کوشتنی سیپان حوزنی؛ دەنگی یەکەم زەنگی هۆشدارییە لە دەرئەنجامە سامناکەکانی پرۆسەی «ئەنتگراسیۆن»

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
11-09-2026

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان! ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز و ئازادیخواز!

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراونەتەوە، سیپان حوزنی نەمر، شەڕڤانی پێشووی هەسەدە و ئەندامی «لیوای حەسەکە»، دوای ڕفاندنی لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە لە دەوروبەری سەرێ کانی، بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراوە و بکەرانی ئەم تاوانە ڤیدیۆی تاوانەکەیان بڵاوکردووەتەوە.

ئێمە ڕفاندن و کوشتنی سیپان حوزنی بە توندی شەرمەزار دەکەین و وێڕای هاوخەمییمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری و خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان، داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە لەسەر ئەم تاوانە دەکەین. لەبەر جێی متمانەنەبوونی دەمودەزگای دادوەریی ڕژیمی ئەبو محەممەد ئەلجۆلانی، پێویستە لێکۆڵینەوەکە بە بەشداریی پارێزەران و یاساناسانی سەربەخۆی ڕۆژاوای کوردستان و لەژێر چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوە بچێت و بکەران و بەرپرسانی ئەم تاوانە بە سزای تاوانەکانیان بگەیەندرێن.

خەڵکی قارەمانی ڕۆژاوای کوردستان!

ئەم ڕووداوە نابێت تەنها وەک تاوانێکی ئاسایی و ئاسایشی سەیر بکرێت. سیپان حوزنی، کە خۆی برای دوو گیانبەختکردووی شۆڕشی ڕۆژاوا بوو، یەکێک بوو لەو شەڕڤانە قارەمانانەی کە ساڵانێک لە ڕیزەکانی یەپەگە و هەسەدەدا خەباتی کردبوو و دواتر، لە چوارچێوەی پرۆسەی سازشکارانە و داگیرکەرپەسندانەی یەکخستن و ئەنتگراسیۆنی هێزەکاندا، لە «لیوای حەسەکە»ی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سووریەدا سازمان درا.

کوژرانی سیپان حوزنی، پرسیارێکی سیاسیی چارەنووسساز دەخاتە بەردەم هەموومان:

گەلۆ چارەنووسی ئەو هەزاران شەڕڤان و کارمەند و بەرپرسانی حکوومەتی خۆسەریی ڕۆژاوای کوردستان و دانیشتوانی ئەو بەشەی کوردستان چی بەسەر دێت کە لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیەدا هێز و دامەزراوەکانیان خراونەتە ناو سیستەمی دەوڵەتی عەرەبی ــ ئیسلامیی سووریە؟ لەمەودوا کێ گەرەنتیی ژیان و ئاسایش و مافە سیاسییەکانی ئەو خەڵکە دەکات؟ بێگومان بەرپرسیارێتیی چارەنووسی ئەم خەڵکە لە ئەستۆی ئەو ڕێبەرایەتییەیە کە بێ گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک، دوودەستەکیی حکوومەتی خۆسەریی دیموکراتیکی ڕۆژاوای کوردستانی ڕادەستی دەسەڵاتی ئەمڕۆی دیمەشق کردووە.

ئێمە لە ڕاگەیاندنی ٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ماندا، کە لەژێر سەردێڕی «لە خۆبەڕێوەبەرییەوە بۆ ئەنتگراسیۆن؛ چارەنووسی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستان»دا بڵاومان کرایەوە، هۆشدارییمان دابوو کە تواندنەوەی هەسەدە و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەریی لە ناو سیستەمی ڕژیمی سووریەدا، بەبێ گەرەنتییەکی ڕوون بۆ مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد، تەنها گۆڕانێکی تەکنیکی یان سەربازی نابێت؛ بەڵکوو مەترسیی دەخاتە سەر ئەو دەستکەوتە بەنرخانەی کە لە یەک دەیەی ڕابردوودا بە خوێنی هەزاران شەڕڤان و سیڤیلی هەموو بەشەکانی کوردستان بەدەست هاتوون.

ئاشکرایە کە کوشتنی سیپان حوزنی ئەو هۆشدارییەی بە شێوەیەکی تراژیدیک هێناوەتە ناو واقیعی ئەمڕۆی ڕۆژاوای کوردستانەوە. ئەو پرۆسەیەی کە بەبێ هیچ گەرەنتییەکی سیاسی و یاسایی و ئاسایشیی، هێز و دامەزراوەکانی ڕۆژاوای کوردستان لە ناو دەسەڵاتی دیمەشقدا دەتوێنێتەوە، ئەمڕۆ خەریکە مەترسییەکانی بەڕوونی بۆ هەمووان دەردەکەون.

ئێمە پێمان وایە کە ئەم ستراتیژییە داگیرکەرپەسندە تەنها ڕۆژاوای کوردستان ناخاتە مەترسییەوە؛ بەڵکو دەتوانێت تێکۆشان و داهاتووی سیاسیی بەشەکانی تری کوردستانیش بخاتە مەترسییەوە. ستراتیژییەک کە لەبری خاوەندارێتی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس و پاراستنی ئیرادە و دەستکەوتە سیاسییەکانی کوردستان، گەلی کوردستان لە نێو دەوڵەتانی داگیرکەردا بتوێنێتەوە، لە هەر بەشێکی کوردستان پەیڕەو بکرێت، دەتوانێت دەرئەنجامی سیاسیی مەترسیداری لێ بکەوێتەوە.

بۆیە کوشتنی سیپان حوزنی گیانبەختکردوومان دەبێت هۆشدارییەکی جیدی بێت بۆ هەموو کوردستان، بەتایبەتی بۆ کوردستانیانی ڕۆژاوا. ڕەخنە لە سیاسەت و هەڵەکانی ڕێبەرایەتیی نابێت ببێتە هۆی دووبەرەکیی و بەریەککەوتنی ناوخۆیی لە نێوان خەڵک و هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستاندا. ئێمە داوا لە ژنان و پیاوان و لاوانی تێکۆشەری ڕۆژاوای قارەمان دەکەین، وێڕای پاراستن و بەهێزکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی و خۆپاراستن لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی ناوخۆیی، لەبەرامبەر پیلانگێڕیی داگیرکەران و هێزە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکاندا یەکگرتوو بن و ڕێگە نەدەن ئەو دەستکەوتانەی بە خوێنی هەزاران ژن و پیاوی نەمرمان بەدەست هاتوون، بەفێڕۆ بچن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاویی

١١ی سپتامبری ٢٠٢٦