پەیامی پیرۆزبایی پێنج لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

Yeksani
27-02-2026

بەڕێزان ئەندامانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران

سڵاو و ڕێز!

ئێمە وەک پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان) بە بایەخەوە لەم هەنگاوە پیرۆزەتان دەڕوانین  و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، پێشوازی لە دامەزراندنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەکەین و ئەم هەنگاوە گرینگە بە دەستکەوتێکی گەورە و جێگەی هیوا و هومێد بۆ کوردستان دەزانین و ، بەو بۆنەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوە و گشت خەڵکی کوردستان دەکەین.

لەم دۆخە هەستیار و چارەنووسسازە دا، ئەم هەنگاوە وردبینانەیەی ئێوە بە هەوڵێکی تێگەیشتووانە، پێویست و هەنووکەیی دەزانین ، هەنگاوێک لە ڕێگەی پتەوکردنی یەکڕیزیی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان، یەکدەنگیی سیاسی و بەرزکردنەوەی ئاستی کرداری سیاسی و خەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بێگومان هەنگاونان بەرەو کاری هاوبەش و هەماهەنگی ڕێکخراوەیی لە نێوان هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  دەتوانێ ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی نوێ لە هەوڵێکی کاریگەر و بەرپرسیارانە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.

ڕاگەیاندنی دامەزرانتان، بەتایبەتی بە جەختکردنەوە لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد،  ڕەتکردنەوەی هەر جۆرر دیکتاتۆریەتێک، دابینکردنی دێموکڕاسیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی یەکسان، و هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسی و مەدەنییەکانی دیکە، ڕەنگدانەوەی بەشێکی گرنگی داواکارییە مێژووییەکانی نەتەوەکەمانە. ئێمە ئەم ڕێبازە بە ئەرێنی و واقیعی و هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی کوردستان لە پێشهاتەکانی داهاتوودا دەبینین.

بۆیە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی و پشتیوانیی خۆمان لە پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە، پێمان وایە کە لە هەلومەرجی ئێستادا، زیاتر لە هەموو کاتێک، یەکگرتوویی سیاسیی، وتووێژی نێوان ڕەوتەکان و هاوکاریی بە کردەوەی هەموو هێزە سیاسییەکان مەرجی سەرەکیی بەهێزکردنی پێگەی کورد و کوردستان و بزووتنەوەکەی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکە دایە،  هێنانەدی ئەوەش بە بەهێزکردن و فراوانکردنی ئەم هاوپەیمانێتییە دەبێ بە جۆرێک کە هەموو، یا لانی کەم بەشی هەرە زۆری، هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک بەرە و ڕیزدا کۆبکاتەوە. هەر لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزەدا ئێمە ئامادەیی تەواوی خۆمان بۆ گفتوگۆ و هاوکاریی و سەرەنجام هاوسەنگەریی لەم چوارچێوەیەدا ڕادەگەیەنین.

هەروەک خۆتان ئاگادارن ئێمە پێشتریش لە چەندین قۆناغ و دەرفەتدا خەمخۆرانە و دڵسۆزانە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریی لە پێکهێنانی هەر جۆرە پێکهاتەیەک کە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە نیشان داوە، ئێستاش جارێکی دیکە جەخت لەسەر هەمان هەڵوێستی یەکڕیزییخوازانەمان دەکەینەوە و، هەمان ویست و ئامادەیی خۆمان بە هیوایەکی زۆرترەوە دەردەبڕین.

بە بڕوای ئێمە بەردەوامیی و سەرکەوتنی ئەم هاوپەیمانییە پێش هەموو شتێک پەیوەستە بە پەرەپێدانی ڕۆحی گشتگیریی و پێناسەکردنی میکانیزمی ڕوون و دامەزراوەیی و بەرفراوانترکردنی بەشداریی هێزە سیاسییەکان لە کوردستان.هەر بۆیە لەم قۆناغە نوێیەدا، بوونی ئێمە شانبەشانی یەکتر لە سەنگەرێکدا وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو یەکگرتوویی نەتەوەیی و بەهێزترکردنی سەنگ و دەنگی هاوبەشی کوردستان دەزانین؛ دەنگێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی بەرجەستە قورسایی و پێگەی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتووی ئێران و ناوچەکە دا زیاتر بکات.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئەم هەنگاوە گرینگەتان لێدەکەین.

لەگەڵ ڕێز بۆ ئێوە و هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ  کورد و بزووتنەوەی کوردستان.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

پارتی سەربەستیی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان

بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

 

٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ی کوردی

٢٧/٢/٢٠٢٦ی زاینیی