ڕاگەیەندراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
21-02-2026

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ئازادیخوازانی جیهان!

ڕۆژی ٢١ی فێبریوەری کە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یۆنێسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماک ناسێندراوە، بۆ ئێمەی کوردستانیی تەنیا یادکردنەوەیەکی ڕۆژێکی مێژوویی نیە، بەڵکو ڕۆژی جەختکردنەوەیە لەسەر درێژەدانی خەبات بۆ بەدسهێنانی یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، کە مێژووێکە لەلایەن داگیرکەرانی فاشیستەوە لە کوردستان پێشێل دەکرێت.

داگیرکاریی لە کوردستان تەنیا داگیرکردنی خاک و زەوتکردن و تاڵان و بڕۆی سامانە سرووشتییەکانی نەبووە، بەڵکو پرۆسەیەکی خوێناویی درێژخایەنی فرەڕەهەندە بە ئامانجی داگیرکردنی کوردستان لە ڕێگەی سڕینەوەی فیزیکیی و فەرهەنگیی گەلی کورد و لەناوبردنی دیرۆک و فەرهەنگ و زمانەکەیەوە. بەداخەوە سەرەڕای هەموو قارەمانەتیی و بەرخۆدانێکی گەلی کورد، ئەم پاکتاوی نەتەوایەتییە تا ئەمڕۆش لە سەرتاسەری کوردستان  و بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەر بەردەوامە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیرکاریی فەرهەنگی لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە دەبێ بناغەی کەسایەتیی منداڵ دابڕێژرێت. کاتێک ڕێگری لە منداڵێکی کورد دەکرێت کە لە باخچەی ساوایان و قوتابخانە بە زمانی دایکی بخوێنێت و بدوێت، لە ڕاستیدا جەنگێکی دەروونی دژی شکۆی ئەو منداڵە ڕاگەیەندراوە. داگیرکەر دەیەوێت پەیوەندیی هەستیی منداڵ لەگەڵ جیهانی دایکیی بپچڕێنێت و ناچاری بکات بە زمانی داگیرکەر بیر بکاتەوە.

لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی زانستیی جیهان، پەروەردە بە زمانی دایک بە مافێکی بێ ئەملاو ئەولای مرۆڤ و بە  بناغەی گەشەی هزریی مرۆڤ دەزانن، لە ڕۆژاوای کوردستان داگیرکەریی گەیشتۆتە ئاستێک کە کورد نەک بۆی نەبووە بە زمانی خۆی بخوێنێت، بەڵکو لە ناسنامەیەکی ئاساییش بێبەش کراون و لە وڵاتی خۆیان بە بێگانە لەقەڵەم دراون.

لە باکووری کوردستان، مێژووی زمانی کوردی مێژووێکی تەواو خوێناوییە. لەو بەشەی وڵات نە تەنها خەڵکی ئێمە بۆیان نەبووە بە زمانی خۆیان بخوێنن، بەڵکو نکۆڵیی لە بوونی نەتەوەی کورد کراوە، قسەکردن لە ماڵەوەش بە زمانی کوردی تاوان بووە، ڕێگە نەدراوە یاشار کەمالەکان بە کوردی بنووسن، مووسا عەنتەرەکان گۆڤارێک بە کوردی بڵاو بکەنەوە، یەڵماز گۆناکان فیلمکی کوردی چێ بکەن، عەیشەشانەکان ناچار کراون وڵات جێ بهێڵن تەنیا لەبەر ئەوەی ویستوویانە بە زمانی دایکییان گۆرانی بڵێن. لە تورکیە فاشیزم تەنها سیاسەتێک نەبووە کە لەلایەن دەوڵەت یان حکوومەتێکەوە پەیڕەو کرابێت، بەڵکو لە کۆمەڵگەی تورکییدا فاشیزمی دژ بە کورد ڕیشەیەکی قووڵی کۆمەڵایەتیی هەیە. هێرشی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی تورک بۆ سەر ئەحمەد کایەی نەمر کاتێک لە کۆڕێکی خەڵاتکرانیدا ڕای ڕایگەیاند کە ئەلبوومی داهاتووی بە زمانی کوردی دەبێت، نموونەیەکی زەقی فاشیزمی کۆمەڵایەتییە لەو وڵاتە و ئەم ڕووداوە مشتێکە لە خەروارێک ستەمکاریی. باسی برینی دەرسیم و ڕفاندنی منداڵانی کورد و جیاکردنەوەیان لە خانەوادە و گواستنەوەیان بۆ شارە تورکنشینەکان بۆ ئەوەی زمانی کوردیان بیرچێتەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا باس ناکرێ و دەبێ چەندین پەڕتووکی لەسەر بنووسرێت.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دایکان و باوکانی پەروەردەکار!

بێگومان تاکە چارەسەری بنەڕەتی ئەم پرسەمان، ڕزگاریی لە داگیرکاریی و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی کوردستانە. تا ئەو کاتەی خاوەنی دەسەڵاتی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان نەبین، لەم جیهانە پڕ ستەمکارییەدا زمانەکەمان هەر وا لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی داگیرکەران و کۆنەپەرستاندا دەبێت و دایکانی کورد ناتوانن لە دڵێکی شادەوە و بە لایەلایەکی دوور لە خەم و پەژارە جگەرگۆشەکانیان بخەوێنن.

تەنیا لە سایەی سەربەخۆییدایە کە دەتوانین سیستەمێکی پەروەردەیی مۆدێرن دابڕێژین کە تیایدا مافی بەکارهێنانی زمان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بۆ کورد و هەموو کەمەنەتەوەکانی کوردستانیش وەک هاووڵاتییانی یەکسان پارێزراو بێت.

بێگومان ئێمە ناتوانین تا سەربەخۆیی کوردستان دەست لەسەر دەست دابنێین. پێویستە لە خانەوادەوە تا ڕاگەیاندنی کوردی و نووسەران و هونەرمەندان و سینەماکاران و ... گرنگیی بە زمانەکەمان بدەین و گەشەی پێ بدەین. ئاسانترین کار ئەوەیە کە بە خۆپاراستن لە بەکارهێنانی وشەی بیانی، وشەی کوردی بپارێزین. خۆشبەختانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای فشار و بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامیی، مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی و هونەرمەندان و زانکۆکانی کوردستان و ئەنجوومەنە وێژەییەکان خزمەتێکی جوانی زمانی کوردییان کردووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.

بژی خەبات بۆ پاراستنی زمانی کوردی و گەشەپێدانی!

بژی یەکسانیی و مرۆڤدۆستیی و دادپەروەریی و فرەزمانیی!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢١ی فێبریوەریی ٢٠٢٦

٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاویی