ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هێرشە خوێناوییەکەی ئەمڕۆی کۆماری ترۆریستیی ئیسلامیی بۆ سەر لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات

Yeksani
17-07-2026

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کۆماری ترۆریستیی ئیسلامیی بە هاژەک و درۆن هێرشی کردە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناوچەکانی زڕگوێزەڵە و سوورداش لە دەڤەری سلێمانی. بەداخەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا تا ئێستا لە زڕگوێزەڵە ٩ پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە، دووانیش بریندارن و لە هێرشەکەی سوورداشیشدا دوو پێشمەرگە بریندار بوون.

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ئەم هێرشە خوێناوییەی کۆماری ترۆریستیی ئیسلامیی بە توندی شەرمەزار دەکات و هاوخەمیی و هاودەردیی قووڵی خۆی بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هاوسەنگەرانیان دەردەبڕێت.

هاوکات، بە گرنگی دەزانین جەخت لەسەر چەند پرسێکی بنەڕەتی بکەینەوە سەبارەت بە ستراتیژیی خەباتی چەکداری لە ئێستادا و پێویستیی پاراستنی گیانی پێشمەرگە و دانیشتوانی کەمپەکانی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکان لە باشووری کوردستان.

هەرچەندە لە سێ دەیەی ڕابردوودا لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕێکی چەکداریی فراوانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی نەکردووە و تەنانەت لە چوارچێوەی مافی بەرگریی ڕەواشدا زۆرجار وەڵامی هێرشەکانی ڕژیمیان نەداوەتەوە، بەڵام کۆماری ترۆریستیی ئیسلامیی نەک هەر دەستی لە شەڕ و هێرش بۆ سەر ئەو لایەنانە هەڵنەگرتووە، بەڵکو لەو ماوەیەدا بە هێرشە مووشەکیی، درۆنیی و پلانە ترۆریستییەکانی خۆی، سەدان پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگری لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کوشتووە. سەرەڕای ئەو ئەزموونە تاڵەش، ئەو لایەنانە نەیانتوانیوە هێزێکی پێشمەرگەی تۆکمە و باش پەروەردەکراو و ئامادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی سەردەم پێک بهێنن، هەروەها لە دابینکردنی پەناگا، تونێڵ، ئامراز و ئیمکاناتی لۆجیستیکیی پێویست بۆ پاراستنی پێشمەرگە و خانەوادەکانیانیش سەرکەوتوو نەبوون. ئەو کەموکورتییانەش وای کردووە کە پێشمەرگە و خانەوادەکانیان بەردەوام لە ئامانجی هێرشەکانی کۆماری ترۆریستیی ئیسلامیی بن و تەنها لە دوو سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ پێشمەرگە لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەست بدەن.

سەرکەوتنی ئێمە لە یەکێتیی و هاوخەباتیی و بەرخۆدانی ژیرانەماندایە لە هەموو بەرەکانی خەبات بە خەباتی چەکدارانەشەوە. خۆپاراستن و گرنگییدان بە ژیان و گیانی هێزی پێشمەرگە ئەرکی هەرە گرنگی هەموومانە. ئێستا کە ڕژیمی ئیسلامیی لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆ دراوە و لە ئاگری شەڕەنگێزیی خۆیدا دەسووتێت، نیگەرانی جووڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ناوخۆی وڵاتەوە و گەرەکیەتی بەم هێرشانەی بۆ سەر لایەنە سیاسیەکان، خەڵکی ڕۆژهەڵات چاوترسێن بکات.

ئێمە لە ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ جارێکی تر هاوخەمی و هاودەردیی قووڵی خۆمان بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هاوسەنگەرانیان دەردەبڕین.

سڵاو لە گیانی ئازیزانی گیانبەختکردوومان.

نەمان بۆ کۆماری ترۆریستیی ئیسلامیی داگیرکەر.

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی / ١٧ی جولای ٢٠٢٦