لە ساڵیادی ٢٨ی گەلاوێژدا: ئەزموونەکانی ٤٧ ساڵ بەرخۆدان بکەینە هەوێنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانەی جەماوەریی

Yeksani
18-08-2026

ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز!
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!
خانەوادە و کەسوکاری گیانبەختکردووان!
زیندانیانی سیاسیی بەرخۆدێری کوردستان!

وا ٤٧ ساڵ بەسەر ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوییدا تێدەپەڕێت؛ ئەو ڕۆژەی کە بە فەرمانی جیهادی خومەینی فاشیست هێرشێکی سەرتاسەری بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کرد. ئەو فەتوایە نە ڕووداوێکی لەناکاو بوو و نە دەستپێکی ململا‌نێی کوردستان و ڕژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئیسلامی؛ بەڵکو ئەڵقەیەکی خوێناوی بوو لە پڕۆژەی داگیرکردنەوەی ئیستعمارییانەی کوردستان، سەرکوتی شۆڕشی ١٣٥٧ و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دینی و کۆنەپەرست.

دوای ڕووخانی ڕژیمی شا، هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەستی ئیستعماری ئێرانی دەرچوو و کەوتە دەستی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی. شورا و بنکە و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پێکهاتن، خەڵک بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیاندا کرد و ئازادیی سیاسی، فرەحیزبی و خۆڕێکخستن گەشەیان کرد. کوردستان لەو ماوە کورتەدا نیشانی دا کە دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات.

ڕەوتی ئیسلامیی کە دوای ڕووخانی شا دەسەڵاتی لە ئێراندا بەدەستەوە گرت، لە هەمان سەرەتادا کەوتە سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. پاش سەرکوتکردنی بزووتنەوەکانی تورکمەنسەحرا و خوزستان و هێرش بۆ سەر کرێکاران، خوێندکاران و ژنان، ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد؛ کوردستانێک کە دەسەڵاتی تازەی ئیسلامی نەیتوانیبوو پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ خۆی تێدا دروست بکات. بۆیە بە هێرش بۆ سەر شاری سنە، هەڵگیرساندنی شەڕ لە نەغەدە و چەکدارکردن و پشتگیریکردنی دەرەبەگ و هێزە کۆنەپەرستە ناوخۆییەکان، هەوڵی دا بەرخۆدانی خەڵک بشکێنێت و زەمینە بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان خۆش بکات. ئەم هەنگاوانە دەسپێکی ئەو هێرشە سەرتاسەرییە بوون کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا بە فەتوای جیهادی خومەینی فەرمی کرا.

لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا خومەینی، بە بیانووی بێبنەمای ئەوەی گوایە ژمارەیەک ژنی موسڵمان لە مزگەوتی جامیعی سنە زیندانی کراون، فەرمانی جیهادی بۆ سەر کوردستان ڕاگەیاند. هێزەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران و بەسیج و چەکدارانی سەر بە ڕژیم لە ئاسمان و زەویەوە هێرشیان کردە سەر شار و گوندەکان. دادگا نمایشییە چەندخولەکییەکانی سادق خەڵخاڵی حاکمی شەرع و نێردراوی خومەینی، دەستیان بە تیرباران و لەسێدارەدانی خەڵک کرد. پاوە، مەریوان، سنە، سەقز، مەهاباد، قاڕنێ، قەڵاتان و دەیان شار و گوندی تر بوونە شاهیدی کوشتار، تیرباران، تاڵان و وێرانکاریی.

کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!

ئاوڕدانەوە لە مێژووی ٢٨ی گەلاوێژ تەنها گێڕانەوەی مێژووی کۆمەڵکوژییەکان نییە؛ ئاوڕدانەوە و بەرزنرخاندنی مێژووی بەرخۆدانێکی قارەمانانەشە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پشتگیریی بەربڵاوی کۆمەڵانی خەڵک بەرگرییەکی کەموێنەی کرد و مانگرتن و ڕێپێوانەکان، کۆچی جەماوەریی مەریوان و خۆڕێکخستنی خەڵک نیشانیان دا کە کوردستان ئامادە نییە ملکەچی دەسەڵاتی داگیرکەر بێت. کۆماری ئیسلامی سەرەنجام بە باڵادەستیی سەربازیی کوردستانی داگیر کردەوە، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی کۆمەڵگەی کوردستان تێک بشکێنێت. دوای سێ مانگ هێرش و بەرخۆدان ناچار بوو ئاگربەست ڕابگەیەنێت و بێتە سەر مێزی دانوستان؛ هەرچەند دواتر بە ئامادەکارییەکی نوێیەوە هێرشی خۆی دووبارە کردەوە و جارێکی تر لەگەڵ بەرگریی ژنان و پیاوانی کوردستان ڕووبەڕوو بووەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەو سەردەمە، بەشداریی بەربڵاوی ژنان بوو لە خەباتی سیاسی و جەماوەری و بەرگریی چەکدارانەدا. مەستوورە شاسواری (تەوار)، کادری گەنجی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، یەکێک لەو ژنە ڕچەشکێنانە بوو کە لە بەرگریی سنەدا بەشداری کرد و دوای داگیرکرانەوەی شار دەستگیر و شکنجە کرا و دواتر لە پادگانی سنە بوو بە یەکەم ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە دەستی خوێناویی جەللادانی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر گوللـەباران کرا.

ئەگەرچی ٤٧ ساڵ بەسەر فەتوای جیهادی خومەینیدا تێپەڕیوە و کۆماری داگیرکەری ئیسلامی هێشتا بە هێزی سەربازیی و زەبروزەنگ داگیرکاریی خۆی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا درێژە پێ دەدات، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان تێک بشکێنێت. ئەم ٤٧ ساڵە نیشانی داوە کە داگیرکردنی خاک بە مانای شکاندنی ئیرادەی خەڵک نییە. بێگومان شۆڕشی کوردستان تا گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی، بە شێوە و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.

ئاشکرایە کە ڕێزگرتن لە مێژووی بەرخۆدان نابێت شاردنەوەی هەڵە و کەموکووڕییەکانی خۆمانی لێ بکەوێتەوە. یەکێک لە گرنگترین وانەکانی ١٣٥٨ پرسیاری دەسەڵاتی سیاسییە. دوای ڕووخانی ڕژیمی شا، کاتێک هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتبووە دەستی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی، دەرفەتێکی مێژوویی گرنگ بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان هاتە ئاراوە. شورا و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان هەبوون، خەڵک کاروباری کۆمەڵگەیان بەڕێوە دەبرد و هێزی پێشمەرگەش بەرگریی لە دەستکەوتەکانی شۆڕش دەکرد. بەڵام ئەو دەرفەتە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی بەکار نەهێنرا.

نە چەپی کوردستان و نە باڵی ڕاستی بزووتنەوەی کوردستان پرسیاری دەسەڵاتی سیاسییان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە خستە بەردەم خۆیان. چەپ، سەرەڕای پشتیوانی لە شورا و دەسەڵاتی جەماوەریی، بەهۆی ستراتیژییە ئێرانچییەکەی نەیتوانی بیر لە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سیاسیی تایبەت بە کوردستان بکاتەوە؛ باڵی ڕاستی بزووتنەوەکەش، سەرەڕای ئەزموونی کۆماری کوردستان، نە هەنگاوی بۆ بوژاندنەوەی کۆمار نا و نە تەنانەت دەستی برد بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆجێی کوردستانیی.

کوردستان خەڵکی ڕێکخراو و پێشمەرگە و شورا و ڕێکخراوەی جەماوەریی هەبوو، بەڵام دەسەڵاتێکی سیاسیی کوردستانیی نەبوو کە ئەو هێز و دەستکەوتانە یەکبخاتەوە، بیانپارێزێت و ببێتە نوێنەری ئیرادەی سیاسیی خەڵکی کوردستان. لە هەمان کاتدا بەداخەوە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان نەپارێزرا و دواتر شەڕی ناوخۆیی سەدان قوربانیی لێکەوتەوە. لەمەودوا ئەو ئەزموونە تاڵە دەبێت هێڵێکی سووری هەموومان بێت: ناکۆکیی سیاسی نابێت بە چەک یەکلایی بکرێتەوە و هیچ حیزب و هێزێکی چەکدار نابێت خۆی لەسەرووی بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان ببینێت.

ئەزموونی ٤٧ ساڵە پێمان دەڵێت پاش وەدەرنانی داگیرکەری ئیسلامی لە کوردستان، نابێت بۆشایی دەسەڵاتی ١٣٥٧ دووبارە بێتەوە. دامەزراندنی دەسەڵاتی سیاسیی خەڵکی کوردستان دەبێت لە یەکەم ساتەکانی ڕزگاربووندا ببێتە ئەرکێکی یەکلاکەرەوە؛ دەسەڵاتێک کە لەسەر ئیرادەی خەڵک و ئازادیی سیاسی، فرەحیزبی و یەکسانیی ژن و پیاو و ودادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بنیاد بنرێت.

بێگومان بەردەوامبوونی شۆڕش بۆ خۆی کافیی نیە و ئامانج دەبێت سەرکەوتن و گەیشتن بە ڕزگاری بێت. بۆ ئەمەش پێویستمان بە خەباتێکی فرەڕەهەندیی هەیە لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش. سەربەخۆیی دەبێت لە ئاستی ئاوات و دروشمەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاستی ستراتیژی و بەرنامە. ئەو پاشاگەردانییە ستراتیژییکیەی لەسەر مۆدێلی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات لە ئارادایە یەکێکە لە خاڵە هەرە لاوازەکانی شۆڕشی کوردستان و پێویستە لە ئێستاوە کاری جدی بۆ چارەسەرکردنی بکرێت و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس دەبێ هەموومان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.

لە ٤٧ەمین ساڵیادی ٢٨ی گەلاوێژدا، یادی هەموو گیانبەختکردووانی شۆڕشی کوردستان بەرز ڕادەگرین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیک و یەکسانییخوازانەی جەماوەریی لێبڕاوانە درێژەدەری ڕێبازیان بین.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی
١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ی زایینی