چۆن بەشداری ئەم ڕاپەڕینە بکەین؟
ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
01-01-2026
وەک دەزانیین بە ئاوڕدانەوە لە خۆپێشاندانەکانی ڕابردوودا بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا کورد ئەگەر پشتی تێ نەکرابێت، پشتگیرییەکی ئەوتۆشی لێ نەکراوە. ئەم خۆپێشاندانانەی ئێستاش کە لە تارانەوە بەرەوە شارەکانی تر وەڕێ کەوتووە زیاتر بە هۆی شکانی نرخی تمەن لە بەرامبەر دراوەکانی تر، هەڵاوسان و بە گشتی گرفتی ئابوورییە، بەڵام ستەمی بێبڕانەوە و ناکارامەیی و گەندەڵیی سەرانی کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تەنانەت لە شارەکانی ناوەندی ئێرانیش کە زیاتر خەڵکی فارس لێی نیشتەجێن، هەرچەند بە ڕادەی کوردستانیش نەبووە بەڵام کاریگەریی سەرەکییان هەبووە لە دەسپێکی ئەم هەستانەوەیە لە تارانەوە بەرەو شوێنەکانی تر.
پرسیارە گرینگەکە ئەوەیە ئایا کورد دەبێ خۆی بەدوور بگرێت و بایکۆتی ئەم خۆپێشاندانانە بکات؟ بەشداریی چالاکی هەبێت وەک پێشوو یان بە شێوەیەکی سنووردار و بە پێی بارودۆخی خۆی بەشداری بکات؟
بە ڕای من زیانەکانی بایکۆتکردنی شۆڕش بۆ کورد لە بەشدارییکردنی بە تایبەت لە ڕووی ئێعتباری سیاسی و لە بوواری ئەخلاقییشەوە زۆرە، بۆیە لە زۆر ڕووەوە بۆ کورد بایکۆت بژاردەیەکی زۆر خراپە و لە درێژخایەندا کورمانج گوتەنی نەباشە. ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد لە ڕابردووی فێر نەبێت، زۆریش پێویستە، بەڵام بارودۆخی کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەست، بە بەشدارینەکردنی لەم قۆناخەدا هاوسەنگ نابێت، واتە تۆڵەی بەشداریینەکردنی ڕابردووی ئەوانی تری بۆ ناکرێتەوە و ناشبێ ئامانج تۆڵەسەندنەوەی بێدەنگیی ئەوان بێت لە ئاست ستەمی کۆماری ئیسلامی بە بێدنگییەکی هاوشێوە، کە لەسەری دەکەوێت و زۆریش بە زیانیەتی.
ئەی چی بکریت باشە؟
لە ڕوانگەی منەوە کورد پێویستە لەم قۆناخەدا بە خەسارناسییەوە و بە گوێرەی بارودۆخی خۆی بەشداریی ناڕەزایەتیی دژی ڕێژیم بێت. زۆر گرینگە سەرەتا کورد ڕێکخستنی ناوخۆیی و هاوئاهەنگیی خۆی بەتایبەت لە دەرەوە بەهێز بکات. پاشان کەمتێچووترین بژاردە لە سەرەتادا بۆ کورد، بەشداریکردنە لە ڕێی مانگرتنی گشتیی لە کوردستان، لەم ڕێیەوە هەم پشتگیریی خۆمان بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی تاران و شارەکانی تر نیشان داوە و هەم کوردمان لە سەرکوتکران و کوشتار و زیانی زیادی پاراستووە، هاوکات بە هاوپشتیی خۆمان، ئێعتباری سیاسیی خۆمان وەک کورد ڕاگرتووە، بە واتایەکی تر خۆمان لە گۆشەگیریی و پەراوێزبوون لە شۆڕشەکە دوور خستۆتەوە. لەم ناوەدا ئەگەر کار گەیشتە خۆپێشاندان و ڕووبەڕووبوونەوەی شەقامەکان، پێویستە لە دروشمە ئابووریی و سێنفییەکاندا کورد خۆی لە ونکردنی پرسی کورد بەدوور بگرێت و بیری بێت چی ویستووە و چی دەوێت. بەستنەوەی داواکارییە سێنفی و ئابوورییەکان بە زۆرداریی کۆماری ئیسلامی لە ئاست لە نەتەوە و ئێتنییکە بندەستەکان و هەروەها هەڵاواردنی ڕەگەزیی، نەتەوەیی و ناوچەیی و چارەسەرییە ڕیشەییەکان لە سەرتاوە زۆر گرینگن.
هاوکات لە پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی بەناو سەراسەری، پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی کورد بە گشتی جگە لە باسی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی هاووڵاتییبوون، جیاوازییەکانی خۆی وەبیر خەڵک و ئوپۆزیسیۆنی ئێران بێنێتەوە. ئەویش لە ڕێی جیاوازیی داخوازییەکان لە ڕووی مێژووییەوە، سەرکوت و هەڵاواردنەکان لە هەموو بووارێکەوە و پێداگریی لەسەر مافی دیارییکردنی چارەنووس.
هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سەر وە نەتەوە پەراوێزخراوەکانی تر (بەلوچ، عەرەب، تورک و هتد)، داوای هاوپشتیی هەڤدوو لە نەتەوەکانی تر، واتە جۆرێک بەرامبەرایەتی، هەروەها داوای هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بەگشتی لە ژێر ڕووناکیی ئەم خاڵانەی باسیان لێوە کرا زۆر گرینگن.
هیوای ساڵێکی خۆش بۆ هەمووان و ئاواتی تێکشکاندنی داگیرکەران لە هەموو بەشەکانی کوردستان
هیوای سەربەستی و ئازادی کوردستان
ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
١-١-٢٠٢٦