیە کە بە قسەوباسی دوور لە پرەنسیب و ئەخلاقی سیاسیی هێزە خەباتکارەکانی بریندار بکرێت.

پێویستە ڕابگەیەنین:

ئێمە لەگەڵ ئەوەیکە لایەنگری لە بیر و هزری ڕەخنەگرانەی سیاسی دەکەین، لە هەمان کاتیشدا دژایەتی هەر چەشنە سووکایەتیکردن بەو بەهایانە دەکەین کە لە پێناویدا ڕۆڵەکانمان سەری سەربەرزییان ناوەتەوە؛ ئێمە دژایەتی ناکۆکیی و دابەشبوونی هێزە خەباتکار و ئازادیخوازەکانی کوردستان دەکەین؛ دژایەتی لێبوردەیی و ساویلکەیی هەڤاڵانمان لەگەڵ دوژمنی خوێنڕێژی خەڵکی کوردستان دەکەین.

ئێمە لەگەڵ دیالۆگ و ڕێزگرتنی یەکتر و یەکڕیزیی سیاسی و بنەماکانی خەباتی نەتەوەییین.

ڕێبازی داهاتووی خەباتی ڕزگاریخوازانە و یەکسانییخوازانەی کوردستان بە ڕێگای "ململانێی ناوخۆ"دا تێناپەڕێت. بەڵکو لە ڕێگەی یەکگرتوویی هەمەلایەنە و عەقڵانییەت و بەرپرسیارێتیی و یەکخستنی هێزە سیاسییەکانەوە مسۆگەر دەبێ.

با بە شەپۆلەکانی دەریای یەکگرتووییمان ئەم ئاگرە خۆسووتێنە بۆ هەمیشە بکوژێنینەوە!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاویی / ٢٠ی نۆڤەمبری ٢٠٢٥