ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کوشتنی سیاوەش ئەلەک و وەزیر ڕەحیمی بە توندی شەرمەزار دەکات
Yeksani
04-07-2026
ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، بە درێژایی تەمەنی خۆی، وەک دەوڵەتێکی فاشیستیی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵسوکەوتی کردووە و بۆ سەرکوتی شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان، لە پاڵ جینۆسایدی فەرهەنگیی و سیاسیی و ژینگەییدا، هەموو شێوازەکانی زەبروزەنگ و کوشتنی لە کوردستان بەکار هێناوە؛ لە ڕەشەکوژیی سەر شەقامەکان و لەسێدارەدانی بێ پسانەوە و ترۆر و کۆمەڵکوژییەوە بگرە تا کوشتاری ڕۆژانەی ئەو بێکارانەی کە لە ژێر سێبەری شوومی داگیرکارییدا ناچار بە کاری کۆڵبەری کراون.
بە دەسپێکردنی شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، ڕژیمی ئیسلامیی لە سێبەری خۆشی دەترسێت و بۆ پێشگرتن لە گەشانەوەی ژیلەمۆی خەباتی جەماوەریی، کەشی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ئاستێکی هەرە بەرزدا میلیتاریزە کردووە. بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێرانەی خەڵکیش، هێزێکی زیاتری لە پاستار و بەسیج خزاندووەتە کوردستان و بەتایبەتی، هەوڵ دەدات لە خۆفرۆشانی ناوخۆیی سوود وەرگرێت.
کوشتنی لاوێکی ١٩ ساڵە لە شەقامەکانی مەهاباد بە ناوی سیاوەش ئەلەک، تاوانێک کە لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاویی بە دەستی بەسیج و جاشەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام درا، ئاڵقەیەکی نوێیە لە زنجیرەی تاوانە ڕۆژانەکانی ئەو ڕژیمە کە لە ڕژیمەکانی پێشووی ئێرانەوە بۆی ماوەتەوە. ئەم تاوانکارییە بێ پاساوانە ئەوە دەگەیەنێت کە هەموو چەکدار و کاربەدەست و بەکرێگیراوێکی ئێرانی لە کوردستان پارێزبەندیی یاسایی بۆ کوشتار و وێرانکاری هەیە و هیچ لێپێچانەوە و سزادانێک نایانگرێتەوە.
کوشتنی کاکە سیاوەش لە مەهابادی چوارچرا، سەرەڕای دۆخی زاڵی میلیتاریستی، ناڕەزایەتیی توندی جەماوەریی لێ کەوتەوە. خەڵکی قارەمانی مەهاباد دژ بەم تاوانە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی بەربڵاویان وەڕێ خستووە و بە مانگرتنی گشتیی شار، داخستنی دووکان و بازاڕ و هەروەها بەشداریی بەرفراوانیان لە مەراسمی بەخاکسپاردنی کاک سیاوەشدا، جارێکی دیکە پیشانیان دا کە داگیرکەری ئێرانی لە کوردستان هیچ پێگەیەکی نییە و کوردستان وەک هەمیشە، یەکگرتووانە و سەربەرزانە ڕووبەڕووی داگیرکەران دەبێتەوە.
لە درێژەی هەمان سیاسەتی کوشتن و تۆقاندن بەرەبەیانی ١٢ی پووشپەڕ، لە سنووری شووشمێی دەڤەری نەوسوود، کاک وەزیر ڕەحیمی، کە لە تەمەنی ٥٧ ساڵییدا هەژاری ناچاری کردبوو پەنا بۆ کاری کۆڵبەریی بەرێت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم گیانی لەدەست دا.
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی و تاوانی کوشتنی گیانبەختکردووانمان سیاوەش ئەلەک و وەزیر ڕەحیمی بە توندی شەرمەزار دەکات و خۆی بە هاوخەم و هاوخەباتی بنەماڵە و کەسوکاری ئەم ئازیزانە و هەموو خەڵکی تێکۆشەری مەهاباد و نەوسوود و سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت.
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاویی / ٣ی جولای ٢٠٢٦