لە خۆبەڕێوەبەرییەوە بۆ ئەنتگراسیۆن؛ چارەنووسی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان
Yeksani
26-08-2026
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز و ئازادیخواز!
٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ ڕۆژێکی ڕەشە لە دیرۆکی سیاسیی کوردستاندا. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژاوای کوردستان دەگوزەرێت، تەنها هەڵوەشاندنەوەی هێزێکی سەربازی بە ناوی «هەسەدە» نییە؛ بەڵکوو پرۆسەیەکی بەرفراوانترە بۆ لەناوبردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێگە سیاسی و ئیدارییەی کە لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا، بە خەبات و قوربانیدانی بێوێنەی خەڵکی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور بنیات نرابوو. هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە تەنها بەشێکە لەم پرۆسەیە؛ پرسە بنەڕەتییەکە چارەنووسی خۆبەڕێوەبەری و داهاتووی سیاسیی گەلی کوردە لەو بەشەی نیشتماندا.
لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەوەی ڕوودەدات نە هەڵەیەکی تاکتیکییە و نە دەرئەنجامی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکانیشە لە ناوچەکەدا؛ بەڵکوو دەرئەنجامی ئاشبەتاڵێکی سیاسی، ستراتیژی و ناسنامەییە کە لە ستراتیژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ڕەوتی پەکەکەدا ساڵانێکە ڕەگی داکوتاوە.
ئێمە پێمان وایە هەسەدە، یەپەگە و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان، سەرەڕای قارەمانێتی و قوربانیدانی هەزاران شەڕڤان و پشتگیریی بەرینی خەڵک، هیچ کات خاوەن بڕیار و ستراتیژییەکی سیاسیی سەربەخۆ لە ڕەوتی پەکەکە و ناوەندی ڕێبەرایەتیی ئۆجەلان نەبوون. ئەمە یەکێکە لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئەو ئەزموونە و کلیلی تێگەیشتنە لەوەی ئەمڕۆ بەسەر ڕۆژاوادا دێت. کێشەکە تەنها لەدەستدانی هێزێکی سەربازی نییە؛ لەدەستدانی دەرفەتێکی مێژوویی و بەخەساردانی دەستکەوتێکە کە بە خوێن و قوربانیدانی هەزاران کەس بەدەست هاتبوو.
کاتێک دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە دیمەشق ڕووخا، هەسەدە هێزێکی ڕێکخراو و بەئەزموون و خاوەن پێگەیەکی بەهێز بوو. دەسەڵات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری لەسەر زەوی هەبوون و لە هەمووی گرنگتر، پشتگیریی بەرینی خەڵکی ڕۆژاوا و بەشەکانی تری کوردستانیان لەپشت بوو.
لە وەها دۆخێکدا، دەبوو مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان ببنە بنەمای هەر دانوستانێک: داننان بە ڕۆژاوای کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی، گەرەنتیی دەستووری بۆ خۆبەڕێوەبردن، زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی و زمانی پەروەردە، و پاراستنی دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش تا گەرەنتیکردنی فەرمیی ئەو مافانە. کۆنفرانسی «یەکڕیزیی کورد» لە قامیشلۆ لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەنگاوێکی گرنگ بوو بەرەو ئەو ئاراستەیە، بەڵام بەداخەوە بڕیار و داواکارییەکانی نەبوونە بنەمای ستراتیژیی کرداریی هەسەدە.
بەداخەوە بەجێی ئەوە، پرۆسەیەک بەرەوپێش برا کە دەرئەنجامەکەی تواندنەوەی هەسەدە و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژاوای کوردستان بوو لە ناو دەوڵەتی سووریای عەرەبی؛ دەوڵەتێک کە ڕێبەرایەتییەکەی لە دەستی کەسانێکدایە کە تا دوێنێ لە ڕێکخراوە ترۆریستییە ئیسلامییەکاندا بوون. دەوڵەتێک کە تا ئەمڕۆش هیچ گەرەنتییەکی ڕوون و پابەندکەریان بۆ مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد نەخستووەتە ڕوو و لە جەوهەریشیدا نیە وەها کارێک بکات.
لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتیی دێتە پێش: کێ مافی ئەوەی هەبوو ئەم بڕیارە چارەنووسسازانە بدات؟ هەڵوەشاندنەوەی هێزێکی سەربەخۆ، لەناوبردنی دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوا پەیوەندییان بە چارەنووسی گەلێک و داهاتووی ملیۆنان مرۆڤەوە هەیە. لانی کەم دەکرا ئەم بڕیارانە لە گشتپرسییەکدا بخرێنە بەردەم خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بڕیار تا لەسەر چارەنووسی و داهاتووی خۆیان بدەن. بەڵام ئەوە نەکرا.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ناو ئەو ڕەوتەدا تا ئاستێک پیرۆز کراوە کە بیرۆکە و ستراتیژییەکانی بە شێوەیەکی ئازاد و ڕەخنەگرانە هەڵناسەنگێندرێن. کاتێک ستراتیژییەک بە بنبەست دەگات یان سیاسەتێک شکست دەهێنێت، بەجێی ئەوەی خودی ستراتیژی و بەرپرسیارێتیی ڕێبەرایەتی بخرێنە ژێر پرسیار، شکستەکان بە هێرش و فشاری دوژمن، گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و سیاسەتی زلهێزەکان پاساویان بۆ دەهێندرێتەوە.
ئاشبەتاڵی ستراتیژی و ناسنامەیی لێرەدا زیاتر خۆی دەردەخات. ڕەوتی پەکەکە ساڵانێکە هەنگاو بە هەنگاو لە خواستی سەربەخۆیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس پاشەکشە دەکات؛ لە سەربەخۆییەوە بۆ ئۆتۆنۆمی، لەوێوە بۆ فیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزم و دواتر بۆ تیۆریی «دیموکراتیزەکردنی» هەمان دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. ئەمە تەنها گۆڕانێکی تاکتیکی لە شێوازی خەباتدا نییە؛ گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە پێناسەی خودی پرسی کوردستان.
لەم ستراتیژییەدا، کوردستان لە پرسێکی سیاسی و نەتەوایەتیی پەیوەست بە خاک و مافی دیاریکردنی چارەنووسەوە دادەبەزێندرێت بۆ «پرسێکی دیموکراسی»؛ مافی گەل دەگۆڕدرێت بە مافی تاک و مافی خۆبەڕێوەبردنی سیاسی جێگای خۆی دەدات بە بەشداریی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا. لەژێر ناوی دیموکراسیخوازی و برایەتیی گەلاندا، کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی لە بەرنامەدا دەسڕێتەوە و پرسی نەتەوایەتیی کورد لە ناو پرسی گشتیی «دیموکراتیزەکردن»دا دەتوێندرێتەوە. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە، لە کردەوەدا خزمەتکردنە بە هەمان پرۆسەی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنێک کە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەیان ساڵە بە شێوەی جۆراوجۆر بەرەوپێشی دەبەن.
دەرئەنجامی ئەم ستراتیژییە ئەمڕۆ لە ڕۆژاوادا بە ڕوونی دەبینرێت. خوێندنی چەند وانەیەکی زمانی کوردی لە ناو سیستەمێکی پەروەردەیی داگیرکەردا بە مانای چارەسەرکردنی پرسی زمانی دایک نییە. مافی زمانی دایک تەنها مافی فێربوونی زمانی کوردی نییە؛ مافی خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردییە، لە بیرکاری و فیزیک و کیمیاوە تا مێژوو و زانستەکانی دیکە. زمان تەنها ئامرازی قسەکردن نییە؛ ئامرازی بیرکردنەوە، زانست، پەروەردە و بەرهەمهێنانی فەرهەنگیشە.
هەروەها، ئەو کوردانەی ڕۆژاوا کە لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش کراون، بێگومان مافیانە لە هەموو مافە مەدەنی و یاساییەکان بەهرەمەند بن. بەڵام بۆ گەلێک کە خاکەکەی دابەش و داگیر کراوە، وەرگرتنی ناسنامە و هاووڵاتیبوونی دەوڵەتی داگیرکەر، ئەگەر لە ناچاریی و بۆ پاراستنی ژیان و مافە ڕۆژانەکان نەبێت، نە دەستکەوتێکی نەتەوایەتییە و نە مایەی شانازیی. نابێت ناچارییەکی مێژوویی بکرێتە دەستکەوتێکی سیاسی و وەک چارەسەری پرسی کوردستان گەورە بکرێتەوە. مافی تاک جێگرەوەی مافی گەل نییە؛ ناسنامەی دەوڵەتی داگیرکەر جێگرەوەی ناسنامەی نەتەوایەتی نییە؛ و هاووڵاتیبوون ناتوانێ جێگرەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بێت.
لەم نێوانەدا، چارەنووسی یەپەژە ــ هێزەکانی پاراستنی ژن ــ و بە گشتی دەستکەوتەکانی ژنان لە ڕۆژاوای کوردستان، پرسیارێکی گەورەی بێوەڵامە. یەپەژە تەنها هێزێکی سەربازی نەبوو؛ کە بوو بە هێمای یەکسانییخوازیی و بەشداریی سەربەخۆی ژنان و یەکێک لە دیارترین و پڕبایەخترین ڕووخسارەکانی ئەزموونی ڕۆژاوا. ئەمڕۆ لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی ئیسلامگەرا لە دیمەشقدا، چارەنووسی ئەو هێزە و گەرەنتیی دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان ڕوون نیە.
ئێمە ڕۆڵی تورکیا، دەوڵەتانی ناوچە و زلهێزە جیهانییەکان لەم دۆخەدا پشتگوێ ناخەین. ڕژیمی فاشیستی تورکیا وەک هەمیشە لە دژی هەر دەستکەوتێکی سیاسیی کورد لە ڕۆژاوا و بە گشتی لە کوردستان وەستاوەتەوە. زلهێزەکانیش جارێکی دیکە نیشانیان داوە کە هاوپەیمانییەکانیان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن، نە بە پێی ماف و چارەنووسی خەڵکی کوردستان. بەڵام هیچ کام لەم فاکتەرانە بەرپرسیارێتیی سیاسیی لەسەر شانی ئەو ڕێبەرایەتییە لانابەن کە دەستکەوتێکی مێژوویی لەبەردەستدا بوو و نەیتوانی بیپارێزێت.
چارەسەری پرسی کوردستان بە سڕینەوەی کوردستان لە بەرنامە سیاسییەکاندا بەدەست نایەت. بە ناساندنی بوونی «کورد» بەبێ داننان بە مافی سیاسی و نەتەوایەتییەکانی، پرسی کوردستان چارەسەر نابێت. چارەسەر لە داننان بە بوونی کوردستان و مافی گەلی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەوە دەست پێ دەکات.
٢٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ تەنها ڕۆژی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە نیە؛ ڕۆژێکە کە دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانەی ئەو ستراتیژییەی کە لەژێر ناوی دیموکراسی و برایەتیی گەلاندا، کوردستان لە بەرنامەی سیاسی خۆی دەسڕێتەوە و دەستکەوتەکانی خەباتێکی چەندین ساڵەی گەلێک دەخاتە مەترسییەوە.
گەلی ئێمە لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێویستە «ئۆجەلانیزم» و ئەو ستراتیژییە بخاتە ژێر ڕەخنەیەکی بنەڕەتی کە کوردستان و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە بەرنامەی سیاسی خۆی دەسڕێتەوە. نابێت ڕێگە بدرێت ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی نەتەوایەتی، ئەمجارە بە ناوی «ئەنتگراسیۆن»، دیموکراسی و برایەتیی گەلانەوە، بەسەر گەلی کوردستاندا بسەپێندرێت.
ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦