بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتیی ١٨ی بەفرانبار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانیی ڕاپەڕینی خەڵک و شەرمەزارکردنی خوێنڕێژییەکانی ڕژیم لە ئیلام، کرماشان و لوڕستان

ناوەندی ڕامیاریی
06-01-2026

کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

کرێکاران، زەحمەتکێشان، مامۆستایان، خوێندکاران، پەرستاران، کارمەندان، دوکانداران و شۆفێرانی بەشی گواستنەوە!

هەروەک ئاگادارن، بڵێسەی تووڕەیی و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە ستەم وهەژاریی و دیکتاتۆریی وا پێی ناوەتە دەیەمین ڕۆژی خۆی. تا ئەم ساتە وەختە، زیاتر لە هەشتا شاری ئێران و کوردستان بە ناڕەزایەتییەکانەوە پەیوەست بوونە. لە کاتێکدا داڕمانی ئابووری و بێبایەخبوونی تمەن ژیانی خەڵکی پەک خستووە، کۆماری سێدارە، لەبری وەڵامدانەوەی داخوازییەکان، جارێکی تر زمانی گوللـە وتوندوتیژیی هەڵبژاردۆتەوە.

لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیان کەسیان کوشتووە و هەزاران ڕۆڵەی ئازادیخواز، بریندار و ڕەوانەی زیندانە سامناکەکان کراون. لە تاوانێکی جەرگبڕدا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم لە شاری مەلەکشای کوردستان گۆمی خوێنیان بەرپا کرد و تەنانەت هێرشیان کردە سەر ئەو نەخۆشخانەیەی کە پڕ بوو لە بریندارانی دەستی چەکدارانی ڕژیم؛ تاوانێک کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند و لەلایەن ئەمنێستی ئەنتەرناشناڵ و ڕێکخراو و دامەزراوە جیهانییەکانەوە بە توندی شەرمەزار کراوە.

خەڵکی قارەمانی کوردستان، ژنان و لاوانی پێشەنگی شۆڕش!

ئێستا کاتی ئەوەیە بە مانگرتێکی شکۆداری یەکپارچە، وەڵامی تاوانکارییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ڕژیمی داگیرکەر بدەینەوە.

ئێمە لە ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای لایەنە سیاسیەکانی تری ڕۆژهەڵات، بۆ ڕێزگرتن لەو قارەمانانەی لە تاران، ئیلام، کرماشان و لوڕستان و شوێنەکانی تر سنگیان نایە بەر گوللـە، بۆپشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، بۆ شەرمەزارکردنی تاوانەکانی ڕژیم لە  مەلەکشا، بۆ ئەوەی بە داگیرکەر نیشان بدەین کە ئیلام و کرماشان و لوڕستان بەشێکی دانەبڕاوی جەستەی کوردستانن و بە تەنیا جێیان ناهێڵین، بۆ ناگوتن بە داگیرکاریی و دیکتاتۆریی، هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەواز دەکەین بۆ بەشداریی یەکپارچەیان لە مانگرتنی سەرتاسەریی ١٨ی بەفرانباردا.

با بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و چۆڵکردنی ناوەندەکانی خوێندن و کار، زەنگی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە فاشیستە لێ بدەین! کوردستان هەمیشە سەنگەری ئازادی بووە و ئەمجارەش بە یەکگرتوویی خۆی لە مانگرتنێکی شۆکۆداردا پشتگیریی ڕاپەڕینی خەڵکی ڕاپەڕیو دەکات لە تارانەوە بۆ کرماشان و لوڕستان و ئیلام.

بەهیوای مانگرتنێکی سەرکەوتووانە!

بڕووخێ کۆماری داگیرکەری ئیسلامیی ئێران!

سەرکەوێ هاوخەباتیی خەڵکی کوردستان و ئێران!

سەرکەوتوو بێت مانگرتنی گشتیی کوردستان دژ بە تاوانکارییەکانی کۆماری سێدارە!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویی / ٦ی جانیوەری ٢٠٢٦