بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا
بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی
15-09-2026
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!
٢٥ی خەرمانان لە کوردستان ڕۆژی مانگرتنی گشتییە!
بەم مانگرتنە، لە چوارەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، یادی ژینا و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی کوردستان بەرز ڕادەگرین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە ڕێگای خەباتیان تا سەرکەوتن درێژە پێ دەدەین.
ژنانی شۆڕشگێڕ و یەکسانیخوازانی کوردستان!
شۆڕشی ژینا نیشانی داوە کە هێزی ڕاستەقینەی گۆڕان لە یەکگرتن و خۆڕێکخستن و خەباتی جەماوەریی خەڵکدایە. مانگرتنی گشتی یەکێک لە بەهێزترین ئامرازەکانی ئەم خەباتەیە بۆ نیشاندانی هێز و ئیرادەی یەکگرتووی کۆمەڵگە و پێداگری لەسەر ئازادی و یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بانگەواز لە ژنان، کرێکاران، مامۆستایان، کارمەندان، بازاڕیان، خوێندکاران، لاوان و هەموو چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، ١٦ی سپتامبری ٢٠٢٦، بە داخستنی شوێنەکانی کار، بازاڕ، خوێندنگە و زانکۆکان، بەشداریی مانگرتنێکی گشتی و یەکپارچە بکەن.
مانگرتنی گشتی تەنها لە ماڵەوەمانەوە و داخستنی شوێنی کار و بازاڕ نییە؛ بەڵکو هەنگاوێکی یەکگرتووانە و جەماوەرییە بۆ نیشاندانی هێز و ئیرادەی خەڵک و بەهێزکردنی هاوپشتیی و یەکگرتووییمان.
با لە ٢٥ی خەرماناندا جارێکی تر، یەکدەنگ و یەکپارچە، بە مانگرتنی گشتی، هێز و ئیرادەی خۆمان بە داگیرکەری ئیسلامیی نیشان بدەین و جەخت بکەینەوە کە شۆڕشی ژینا زیندووە؛ خەبات بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بە هەنگاوی بەرز بەردەوامە و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ چەسپاندنی یەکسانیی و وەدەرنانی داگیرکەر و بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس بە سەرکوت، زیندان و سێدارە خامۆش ناکرێت.
بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!
بۆ پێشەوە بەرەو مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥ ـ ١٥ی سپتامبری ٢٠٢٦.