نووسەر و لێکۆڵەر و ڕووناکبیری کوردستانیی، دکتۆر گوڵمراد مرادیی کۆچی دوایی کرد

ناوەندی ڕاگەیاندن
06-01-2026

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە نووسەر و لێکۆڵەر و تێکۆشەری ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دکتۆر گوڵمراد مرادیی دوو ڕۆژ لەمەوپێش لە تەمەنی ٨٤ ساڵییدا لە شاری هایدلبێرگی ئاڵمان کۆچی دوایی کرد.

دکتۆر گوڵمراد مرادیی لە ساڵی ١٣١٩ی هەتاویی لە گوندی چیاکەچەڵی سەرپێڵی زەهاو لە دایک بووە و دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی هایدلبێرگی ئەڵمان بەدەستهێنابوو و وەک مامۆستا لە زانکۆکانی هایدلبێرگ و بریمەن و هامبۆرگ وانەی دەگوتەوە. دکتۆر گوڵمراد مرادیی  وتەبێژی کۆمەڵگەی فەرهەنگی یارسان لە دەرەوەی وڵات و سەرپەرشتیاری ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەنگی ڕەسای گەلی کورد  و یارسانەکانی کوردستان بوو لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا.

دکتۆر گوڵمراد مرادیی خاوەنی دەیان پەڕتووک و سەدان وتارە بە کوردی، فارسی، ئەڵمانی و ئینگلیزی، کە گرنگترینیان بریتین لە بزووتنەوەکانی گەلی کورد: لە هێرشی عەرەبەوە تا کۆماری کوردستان لە مەهاباد (بە زمانی ئەڵمانی)، مێژوو و فەلسەفەی یارسان: لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لەسەر ئایینی ڕەسەنی کوردی، ئەزموونی کۆماری کوردستان لە مەهاباد: لێکۆڵینەوە لەسەر یەکەم دەوڵەتی کوردی، کورتەیەک لە مێژووی ئایینەکان: کە لەلایەن مامۆستا ناسر ڕەزازییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ڕۆمانی چ هەقیقەتێکی تاڵ.

یادی دکتۆر گوڵمراد مرادیی وەک وێژەر و لێکۆڵەر و وەرگێڕ و ڕووناکبیر و تێکۆشەرێکی سیاسیی دیاری کوردستان هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە و بەرهەمەکانی دەبنە چرای ڕێگای خەباتی لاوانی کوردستان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی و یەکسانیی.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هاوبەشی خەمی بنەماڵە و کەسوکاری مامۆستا گوڵمراد مرادیی نەمر و سەرجەم گەلی کوردستانە و سەرەخۆشییان لێ دەکات.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٥ی بەرانباری ١٤٠٤ی هەتاویی/ ٥ی جانیوەری ٢٠٢٦