پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان

Yeksani
25-11-2025

ژنانی شۆڕشگێڕ و یەکسانییخوازی کوردستان، پێشەنگانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، کۆمەڵانی یەکسانییخوازی خەڵکی کوردستان!

ئەمڕۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنانە. بێگومان توندوتیژیی دژ بە ژنان هەرچەندە دیوی هەرە زەق و دیار و دزێوی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ژنە، بەڵام ئەم ستەمە ئاڵقەیەکی جیانەکراوەیە لە زنجیرەیەکی درێژ لەو ستەمانەی کە لە هەموو بوارە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکاندا لە ژنان دەکرێن. توندوتیژیی فیزیکیی و دەروونیی پیاوسالارانەی دژ بە ژنان، هاوکات توندوتیژییە دژ بە منداڵانی خانەوادەش، بەر لە هەمووان کچانی کەمتەمەن. هاوکات پەروەردەکردنی پیاوسالارانەی کوڕانی خانەوادەیە تا لە دواڕۆژدا دژ بە ژنان و کچانی خانەوادەکەیان ڕێگەی باوک و برا پیاوسالارەکان بگرنە بەر. لە هەمان کاتدا ئەم توندوتیژییە کوشتنی ئیرادە و ناسنامەی یەکسانییخوازانەی کچانە کە لە هەڕەتی منداڵییەوە چاوترسێنکراو و خۆبەکەمزان بار دەهێندرێن.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەو باوەڕەدایە کە خەبات بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ژنان، جیا نیە لە خەباتێکی ڕێکخراو و سیستماتیکی فرە ڕەهەندیی دژ بە کۆی هەموو ئەو ستەمانەی کە بە پاساوی ژنبوونەوە لە نیوەی کۆمەڵگە دەکرێت. وەستانەوە دژ بە توندوتیژیی سەر ژنان جیا نیە لە خەبات بۆ چەسپاندنی یاساگەلێک کە دەبێ پارێزگاریی لە مافەکانی ژنان بکەن. جیا نیە لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی هەڵبژاردن و دیاریکردنی ئازادانەی هاوسەر و مافی بێئەملاوئەولای جیابوونەوە و سەرپەرشتیی منداڵ و مافی یەکسان لە دابەشکردنی میرات و هەموو ئەو مافانەی کە لە سۆنگەی دەسەڵاتی دینیی و پیاوسالارانە و بابمەزنانەوە ژنانی وڵاتی ئێمە لێیان بێبەش و بێبەریین.

ژنانی تێکۆشەر و یەکسانییخوازی کوردستان!

ئێمە خۆمان بە گەشبین و سەربەرز دەزانین کە وا سێ ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشێکی ڕێنسانسئاسا بە پێشەنگایەتیی ئێوەی قارەمان دژ بە کۆماری ئاپارتایدی ڕەگەزیی و دژ بە کۆنەپەرستیی پیاوسالارانە لە ئارادایە. شۆڕشێک کە لە خانەوادە و خوێندنگە و شوێنی کارەوە بگرە تا شەقامی شارەکان پاشەکشەیەکی بەرچاوی بە کۆماری سێدارە و کۆنەپەرستیی و فەرهەنگی کۆنباو کردووە. لە سۆنگەی خەباتی تەوارەکانی کوردستان و خەڵکی یەکسانییخوازەوەیە کە ئەمڕۆکە هێزە بێهێزەکانی گەشتی ئیرشادی بکوژی سەدان ژینا و ئارمیتا و فریشتە و نیکاکانمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش ورەی ئەوەیان نەماوە لە شەقامەکان ڕووبەڕووی ژنانی بێ سەپۆش و باڵاپۆشی ئیسلامیی ببنەوە.

ژنانی پێشەنگی شۆڕش!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ڕێکخراوی سیاسیی ئێوەیە و بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و کۆمەڵگەیەکی یەکسانی دوور لە هەر چەشە هەڵاواردن و چەوساندنەوەیەک تێدەکۆشێت. بۆ ڕزگاری یەکجاریی ژن لە هەموو ئەو کۆتوبەندە یاسایی، سیاسیی، ئابووریی، فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتییانەی کە بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگا چینایەتیەکان، ژنیان کردۆتە هاووڵاتی پلە دوو. ئێمە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک تێدەکۆشین کە تیایدا ژنان هیچ مافێکی کەمتر لە پیاوانیان نەبێت.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ڕێکخراوی سیاسیی ئێوەیە. با بە بەهێزکردنی کۆمەڵەی یەکسانیی، بەرەی یەکسانییخوازیی کوردستان بەهێزتر بکەین. لە خەبات و شۆڕشی یەکسانییخوازانەماندا هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.

نا بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان! نا بۆ نایەکسانیی!

بژی یەکسانیی ژن و پیاو!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٥