٩ گیانبەختکردوو لە کۆبانێ و شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژاوا؛ یەکسانی بانگەوازی هاوپشتیی کوردستانیی دەکات

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی، ڕاگەیەندراوی ژمارە ٢
12-09-2026

لە دوای ڕفاندن و کوشتنی سیپان حوزنی (سامی شێخموس حسۆ)، گەنجێکی کورد و شەڕڤانی پێشووی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک کە دواتر لە «لیوای حەسەکە»دا سازمان درابوو، شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان شار و شارۆچکەکانی ڕۆژاوای کوردستانی گرتووەتەوە.

لە قامیشلۆ، حەسەکە، چلاخا، گرکێ لەگ، تربەسپی، دێرک و دربێسی، هەزاران هاووڵاتی بە ڕێپێوان و گردبوونەوە هاتنە سەر شەقام و کوشتنی هۆڤانەی سیپانیان شەرمەزار کرد. خۆپێشاندەران داوای ئاشکراکردنی تاوانباران، لێکۆڵینەوەی ڕوون و سزادانی بەرپرسانی ئەم تاوانە لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دەکەن.

لە کۆبانێ، مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی سووریە لەگەڵ خۆپێشاندەران دۆخەکەی بەرەو گرژی و خوێنڕێژیی برد. ژمارەیەک گەنج دەستگیر و ڕاپێچی گرتووخانە کران. بەپێی هەواڵ و گێڕانەوەکان، هێزە ئەمنییەکان کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریەوە هێنرابوونە کۆبانێ، لە مامەڵەیان لەگەڵ خەڵک و ناڕازایەتییەکاندا هەڵسوکەوت و گوفتاری هەڕەشەئامیز و توندڕەوانەی ئیسلامییانەیان نیشان داوە؛ بابەتێک کە نیگەرانیی خەڵکی ناوچەکەی زیاتر کردووە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەیە.

کاتێک کە هێزە ئەمنییەکانی سووریە هەوڵیان دا گەنجە دەستگیرکراوەکان بگوازنەوە بۆ حەلەب، گەنجەکان ناڕەزایەتییان نیشان دا و دۆخی نێو گرتووخانەکە ئاڵۆز بوو. دواتر زیندانەکە ئاگری گرت و لە ئەنجامدا ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٧ کەسی دیکە بریندار بوون، کە دۆخی چوار کەسیان سەخت ڕاگەیەندراوە. هەروەها ژمارەیەک لە  گەنجانی دەستگیرکراو بۆ حەلەب گوازراونەتەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کوشتنی سیپان حوزنی و ئەو ڕووداوە خوێناوییانەی بەدوایدا هاتوون بە بەڵگەیەکی دیکەی هەستیاربوونی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ڕۆژاوای کوردستان دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە چارەنووسی گەلی کورد و دەستکەوتەکانی ڕۆژاوا نابێت لە پرۆسەی ئینتێگراسیۆن و ڕێککەوتنە سیاسییەکاندا، بەبێ گەرەنتیی سیاسی و یاسایی، بخرێتە مەترسییەوە. یەکسانی داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانە لە کوشتنی سیپان و هەروەها لە مامەڵە و سەرکوتکارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی سووریە لە کۆبانێ دەکات.

یەکسانی لە هەمان کاتدا پشتیوانیی خۆی لە خرۆشان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژاوای کوردستان ڕادەگەیەنێت و خۆپێشاندان و مانگرتن دەربڕینی ناڕەزایەتیی و داواکردنی دادپەروەریی بە مافی ڕەوا و بێئەملاولای خەڵک دەزانێت.

کوردستانیانی هێژا!

ئەم دۆخە پێویستی بە هاوپشتییەکی فراوان و بەپەلەی کوردستانیی هەیە. بانگەوازی خەڵک ولایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها کوردستانیانی دەرەوەی وڵات دەکەین، هەرچی زووتر بە ڕێکخستنی چالاکیی، گردبوونەوە و خۆپێشاندان، هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خرۆشان و داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان نیشان بدەن و دەنگی ڕۆژاوا بگەیەننە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و ناوەندە پەیوەندیدارەکان.

پاراستنی ماف و ئازادی و دەستکەوتەکانی ڕۆژاوا تەنها ئەرکی خەڵکی ڕۆژاوا نییە؛ ڕۆژاوا بەشێکە لە کوردستان و پشتیوانی لێی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو کوردستانییانە لە ناوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاویی

١٢ی سپتامبری ٢٠٢٦