بۆ تێکشکاندنی دەزگای سێدارەی کۆماری ئیسلامی، پێویستمان بە هەنگاوێکی کردەیی جیهانیی هەیە

Yeksani
07-06-2026

ڕێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ، یەکێتییە کرێکارییەکان، خەڵکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز!

 نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، دادگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان!

کوردستانیان و ئێرانیانی دەرەوەی وڵات!

هەروەک ئاگادارن، ئەم دواییانە ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراو و ناوەندە کوردستانیی، ئێرانیی و جیهانییەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیوە. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها لە شەش مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی نزیکەی ٣٠٠ کەسی لەسێدارە داوە، کە لە نێوانیاندا ٨٠ بڕیاری لەسێدارەدان تەنها لە ئایاری ئەمساڵدا جێبەجێ کراون. ئەم ژمارانە تەنها بەشێکی بچووک لە قەبارەی ئەو تاوانە سیستەماتیک و ڕێکخراوە نیشان دەدەن کە ڕژیمی ئێران بۆ تۆقاندن و سەرکوتکردنی کۆمەڵگا بەکاری دەهێنێت. بێگومان بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و ئاشکراکردنی ڕادەی تاوانەکان و دەربڕینی نیگەرانی هەرچەندە گرنگ و پێویستن، بەڵام بە تەنیا ناتوانن بەر بەم هەموو تاوانکارییە سیستماتیکە بگرن. کاتی ئەوە هاتووە بۆ وەستاندنی دەمودەزگای کوشتاری کۆماری سێدارە، ئەم جارە لە ئاستی جیهانییدا هەنگاوێکی کردەیی خێرا بنرێت.

لە سەرهەڵدانی شەڕەوە تا ئەمڕۆ ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەپاڵ کوشتنی دەیان هەزار کەس لە خۆپیشاندەران و زیندانیکردنی ڕەمەکیانەی دەیان هەزار لە خەڵکی بێتاوان، بە بیانیوی سیخووڕیی بۆ وڵاتان و لە پشت پەردەی بڕینی ئەنتەرنێتەوە هەر هاتووە زیادی کردووە. ئامارەکان لەوە دەدوێن کە زۆربەی ئەوانەی ئەم دواییانە لە زیندانەکانی ئێران لەدار دراون زیندانیانی کورد و بلووچ عەرەب و ئازەری و پەنابەرانی بێپەنای ئەفغانیی بوونە.

بێگومان زیندان و شکنجە و کوشتن و لەداردانی زیندانیانی سیاسیی و میلیتاریزەکردنی کۆمەڵگە و درێژەدانی شەڕێک کە کۆماری ترۆر و سێدارە هێناویەتە ناوچەکەوە، هەموویان هەوڵێکن بۆ سەرکوتی خەڵک و ماوەیەکی تر بەپێوەڕاگرتنی کۆماری لەرزۆکی فاشیستی ئیسلامیی. ئەم ڕژیمە پاش دەیان ساڵ لە پەرەپێدانی ترۆریزم و پشتگیریی لایەنە ترۆریستییە ئیسلامییەکان و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی کاروباری وڵاتانی تر، ئەمڕۆکە ئێران و ناوچەکەی ئاوقای شەڕێکی خوێناویی کردووە. شەڕێک کە کۆماری ئیسلامیی وەک شەڕی ٨ ساڵەی لەگەڵ عێراق، بە دیاریی خوداوەندی دەزانێت بۆ سەرکوتی خەڵک و درێژەدان بە تەمەنی نگریسی خۆی، تا بە بیانووی شەڕ و لە مەترسییدابوونی ئاسایشی نیشتمانییەوە بتوانێت هەموو دەنگێکی ناڕازیی لە گەروودا کپ بکات.

بە دەسپێکردنی ئاگربەست و گفتوگۆکانی نێوان ڕژیم و ئەمریکا، گرتن و لەسێدارەدانی خەڵک و تەنانەت کوشتنی چالاکانی مەدەنیی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندا بووە. کوشتنی موجتەبا وەیسی و مەیسەم وەیسی، دوو برای لاو و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی دەڤەری داڵاهۆ، تەنها دوو نموونەی زەقی ئەو تاوانکارییانەن کە لە ٢٨ی مانگی مەی ئەمساڵدا بەڕێوە چوو.

هیچ دوور نییە، ئەگەر ڕژیم لەگەڵ ئەمریکا بگاتە سازان، جینۆسایدێکی گەورەتر لەوەی ساڵانی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق لە زیندانەکاندا وەڕێ بخات. لەو ساڵانەدا، بە وتەی ئایەتوڵڵا حوسێنعەلی مونتەزەری، کە دوای خومەینی بەرزترین دەسەڵاتداری ئێران بوو، ڕژیمی ئیسلامیی بە بڕیاری خومەینی لە ڕێگەی "هەیئەتی مەرگەوە" هەزاران زیندانیی سیاسی لە ماوەی دوو مانگدا کۆمەڵکوژ کرد.

ڕێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ،

نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا،

 دادگا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان!

کوردستانیان و ئێرانیانی دەرەوەی وڵات!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان داواتان لێ دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەم کوشتارانەی کۆماری سێدارە، بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی هەموو ئەوانەی هەموو چرکەیەک لەژێر هەڕەشەی مەرگدان، بۆ لابردن و هەڵوەشاندنەوەی یاسای کوشتن لە ئێران، هەرچی زووتر هەنگاوێکی کردەیی نێودەوڵەتیی بنێن.

هاوکات داوا لە کوردستانیانی دەرەوەی وڵات و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین هاوکار و هاودەنگ بن بۆ پشگیریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و لەقاودانی تاوانکارییەکانی کۆماری سێدارە و وەڕێخستنی هەڵمەتێکی فراوانی جیهانیی لەم پێناوەدا.

نەمان بۆ کۆماری داگیرکەری ئیسلامیی!

نا بۆ لەسێدارەدان و کوشتنی مرۆڤ بە هەموو شێوەکانیەوە!

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٦/٦/٢٠٢٦

١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاویی