پەیامی پیرۆزبایی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی ١٨ی بەفرانبارەوە

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
08-01-2026

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنە و ورمێوە تا کرماشان، ئیلام و لوڕستان، مانگرتنێکی گشتیی شکۆدار و سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو. ئەم مانگرتنە دەربڕینی پشتیوانی و هاوخەباتییەکی بێوێنە بوو لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە ١٢ ڕۆژە شەقامەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان بەدەستەوەیە و قارەمانانە لە بەرانبەر هێزی سەرکوتدا ڕاوەستاون.

لەم ماوەیەدا، ئەگەرچی هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێم بە تەقەی ڕاستەوخۆ دەیان کەسیان لە خەڵکی ڕاپەڕیو کوشتووە و بە هەزارانیان بریندار و ڕاپێچی زیندانە بەدناوەکانیان کردووە، مەلەکشای کوردستانیان خەڵتانی خوێن کردووە و شارەکانیان کردووەتە سەربازگە، بەڵام نەیانتوانیوە بستێک پاشەکشە بە ئیرادەی خەڵکی شۆڕشگێڕ بکەن.

ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی تر بە کۆماری ئیسلامیی و هەموو دەستوپێوەندییەکانی ڕاگەیاند کە ئیستعماری ئیسلامیی ئێران دەبێ کوردستان بەجێ بهێڵێت. ئەم مانگرتنە هاوپشتییەکی مێژوویی بوو بۆ شارەکانی خوارووی کوردستان و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران. ئاشکرایە کە ئەم ڕاپەڕینە لە ئاستی کوردستان و ئێراندا تەواو جەماوەرییە؛ هەر بۆیە ئەگەر مانگرتنێکی گشتیی سەرتاسەریی بە بەشداریی چینی کرێکار و کارمەندانی دەوڵەت، بەتایبەت کرێکارانی کەرتی نەوت بەڕێوە بچێت، دەتوانێت کۆماری ئیسلامیی بە تەواوەتی بەچۆکدا بێنێت.

کۆمەڵانی خەڵکی قارەمانی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی سەرکەوتنی مانگرتنی ١٨ی بەفرانبارەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکات. هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانین لەگەڵ نەتەوەکانی تری وەک بەلووچ و عەرەب لە خوزستان، مانگرتن و خۆپیشاندانی هاوبەش بە دروشمی یەکگرتوو ڕێک بخەین.

ئێمە دڵنیاین کە ئەم ڕاپەڕینە بە گوڕوتینێکی زیاترەوە بەردەوام بەردەوام دەبێت و کۆماری ئیسلامیی جگە لە ڕووخان هیچ چارەنووسێکی تری نیە. زۆر گرنگە ئێمە خەڵکی کوردستان، هەر لە ئێستاوە لەبیری چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سبەی ڕۆژی کوردستان و پاراستنیدا بین.

لە کۆتاییدا داوا لە حەوت لایەنە سیاسییەکەی ئەندامی ناوەندی دیالۆگ دەکەین کە ناوەندە دیالۆگە ساردەکەیان بگۆڕن بۆ ناوەندێکی ڕاستەقینەی هاوکاریی گەرموگوڕ و واز لە سیاسەتی پەراوێزخستنی لایەنەکان، لەوانە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و لایەنە سەربەخۆییخوازەکانی تر بهێنرێت.

بۆ پێشەوە بەرەو پێکهێنانی ناوەندێکی ڕاستەقینەی هاوکاریی بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسیەکان!

بژی یەکگرتوویی و پۆڵایینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران!

بڕوخێ کۆماری سێدارەی ئیسلامیی!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویی / ٨ی جانیوەری ٢٠٢٦