بانگەوازێکی بەپەلە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ فریاکەوتنی پەنابەرانی کوردستانیی و ئێرانیی دانیشتووی باشووری کوردستان
Yeksani
09-08-2026
بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان،
د. بەرهەم ساڵح، کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران،
نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤ،
یەکێتیی ئەورووپا،
دەوڵەتانی پەنادەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ،
یەکێتییە کرێکارییەکان و خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست!
ئەمڕۆکە هەزاران پەنابەر و پەناخوازی کوردستانی و ئێرانی دانیشتووی باشووری کوردستان ــ هەرێمی کوردستانی عێراق ــ کە بەهۆی سەرکوتی سیاسی و مەترسیی زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە و کوشتن، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان جێهێشتووە و پەنایان بۆ باشووری کوردستان هێناوە، بەردەوام لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستوپێوەندە عێراقییەکانی ئەو ڕژیمەوە لەژێر هەڕەشەی هەمەلایەنەدان. هاژەکبارانی بێپسانەوە و هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مەترسیی تیرۆر و ڕفاندن و ناردنەوەی زۆرەملێ بۆ ئێران و گەلێک فشاری دیکە وەک بێکاریی و تەنانەت بێماڵیی، دۆخێکی دۆزەخئاسایان بەسەر ئەم خەڵکە بێپەنایەدا سەپاندووە.
بەپێی بەڵگە و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە ساڵانی ڕابردوودا سەدان کەس لە چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بە دەستی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و ئەم تاوانانە تا ئێستاش بەردەوامن. لە شەڕی چل ڕۆژەوە تا ئەمڕۆبەردەوام بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەک هێرش کراوەتە سەر بارەگا و کەمپەکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زیانی گیانی و مادیی زۆری لێکەوتووەتەوە.
لە هەمان کاتدا، ڕێککەوتنە ئاسایشییەکەی ساڵی ٢٠٢٣ی ئێران و عێراق و فشارە بەردەوامەکانی هەردوو لا بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانییەکی قووڵیان لەسەر چارەنووسی ئەم پەنابەر و پەناخوازانە دروست کردووە. لە ژێر کاریگەریی ئەم ڕێککەوتن و فشارانەدا، گوشارە سیاسی و ئاسایشیی و سەربازییەکان بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەنابەر و پەناخوازانی ئەو بەشەی کوردستان بەردەوام زیادیان کردووە.
چاوەڕوانی لە ئێوە ئەوەیە چیتر ڕێگە نەدەن ساتوسەودا و ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان ژیان و گیانی پەنابەران بخاتە مەترسیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ پێشێل بکرێن. پێویستە پرەنسیپی قەدەغەکردنی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەران بە تەواوی ڕێزی لێ بگیرێت. ڕادەستکردنەوەی پەنابەرانی کوردستانی و ئێرانی بۆ ئێران، ژیان و گیانیان دەخاتە مەترسییەکی جدییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە لە ٦ی گەلاوێژی ٢٠٢٦دا بڵاوکراوەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنها لە مانگی پووشپەڕدا ٧١ کەسی لەسێدارە داوە و لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لەسێدارەدرانی ٤٤٤ کەس تۆمار کراوە. کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە مانگی سێی ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٥٦ کەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی لەسێدارە دراون و زیاتر لە سەد زیندانیی دیکەش بە تۆمەتی هاوشێوە لە زیندانەکاندا ڕاگیراون و هەموو ساتێک گیانیان لە مەترسییەکی جدیدایە.
بەتایبەتی، لە د. بەرهەم ساڵح، کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، چاوەڕوانین بە پشتبەستن بە ئەزموون و بەرپرسیارێتیی مرۆڤدۆستانەی خۆی، گرنگییەکی تایبەت بە دۆخی ئەم پەنابەر و پەناخوازانە بدات و بۆ پاراستنی ژیان و شکۆی مرۆییان و گواستنەوەیان بۆ وڵاتێک کە ئاسایش و ژیانیانی تێدا پارێزراو بێت، هەنگاوی بەپەلە و کردەیی بنێت.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیساریای باڵای کاروباری پەنابەران، نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤ، یەکێتیی ئەورووپا، دەوڵەتانی پەنادەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ فریاکەوتن و پاراستنی ئەم پەنابەرانە بەپەلە و بێ دواکەوتن هەنگاوی کردەیی بنێن. ئێمە خوازیارین:
١) لەسەر بنەمای قەدەغەکردنی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەران، هەر جۆرە ڕادەستکردنەوە و گەڕاندنەوەیەکی زۆرەملێی پەنابەر و پەناخوازانی کوردستانیی و ئێرانیی بۆ ئێران دەستبەجێ ڕابگیرێت. کۆمیساریای باڵای کاروباری پەنابەران و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە پەلە دۆخی ئەم پەنابەر و پەناخوازانە هەڵبسەنگێنن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن و هەنگاوی پێویست بۆ گواستنەوەی هەرچی زووتریان بۆ وڵاتانی پەنادەر بنێن. هەروەها داواکارین ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەردەوام چاودێریی دۆخیی ئەو پەنابەرانە بکەن و بەتایبەتی ڕەچاوی دۆخی ناهەمواری ژنان و منداڵانی پەنابەر بکەن.
٢) دەوڵەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی و لە کردەوەدا، تا گواستنەوەی ئەم پەنابەرانە بۆ وڵاتانی سێهەم، ئەرکی پاراستنیان بگرنە ئەستۆ و ڕێگە نەدەن دارودەستە ئیسلامییە عێراقییەکانی گوێلەمستی کۆماری ئیسلامیی ئێران چیتر ژیان و گیانی پەنابەران بخەنە مەترسییەوە.
ئێمە داوا لە ڕێکخراوەکانی ئالیگری مافی مرۆڤ و یەکێتییە کرێکارییەکان و حیزب و ڕێکخراوە پێشکەوتنخوازەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و کوردستانیانی دەرەوەی وڵات و ئێرانیانی ئازادیخواز و هەموو مرۆڤە بەرپرسیار و مرۆڤدۆستەکان دەکەین هاواری ئەم پەنابەرە بێدەرەتانە بن و بۆ دەربازبوونیان لەم دۆخە دژوارە، لە هیچ جۆرە هاوکاریی و پشتیوانییەکیان درێغی نەکەن.
هاوکات، کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ڕوانگەیەکی مرۆڤدۆستانەوە پشتگیریی بانگەوازی «کەمپەینی ڕزگارکردنی پەنابەرانی ئێرانی» دانیشتووی باشووری کوردستان دەکات و دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ داواکاریی ئەوان بۆ پاراستنی گیانی پەنابەران و گواستنەوەی بەپەلەیان بۆ وڵاتانی سێهەم.
نا بۆ ڕادەستکردنەوەی پەنابەران!
نا بۆ تیرۆر و سێدارە!
بەڵێ بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئازادی بۆ پەنابەران!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦