جەللادەکەی جەماران و هەموو سەرانی ڕژیم لە ئایندەیەکی نزیکدا و لە دادگاکانی گەلدا بە سزای تاوانەکانیان دەگەن!
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
13-01-2026
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، جیهان شایەتی دیمەنێکی ترسناک و بێوێنە بوو؛ کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی گەورە، پەردەی ڕەشی بێئینتێرنێتیی بەسەر تەواوی جوگرافیای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشا. ئەم تاریکییە دەستکردە تەنیا بۆ بڕینی پەیوەندییەکان نەبوو، بەڵکو ستراتیژییەکی سەربازیی و ئاسایشیی بوو بۆ ئەوەی دەنگی قوربانییان بە دونیای دەرەوە نەگات و ماشێنی کوشتار بەبێ ترس لە کامێرا و بەڵگەکان، خەڵکی ڕاپەڕیو خەڵتانی خوێن بکات. ئەو تراژیدیایانەی لەم ماوە کورتەدا ڕوویان داوە، کوشتارگەلێکی بەکۆمەڵن کە تیایدا بە هەزاران لە خەڵکی سیڤیل لە خۆپیشاندانەکاندا کۆمەڵکوژ کراون. تاوانگەلێک کە هێشتا ڕەهەندە خوێناوییەکانی بەتەواوی ئاشکرا نەبوونە و لەژێر تەمی سانسۆردا شاراونەتەوە.
ئەم کوشتارە سیستماتیکە تەنیا لە تاران و ناوەندە گەورەکاندا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵکو بەپێی نەریتی هەمیشەیی ئەم دەسەڵاتە، شارەکانی کوردستان پشکی شێری ئەم دڕندەییەیان بەرکەوتووە. لێرەدا دەبێت جیاوازییەکی ورد لە نێوان شێوازی سەرکوت لە ئێران و لە کوردستاندا بکرێت؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامیی لە تاران وەکوو ڕێژیمێکی "فاشیست" مامەڵە دەکات، ئەوا لە کوردستان دەمامکەکەی دەگۆڕێت بۆ "فاشیستێکی داگیرکەر". ئەم دووقاتبوونەوەیەی ستەمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وای کردووە کە هێزە سەرکوتکەرەکان بێبەزەییانەتر پەلاماری خەڵک بدەن، چونکە ئەوان مانەوەی خۆیان لە سڕینەوەی ناسنامەی سیاسیی و فەرهەنگیی ئەم گەلەدا دەبیننەوە.
بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەسەڵاتێک، هەرچەندە خوێنڕێژ و دڕندەش بێت، ناتوانێت بەرگەی لافاوی شۆڕشی ملیۆنیی چەوساوەکان بگرێت. ئەوەی لە ٧ی بەفرانبارەوە دەستی پێ کردووە، تەنیا ناڕەزایەتییەک نیە بۆ چاکسازیی، بەڵکو دەستپێکی کۆتاییهاتنی مێژووی چل و چەند ساڵەی ستەمکارییە. بێگومان ئەم تاوانانەی ئەمڕۆ دەکرێن، درێژکراوەی زنجیرە تاوانەکانی ڕابردوون، لە سێدارەکانی دەیەی شەستەوە تا کوشتارە بەکۆمەڵەکانی ئەمڕۆ یەک سەرچاوەیان هەیە.
ئێمە دڵنیاین کە ڕاپەڕین سەردەکەوێ و جەللادەکەی جەماران و تاوانکارانی سەر بە هەموو باڵەکانی ڕژیم ناتوانن لە دادگای ویژدانی مرۆڤایەتی و دادگای گەل ڕابکەن. ئەو تووڕەییە پەنگخواردووەی کە ئەمڕۆ شەقامەکانی تەنیوە، پەیامێکی ڕوونی پێیە: سەردەمی ترس کۆتایی هاتووە. ئەو تاریکییەی ڕژیم کە هەوڵ دەدات بە بڕینی ئەنتەرنێت و بەستنی هێڵەکانی تەلەفۆن تاوانەکانی تێدا بشارێتەوە، بووە بەو پریشکەی کە ئاگر لە کۆشکی ستەم بەردەدات. بە دڵنیاییەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا، سەرانی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە لە بەردەم دادگاکانی گەلدا وەڵامدەرەوەی دڵۆپ بە دڵۆپی ئەو خوێنانە دەبن کە ڕشتوویانە و چارەنووسیان هەر زبڵدانی مێژوو دەبێت. ڕاپەڕینی ئەمجارە، ڕاپەڕینی کۆتایی و سەرکەوتنی ئیرادەی گەل دەبێت بەسەر فاشیزمدا.
بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی!
سەرکەوێ راپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویی / ١٣ جانیوەری ٢٠٢٦